پانێلێک بۆ پاراستنی ژینگەی کەرکوک سازکرا

بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشە ژینگەییەکانی شاری کەرکوک، پانێڵێک لەو شارە سازکرا.

جێگەی داخە، رۆژ لە دوای رۆژ ژینگەی كەركوك بەرەو خراپی و بە بیابانبوون دەچێت. ئەویش لە چوار چێوەی ئەو سیاسەتە چەوتەدایە، کە لە پارێزگاكەدا جێبەجێ دەكرێت و بووەتە هۆی نەمانی پانتاییەكی گەورەی سەوزایی و خراپ بوونی دۆخی خزمەتگوزاری لە شارەکە.

لە رابردوودا حكومەتی بەعس پانتاییەكی زۆری سەوزایی و دارودرەختی گوندەكانی دەوروبەری كەركوك لە پشتێنەی سەوزایی دابڕی و بە سوتاندن و تەقاندنەوەو و کاولکاری بەشێكی زۆری کرد بە زەوییەكی بیابانی و بێ رۆح.

لەدوای پرۆسەی ئازادی عێراقیشەوە بەشێكی زۆری لادێكانی كەركوك نەگەڕانەوە سەر کەرکوک و لە چوارچێوەی تەعریبێكی تردا ریگر بوون لە ئاوەدانکردنەوە و بوژاندنەوەی لادێکان، وە بەپێی سەرچاوە ژینگەییەکان کە بڵاوكراوەتەوە رێژەی سەوزایی لە كەركوك لەسەدا دووی تێپەڕنەكردووە، رۆژ لە دوای رۆژ ئەو رێژەیە بەرەو کەمبوونەوەش دەچێت.

هەر سەبارەت بەو بابەتە لە سەنتەری رۆشنبیری شاری کەرکوک، لەلایەن گروپی هۆشیاری پانێڵیک لە ژێرناونیشانی (پاراستنی ژینگەی شارەکەمان ئەرکی هەمووانە) پانێڵێک سازکرا بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەرێک بۆ کێشە ژینگەییەکانی شاری کەرکوک.

محەمەد شەماڵ ڕیکخەری پانێلەکە و لەهەمان کاتدا سەرۆکی گروپی هۆشیار کە گروپێکن کار بۆ باشترکردنی ژینگەی کەرکوک دەکەن لەڕێگەی ڕاگەیاندنی کامپینی ژینگەیی و ئەنجامدانی کۆڕ و سیمینار تایبەت بە ژینگە و چاندنی نەمام لە شارەکەدا، سەبارەت بە پانێڵەکە بە ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "بابەتی ژینگە لە ئێستادا لە کەرکوک گرنگترین بابەتە، چونکە گرێدراوی تەندروستی هەموو تاکەکانی کۆمەڵگایە و کاریگەری لەسەر سیمای شارەکە هەیە، ئێمە وەکو کۆمەڵێک خۆبەخش لەماوەی دوو مانگی ڕابردوو چەندین چالاکی خۆبەخشیمان ئەنجامداوە بۆ چارەسەر کردنی کێشەی ژینگەیی لە کەرکوک، ئەم پانێڵەش کۆتا چالاکی ئەو زنجیرە چالاکییەیە کە ئەنجامانداوە لەپێناو پاراستنی ژینگەی شارەکە."

هەروەها محەمەد شەماڵ ووتیشی: "ئەم پانێڵەمان لە ژێرناونیشانی (پاراستنی ژینگەی شارەکەمان ئەرکی هەمووانە) سازکرد بە ئامانجی ئەوەی هۆشیاری ژینگەپارێزی لەناو هەمووو تاکێکی شارەکە بچەسپێنین کە ئەرکی سەر شانی هەموومانە ژینگەی ئەم شارە بپارێزین."

هەروەها سەبارەت بەدۆخی ژینگەیی کەرکوک ووتیشی: " ئاستی سەوازیی لە کەرکوک کەمترە لە ٢٪ ئەمەش مەترسیەکی گەورەیە، بەهۆی کەڵەکە بووی خۆڵ و خاشاک تەواوی شارەکە داپۆشراوە، هەروەها هەوای شارەکە زۆر پیسبووە بەهۆی ئەو پاشماوە گازیانەی لە ڕێگەی جیاوازەوە بەرهەمدەهێنرێت وەکو ئۆتۆمبیل و کارگەکان."

ناوەرۆکی پانێڵەکە:

لەپانێڵەکەدا میوانداری چوار کەس کرابوو، کە تیایدا ئەو چوار کەسە پێکهاتبوون لە سەرۆکی شارەوانی کەرکوک، مامۆستایەکی ئاینی، چالاکوانی ژینگەپارێز و ڕێکخەری پانێلەکە کە لەهەمان کاتدا سەرۆکی گروپی هۆشیاربوو.

لە پانێلەکەدا سەرەتا لەلایەن محەمەد شەماڵ ڕێکخەری پانێلەکە باس لە گرنگی پاراستنی ژینگە کرا و  هەروەها هەڵسەنگاندن کرا بۆ کێشەکانی پیس بوون و تێکچوونی ژینگەی شارەکە و گفتوگۆ لە بابەتەکە کرا.

 پاشان لەلایەن مامۆستا سامال برزنجی کە مامۆستایەکی ئاینییە، باس  لە ژینگە پارێزی کرا لە سەرچاوە ئاینیەکانەوە و هەروەها باس لە چەندین فەرموودە و ئایەتی قورئانی کرا کە خودا فەرمانی بە پاراستنی ژینگە کردووە، و باس لە تاوانی تێکدانی ژینە لەئاینی ئیسلامیش کرا لەلایەن مامۆستا ساماڵ بەرزنجی.

هەروەها شکۆفە محەمەد کە ژنێکی چالاکوانی ژینگەپارێزە و لە بەشێکی پانێڵەکەدا بابەتێکی بۆ تەرخان کرابوو باسی لە گرنگی هۆشیاری کۆمەڵگا کردەوە بە پاراستنی ژینگەی شارەکە و هەروەها مەترسییەکانی کەمبوونی رێژەی سەوزایی تاوتوێ کرد کە بەشێوەیەک لە شاری کەرکوک کەمتر لە ٢٪ رێژەی سەوزایی لە شارەکەدا هەیە.

لەکۆتایی پانێڵەکەدا ئەندازیار فەرێدون عادل سەرۆکی شاەروانی کەرکوک، ڕوونی کردنەوەیدا لەسەر هۆکاری خراپی دۆخی خزمەتگوزاری لەشارەکە بەشێوەیەک کە خۆڵ و خاشاک تەواوی شاری کەرکوکی تەنیوە و باسی لە هۆکارەکان کرد ووتی: " نزیکەی دوو ساڵە دەناڵێنین بەدەست نەبوونی پارەی پێویست بۆ پاکكردنەوەی شار و نەبوونی پاڵپشتیی وەزارەتی شارەوانی بۆ شارەوانیی كەركوك، تا كۆتایی ٢٠١٩ وەزارەتی شارەوانیی عێراق مانگانە ملیارێك و ٢٠٠ ملیۆن دیناری بۆ پاككردنەوەی شار تەرخان دەكرد، بەڵام ئەوە نزیکەی دوو ساڵە بڕەكەی بۆ ٢٠٠ ملیۆن دینار كەمكردووەتەوە. ئەو بڕە كەمە بەشی پاككردنەوەی تەنیا یەك كەرتی كەركوك دەكات لە كۆی شەش كەرت، ئەوەش بووەتە هۆی كەڵەكەبوونی زبڵ و خاشاك لەناو شار و كۆڵان و شەقامەكان".

شکۆفە محەمەد چالاکوانی بواری ژینگە سەبارەت بە پانێڵەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF) ووتی: "ئێمە ئەمڕۆ وەکو چوار کەسی پسپۆر لەپانێڵەکەدا بەشداربووین کەتیدا باسمان لەو ئاستەنگ و ڕێگرانە کرد کە ژینگەی شارەکەی بەم دۆخە گەیاندووە و هەروەها لەم پانێڵەدا هەوڵمانداوە خەڵکی هۆشیار بکەینەوە ڕێگە چارەیان پیشان بدەین تا بتوانن ژینگەی شارەکەیان بپارێزن، بەهیوای ئەوەی لەداهاتوودا بتوانین بەیەکەوە خزمەتێکی جوان بەم شارە ببەخشین، هەروەها لەرێگەی شارەوانی کەرکوکەوە هەوڵمانداوە بزانین کە چ پلانێک ئامادەبکەین بۆ ساڵی داهاتوو تا شارەکەمان لەم ژینگەیە رزگار بکەین."

ژ.ت