بەگوێرەی هەواڵێکی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان لە رۆژی دووشەممەی رابردووەوە زنجیرەیەک ئاگرکەوتنەوە دارستانەکانی جوانرۆ و پاوەی لە پارێزگای کرماشان گرتووەتەوە و دامودەزگاکانی دەوڵەتی ئێران هیچ هەوڵێکیان بۆ کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە نەخستووەتەگەڕ.
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ئاگرکەوتنەوەکانی "بەئەنقەست و مەبەستدار" ناودێر کردووە و ئەوەی خستووەتەڕوو کە ئاگرەکە ناوچەکانی وەک نوئێل، لورابی، نوخان و شەسۆڵی جوانرۆ و ناوچەکانی وەک بڵبزان، وشکە و شوشمێی پاوەی گرتووەتەوە و بەخێرایی تەشەنە دەکات و رووبەرێکی فراوان لە لەوەڕگە و دارستانەکانی بەڕووی زاگرۆسی لەناوبردووە.
ئەوەش خراوەتەڕوو، کە هاووڵاتیان و چالاکوانانی ژینگەپارێز بە شێوەی خۆڕسک و بە کەمترین کەل و پەل و پێداویستیەوە لەهەوڵی کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئەو ئاگرە.
دوێنێش کۆمیتەی ئیکۆلۆژی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) لە راگەیەندراوێکدا ئاگرکەوتنەوەکانی بە مەبەستدار و بە ئەنقەست پێناسە کردبوو، داوای لە کۆمەڵانی خەڵک کردبوو خۆیان رێکبخەن و سیاسەتە دژە ژینگەیی دەوڵەتی ئێران پوچەڵ بکەنەوە.
هـ . ب