تەنها لە دوو مانگدا ٩٠ ئاگر لە کێڵگەی جووتیاران لە گەرمیان کەوتووەتەوە

بەرپرسی بنکەی بەرگریی شارستانیی کەلار رایدەگەیەنێت "تەنها لەم دوو مانگەدا لە گەرمیان ٩٠ رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویداوە و بەوهۆیەشەوە رێژەیەکی زۆری دوغڵ و دانی جوتیاران سووتاوە".

دوێنێ دووشەممە ١٢ی حوزەیرانی ٢٠٢٣،  ئیبراهیم محەمەد بەرپرسی بنکەی بەرگریی شارستانی کەلار لە چاوپێکەوتنێکیدا راگەیاندوە: "لە سەرەتای مانگی پێنجەوە تاوەکو ئێستا ٩٠ رووداوی ئاگرکەوتنەوە روویداوە و بەهۆشیەوە رێژەیەکی زۆری دەغڵ و دانی جوتیارانی سنوورەکە سووتاوە".

ئیبراهیم محەمەد ئەوەی ئاشکرا کرد: "نزیکەی ٧٠ دۆنم گەنم سووتاوە و زیاتریش لە ٢٠٠ دۆنم جاڕ و پوش سووتاون، توانیویشمانە بە دەیان دۆنم دەغڵ و دان و باخی هاوڵاتییان لە سووتان رزگاربکەین".

بۆ پاراستنی زیاتری دەغلی جووتیارانی ناوچەکە، بەرگریی شارستانیی کەلار ڕایگەیاندووە: "کە لە ئێستادا تیمی گەڕۆکمان دەرکردووە بۆ ئەو ناوچانەی کە زۆرتر ئەگەری ئاگرکەوتنەوەی لێیە و تیمەکان هەر لەو ناوچانە دەمێننەوە و لە ئەگەری روودانی هەر رووداوێکی نەخوازراو بە زووترین کات دەگەنە شوێنەکە بۆ کۆنتڕۆڵ کردنی دۆخەکە".

هـ . ب