تۆڵەکە ئەو خواردنە کوردەواریەی چەندین سوودی تەندروستی هەیە

تۆڵەکە گیایەکی بەهارییە، لە ڕابردوودا و تا ئێستاش زۆر کات وەک چارەسەری و دەرمان بەکاردێت، لە کلتوری کوردەواریشدا بووەتە جۆرێک لە خواردنە بەهارییە کلتورییەکان.

گیای تۆڵەکە ناوە زانستییەکەی بریتییە لە (MALVA PALTIFLORA)  سەر بە خێزانی Malvaceae و شانشینی ڕووەکەکانە، ئەم جۆرە گیایە لە ئەفریقا و ئەوروپا و ئاسیادا خۆڕسکانە دەڕوێت، ئەم گیایە لە مێرگ و زار و کەناری جانگەڵ و بێشەڵانەکاندا هەیە، لە تیرەی هێرۆیە، گەڵاکەشی لە جۆرە هێرۆیەک دەچێت و گیایەکی عەلەفی و ڕاوەستاوە و داپۆشراوە بۆ تۆز و توکی زبر، گەڵاکانی لە بەرامبەر یەک نین و بەشێوەی پەنجەی دەستن، گەڵاکانی سەوزن و لەناو کاسەی خونچەییداین، میوەکەی بە شێوەی دیسکە و کاتێک پێ دەگات لە گیاکە جیا دەبێتەوە.

لە باشووری کوردستان و بە تایبەت لە ناوچەکانی دەوروبەری سلێمانی، لە بەهاراندا ئەم گیایە بووە بە جۆرێک لە خواردنە بەهارییەکان، ژنان لە سەیرانگا و گرد و تەپۆلکەکاندا کۆیدەکەنەوە و بە چەندین شێواز بۆ خواردن ئامادەی دەکەن.

گەڵای تۆڵەکە، بەکوڵاوی یان سورەوەکراوی لەگەڵ هێلکەدا یان وەک تۆلەکە بەساوەر دەخورێت و سەرچاوەیەکی باشە بۆ ڤیتامین(C) جگە لەمە سەرچاوەیەکی باش دادەنرێت بۆ کالیسیۆم وئاسن.

لەباشووری ئەفەریقادا خووساوەی گەڵاکەی بۆ بەهێزکردنی دەمار بەکاردێت و چای تۆڵهکە(Decoction) بۆ کوشتنی کرمی شریتی و (Taenicide) بۆ شتنی lotion شوێنی خوێن تێزان بەکاردێت. هەروەها گەڵاکانی وەکو شەڵتە یان نوێنمەک بۆ برین و ئاوسان بەکاردێت و تۆوەکەی ٪۱۸ رۆنی تێدایە.

تۆڵەکە دژی هەوکردنە و هەوکردنی سنگ لەناودەبات، چارەسەری قەبزی دەکات و دەبێتە هۆی سکچوون، یارمەتی هەرسکردن دەدات و ڕیخۆڵەکان چالاک دەکات.خواردنی بەشێوەی کوڵاندن میزەڵدان لەژەهراوی بوون دەپارێزێت و کۆکە چارەسەر دەکات، گەدە لەبرینداربوون دەپارێزێت.

دایکانی کورد لە کۆندا بە ئاوی تۆڵەکەیان دەگووت 'حەکیم' و بۆ زۆر کێشەی تەندروستی بەکاریاندەهێنا.

سەرچاوەکان:

بۆردی نوسەرانی ئینسکلۆپیدیای زانیاری

سروشت و تەندروستی / ئامادەکردن: صلاح عبداللە ابراهیم

هـ . ب