سیاسەتی ئاوی تورکیا: شەڕ و تاڵانکاری

تورکیا لە رێگەی دروستکردنی بەنداو لە سەر رووبارەکانی دیجلە و فورات کێشەی ئاوی بۆ سوریا و عێراق دروست کردووە، لە ناو وڵاتەکەشدا بەنداوەکان وەک شێوازێکی شەڕی تایبەت لە دژی پەکەکە بەکاردەهێنێت.

لەم دۆسیەدا ئێمە بە تایبەتی تیشک دەخەینە سەر ئەوەی کە تورکیا رووبارەکانی دیجلە و فورات بە چ شێوەیەک لە دژی بزوتنەوەی ئازادیی کورد، عێراق و سوریا بەکاردەهێنێت.

دوای شەڕی جیهانی دووەم، بە هەوڵی هاوبەشی هەندێک دەوڵەت لە مێزۆپۆتامیا بۆ دروستکردنی بیناسازی گەورەی ئاو لەسەر رووبارەکانی فورات و دیجلە هەندێک پرۆژەی بچوک کەوتنە بواری جێبەجێ کردنەوە.

دوای ئەوەی لە عێراق و سوریا سەربەخۆیی راگەیەندرا، ئەو وڵاتانە لەو چوارچێوەدا پەیوەندییان لەگەڵ تورکیا سازکرد و لە ساڵی ١٩٤٧دا عێراق رێککەوتنێکی لەگەڵ تورکیا واژۆکرد. بە گوێرەی رێککەوتنەکە کاتێک لە سەر پرسی ئاو و بابەتەکانی دیکە ناکۆکی بێنە ئاراوە پەنا دەبەنە بەر ئەنجومەنی ئاسایشی نێونەتەوەیی. تا ساڵی ١٩٧٠ زۆرینەی بیناسازی لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فورات دروستکران، لەلایەن دەوڵەتەکانی عێراق و سوریاوەبوون. لە ساڵانی ١٩٨٠ بەهۆی دروستکردنی پڕۆژەی گەورە لەلایەن تورکیاوە، کێشە لە نێوان هەرسێ وڵاتەکەدا سەریهەڵدا.

بەنداوە گەورەکانی تورکیا لە چوارچێوەی پڕۆژەی باشوری رۆژهەڵاتی ئانادۆل (گاپ) دەستیپێکرد، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بە تەواوکردنی بەنداوی ئیلیسو کە حەسکیفی خستەژێر ئاوەوە و بەهۆی ئەو پرۆژەیەوە بەردانەوەی ئاو بۆ عێراق و سوریا بە رێژەی لەسەدا ٤٠ کەمیکرد.

تورکیا بە دەستکراوەیی ئەوەی کرد کە ویستی

بە درێژایی ئەو ساڵانە نە عێراق و نە سوریاش لەو بابەتەدا لە بەرامبەر تورکیا نەیانتوانی سیاسەتێکی کاریگەر ببگرنەبەر. لە کۆتاییدا لە ئەنجامی شەڕ و ئەو دۆخەی کە تورکیا لە سوریا راستەوخۆ بووە کاراکتەرێکی شەڕەکە، سیاسەتی ئاوی ئەو ناوچەیەی گۆڕی.

ئەرجان ئایبۆیا لە بزوتنەوەی ئیکۆلۆژی مێزۆپۆتامیا سەبارەت بەو سیاسەتەی ئاو وتارێکی نوسی و بە تایبەتی دەستنیشانی کرد کە ئەو بەنداوانە لەلایەن تورکیاوە وەک چەکێکی سیاسی لە دژی رۆژئاوا بەکارهێنراون. لە ساڵی ٢٠٢٠دا لە بەنداوی تشرین وشکبوون هاتە ئاراوە. هاوسەرۆکی ئەو کاتی ئەنجومەنی سوریای دیموکراتیک ئیلهام ئەحمەد لە ١ی تەمووزی ٢٠٢٠دا لە سەر هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر دیمەنێکی بڵاوکردەوە و ئاماژەی بەوەکرد کە بەنداوەکانی سەر روباری فورات بە چ شێوەیەک بوونە هۆکاری بێ ئاوی لە سوریا. بەڕێوەبەرایەتی بەنداوی تشرینیش رایگەیاند کە لەبەر کەمبوونەوەی بەردانەوەی ئاو لەلایەن تورکیاوە، ناچاربوون کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبا کەمبکەنەوە.

بەشێکە لە سەڕی تایبەت

تورکیا ئەو بەنداوانەی لەسەر رووبارەکانی دیجلە و فورات دروستی کردوون، لە دەرەوەی سنوورەکانی وەک چەکێکی دیپلۆماتیک بەکاریان دەهێنێت. لەلایەکی دیکەشەوە چەم و رووبارەکانی دیکەی ناو وڵاتەکەی وەک کەرستەیەکی شەڕی تایبەت لە دژی پەکەکە بەکاردەهێنێت. تورکیا ئاگرکەوتنەوە، دروستکردنی رێگە و هتد.. وەک بەشێک لە شەڕی تاڵانکردنی ژینگە بەکاردەهێنێت. یەک لە رێبازە سەرەکیەکانی تورکیا دروستکردنی بەنداوە. لە راپۆرتی ساڵی ٢٠٠٧ی بەڕێوەبەرایەتی کاروباری ئاو سەر بە وەزارەتی داستان و ژینگە، ئەو کارەی کە بە وتنی 'ئاسایشی سنوور' ئەنجام دەدرا، بە روونی خستەڕوو: "لە ساڵی ٢٠٠٧ لە چوارچێوەی پرۆژەی توێژینەوەی بەرنامەی وەبەرهێنادا بە پاڵنەری ئاسایشی سنوور ١١ بەنداوی ئاو، پڕۆژەی بەنداو تەندریان بۆکراوە و رێکارەکانیان تەواوبوون.

ئەو پڕۆژانەش بەم جۆرەن: ١. دروستکردنی بەنداوی شڕنەخ-سلۆپی، ٢. دروستکردنی پرۆژەی بەنداوی شڕنەخ، ٣. دروستکردنی بەنداوی شڕنەخ – قلەبان، ٤. دروستکردنی بەنداوی شڕنەخ-بالی، ٥. دروستکردنی پرۆژەی بەنداوی شڕنەخ- کاڤشاکتەپە، ٦. دروسکردنی پڕۆژەی بەنداوی شڕنەخ- موساتەپە، ٧. دروستکردنی پرۆژەی بەنداوی شڕنەخ- چەتینتەپە، ٧. پرۆژەی بەنداوی شڕنەخ- چوجوکتەپە، ٩. دروستکردنی پڕۆژەی بەنداوی جۆلەمێرگ- گۆلگیاماج، ١٠. دروستکردنی بەنداوی جۆلەمێرگ-بەیوردو، ١١. دروستکردنی پڕۆژەی بەنداوی جۆلەمێرگ- ئاسڵانداغی".

ئەو پڕۆژە ئەمنیانە لە سەر سنووری تورکیا-عێراق بە درێژایی ٣٨٠ کیلۆمەتر بۆ رێگری لە جموجۆڵی گەریلاکانی پەکەکە بە زۆری لە سێ هەرێم پلانیان بۆ داڕێژراوە. لە ساڵی ٢٠٠٨ دوای ئەوەی ئەو بەنداوانە کەوتنە رۆژەڤی رای گشتییەوە، یەکێتی ئەندازیاران و تەلارسانی تورکیا لە ساڵی ٢٠٠٩دا لە راپۆرتێکدا رەخنەی لە دروستکردنی ئەو بەنداوانە گرت و بەو هۆیەشەوە گوشاری کۆمەڵایەتی زیاتر بوون. لە ئەنجامی ئەو گوشارانەشدا لە ساڵی ٢٠١٢دا حەوت لەو بەنداوانە لە چوارچێوە و خانەی ئەمنی دەرهێنران و وەک ناوەند و وێستگەی هایدرۆ- ئەلیکتریک پێناسەکران. بەنداوەکان بوونە کۆڵەکەیەکی سیاسەتی گۆڕینی نیشتەجێکردن. تەنیا بەهۆی بەنداوی ئیلیسۆوە هەزار گوند چۆڵکران. گەل ناچار بە کۆچبەری کرا.

هـ . ب