مامۆستا مژدە: بە پێی ئایینی ئیسلام داگیرکارییەکانی دەوڵەتی حەرامە

هەڵوێستی چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەرامبەر داگیرکارییەکانی دەوڵەتی تورکی فاشیست تا دێت لە فراوانبووندایە، لەم بارەیەوە مامۆستای ئایینی، مامۆستا مژدە وتی: "داگیرکارییەکانی دەوڵەتی لەسەر خاکەکەمان پێشێلکارییە و خاکمان پێیان حەرامە."

 داگیرکاری و پێشێلکارییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک بۆ سەر باشووری کوردستان بەردەوامە، خەڵکی باشووری کوردستان لە چین و توێژە جیاوازەکان لەم بارەیەوە نیگەرانن و بەردەوام هەڵوێستەکان لە فراوانبووندایە.

 لەبارەی داگیرکارییەکانی دەوڵەتی فاشیستی تورک، مامۆستا مژدە، مامۆستای ئایینی و بەڕێوەبەری ئەوقافی چەمچەماڵ، لە دیدارێکی تایبەتدا قسەی بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) کرد و وتی: "بە پێی ئایینی ئیسلام، هەر سنوربەزاندن و پێشێلکارییەک بەرامبەر بە خاک و سنوری گەل و نەتەوەیەکی تر حەرامە، ئێمە وەک مامۆستایانی ئایینی بەتوندی ئیدانەی ئەم هێرشانە ئەکەین بەرامبەر بە خاکەکەمان، وەک چۆن پێغەمبەرمان دروودی خوای لەسەر بێت لە وتاری ماڵئاواییدا پێی فەرمووین، خاک و شەرف و خوێنتان لەسەر یەکتر حەرامە، هەر بەم شێوەیە خاک و نیشتمانی ئێمەش بە تورکیا و هەر وڵاتێکی تر، کە بیەوێت سنورەکان ببەزێنێت حەرام و ڕێگە پێنەدراوە و جێی قبوڵ نییە."

 ئەم مامۆستا ئاینییە سەبارەت بە بێهەڵوێستی وڵاتانی دەرەوە و بەتایبەت وڵاتە ئیسلامییەکان، پێی وابوو کە کارێکی ناڕەوایە و وتیشی: "وەک چۆن هەر گەلێکی تر، هەر شتێکی بەرامبەر بکرێ، هەموو دنیا لەسەری دێتە وەڵام، ئێمەی کوردیش بەردەوام بەرامبەر بە زووڵم و ستەمی هەموو شوێنێکی تر وەڵاممان هەبووە و ئیدانەی هەموو پێشێلکارییەکمان کردووە، بەڵام لە بەرامبەردا بێهەڵوێستیی و بێدەنگییەکی سەیر لە وڵات و ڕێکخراوە نێونەتەوەییەکان دەبینین، لەبەرامبەر ئەو پێشێلکارییانەی دەوڵەتی تورکیا بەرامبەر خاکەکەمان دەیکات، لە کاتێکا ئەرکی ئەوان وەک برای دینی و وەک برای نیشتیمانی ئەوەیە کە بێدەنگ نەبن، ئەوەتا تورکیا بۆتە هۆی چۆڵکردنی چەندین گوندی هاوسنوری و وایکردووە بانگی نێو مزگەوتەکانی تێدا نەدرێ، کە ئەمە لە ئاینی ئیسلام و یاسا جیهانییەکانیشا پێشێلکارییە، پێویستە هەموو وڵاتان هەڵوێست وەربگرن دەربارەی ئەم پێشێلکارییەی دەوڵەتی تورک بەرامبەر بە خاکی گەلی کورد."

 ئەو مامۆستا ئایینیە باسیشی لەوە کرد کە ئەرکی هەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکە لە چینە جیاوازەکان، یەکبگرن و دژ بەم داگیرکارییە بوەستنەوە و هەڵوێست بنوێنن و وتیشی: "پەیامی من بۆ هەموو لایەنەکان ئەوەیە، ئەم داگیرکارییە لەسەر خاک و شەرەفمان قبوڵ نەکەن و هەمووان بەبێ جیاوازی ڕەنگ و بۆچوون و ئایدیاکانیان دژ بەم داگیرکارییەی تورکیا بووەستنەوە، کە نەک وەک داگیرکاری سەیری ناکا، بەڵکو ئەم سنوربەزێنییە بە هەقی خۆی دەزانێت و هیچ بەهایەکی بەلاوە گرنگ نییە."