ناوەندی ژیان بۆ دەرمانی سروشتی

ناوەندی ژیان بۆ دەرمانی سروشتی، لە ڕۆژئاوای کوردستان لە٨٠%ی نەخۆشیەکانی شەکرە، چەوری خوێن، نەخۆشییەکانی ژنان و گورچیلە چارەسەر دەکات.

ناوەندی ژیان بۆ دەرمانی سروشتی، کە بە سەرپەرشتی دەستەی تەندروستی هەرێمی جزیرە-ی سەر بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕێکخراوە، ساڵی ٢٠١٨ لە چوارچێوەی پێشنیازی کۆنگرەی ستار دامەزراوە.

ئەو ژنانەی کە لە گوندی ژنوار لە عامودا دوای ٢١ ڕۆژ لە ڕاهێنانی سەرەتایی، بەشداری کاری دروستکردنی دەرمانی سروشتی دەبن، سەرەتا بە ناسینی ناوچەکە، ڕووەکەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، فێربوونی چۆنیەتی دروستکردنی دەرمان لە ڕووەک بە گوێرەی پێویستی، دەست پێدەکەن.

ناوەندی ژیان بۆ دەرمانی سروشتی، کە ماوەی ساڵێکە ئامادەکاری دەکات، تیشکی خستوەتەسەر دۆزینەوە، لێکۆڵینەوە، کۆکردنەوە، وشککردن و هەڵگرتنی ڕووەکەکان و بەو جۆرە پرۆژەی بەرھەمھێنان لە باخچەکانی خۆیان گەیاندە ئەنجام. هەروەها بەنیازە تۆو و ڕەگ بەرهەم بهێنێت. ھاوکات بە بەرهەمهێنانی دەرمانی سروشتی، چارەسەر بۆ لە ٨٠%ی نەخۆشییەکانی شەکرە، چەوری خوێن، گورچیلە، ڕیخۆڵە و منداڵدان دۆزیوەتەوە.

ناوەندەکە ھەروەھا دەرمانی سروشتی لە ١٠٨ جۆر ڕووەک، تۆو و بەروبۆمی ئاژەڵی بەرهەم هێناوە.

لە ڕووەکەکان سوود وەردەگیرێت

لە خاکی بەپیتی ڕۆژئاوای کوردستان، زۆر لە جۆرەکانی ڕووەک گەشە دەکەن، بەڵام تا ئێستا سوودێکی ئەوتۆیان لێ وەرنەگیراوە. یەکێک لە ئامانجەکانی ناوەندی ژیان بۆ دەرمانی سروشتی، ڕێگریکردنە لە لەناوچوونی ھەندێک رووەک بە تێپەڕبوونی کات و سودوەرگرتنە لێیان.

ناوەندی ژیان بۆ دەرمانی سروشتی لەسەر داوای کەسەکان دەرمان بەرهەم دەهێنێت و بەرھەمەکانی بە شێوەی کەپسول، زەیت، شروب، مەلھەم و ھتد پێشکەش بە ھاوڵاتیان دەکات. ھاوکات کاری هاوبەشیش لەگەڵ بەشی کشتوکاڵی زانکۆی ڕۆژئاوا ئەنجام دەدات.

لەوبارەشەوە بێریتان حەسەن، لێپرسراوی ناوەندی ژیان بۆ دەرمانی سروشتی وتی: "بۆ چارەسەرکردن بە دەرمانی سروشتی دەتوانین بڵێین گەڕانەوەیە بۆ جەوھەر، هەر ڕووەکێک چەندین تایبەتمەندی هەیە، جەستە بۆ ئەوەی بە هاوسەنگی ئاسایی خۆی بگات، پێویستی بە ماوەیەکی زۆر هەیە. دەبێت بە نەخۆش بوترێت؛ چارەسەری لە ڕێگەی دەرمانی سروشتی، شێوازێکە کە پێویستی بە پشوو درێژی و کات ھەیە.

وتیشی: دەمانەوێت چارەسەری لە ڕێگەی دەرمانی سروشتییەوە لە نێو کۆمەڵگا پەرەپێبدەین و سەرلەنوێ بیناسێنین. ھەروەھا نەوەک کۆتاچارەسەر بەڵکوو وەک چارەسەرێکی دەستپێک لێی بڕوانرێت.

بێریتان حەسەن ئاماژەی بە پێشوازی خەڵک لەو جۆرە چارەسەرە کرد و وتی: زۆرێک لە نەخۆشەکان کە سەردانی ناوەندەکەمان دەکەن، لە سەردانی دواتریان چەندین نەخۆشی دیکە لەگەڵ خۆیان دەهێنن، ئەمەش دەریدەخات کە لە وەرگرتنی چارەسەر بە دەرمانی سروشتی ڕازین. هەر بۆیە خەڵک بە بەردەوامی سەردانی ناوەندەکەمان دەکەن و متمانەیان بە ئێمە هەیە".

'پێویستە لە ڕۆژئاوا دەرمانی خۆمان بەرهەم بهێنین'

بێریتان حەسەن جەختیشیکردەوە، بۆ ئەوەی ڕۆژئاوای کوردستان لە ڕووی چارەسەر و دەرمانەوە پشت بە دەرەوە نەبەستێت، پرۆژەی دروستکردنی دەرمانی سروشتی زۆر گرنگە و وتی: "ئەو دەرمانانەی لە وڵاتانی دەرەوە ھاوردە دەکرێن تا چەند جێی متمانەن؟ ھەروەھا یەکێکی دیکە لە کێشەکان ھاوردەکردنی دەرمانە بە ھۆی ئەوەی ڕۆژئاوا گەمارۆی لەسەرە. کێشەیەکی دیکەش پرسی باجە، کە کێشەیەکی جددیە، یەکێکی دیکە لە هۆکارەکانی دەستپێکردنی ئەم کارە بەھێزکردنی ژێرخانی کەرتی تەندروستییە، دەبێت لە ڕۆژئاوا دەرمانی خۆمان بەرهەم بهێنین، ڕەنگە نەتوانین ھەموو جۆرەکانی دەرمان بەرهەم بهێنین، بەڵام دەبێت بۆ دروستکردنی ئەوانەی لە تواناماندایە ھەوڵ بدەین، دەبێت زانیارییەکانی پێشوو نوێ بکەینەوە، لێکۆڵینەوە بکەین، پێویستە لایەنی زانستی بەھێز بکەین".