ده‌رمانی ده‌ردان؛ ڕێواس

ڕێواس كه‌ له‌ وه‌رزی به‌هاردا له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ سه‌خته‌كاندا شین ده‌بێت، ئه‌مساڵیش كه‌وته‌ بازاڕه‌كانه‌وه‌ و ئێستا له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كان ده‌فرۆشرێت.

ڕێواس كه‌ چه‌ندین ڤیتامینی تێدایه‌، له‌ ناوچه‌ شاخاوییه‌ سه‌خته‌كانی كوردستاندا به‌شێوه‌یه‌كی خۆڕسك شین ده‌بێت، ڕێواس سوودی بۆ زۆر نه‌خۆشی وه‌ك شه‌كره‌، ڕیخۆڵه‌، گه‌ده‌ و چه‌ند نه‌خۆشییه‌كی دیكه‌ هه‌یه‌. له‌ باكووری كوردستان سه‌ره‌تا له‌ ناوچه‌كانی شه‌مزینان و چه‌لێ-ی جۆله‌مێرگ شین ده‌بێت، دواتر ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ده‌گرێته‌وه‌. ئه‌و ڕێواسانه‌ی كه‌ له‌ چیاكانی وان و جۆله‌مێرگ شین ده‌بن، له‌ شاری وان و جۆله‌مێرگ ده‌فرۆشرێن.

كیلۆی به‌ ١٠-١٥ لیره‌ی توركییه‌

نرخی كیلۆیه‌ك ڕێواس، له‌نێوان ١٠-١٥ لیره‌ی توركی دایه‌. له‌گه‌ڵ فرۆشتنی ڕێواس، هاوڵاتیان چه‌ندین جۆری دیكه‌ی به‌رهه‌می سرووشتیی وه‌رزی به‌هار ده‌فرۆشن. له‌وانه‌ چه‌ندین جۆری گیا و كنگر. نرخی كیلۆیه‌ك كنگر له‌ شاری وان به‌ ٥ لیره‌ی توركییه‌، نرخی گیا و به‌رهه‌مه‌كانی دیكه‌ش له‌نێوان ٢-١٠ لیره‌ی توركی دایه‌.

ڕێواس سه‌ره‌تا له‌ شه‌مزینان شین بوو

كاسبكارێك به‌ ناوی جه‌لال ئونال ده‌ڵێت: ڕێواسی ئه‌م ساڵ سه‌ره‌تا له‌ شه‌مزینان-ی جۆله‌مێرگ شین بوو. به‌هۆی ئه‌وه‌ی تازه‌ شین بووه‌، نرخه‌كه‌ی زۆره‌. به‌ڵام دوای ماوه‌یه‌ك نرخی داده‌به‌زێت. ده‌شڵێت: ئه‌و كه‌سانه‌ی ڕێواس ده‌فرۆشن بژێوی ژیانی خۆیان و خێزانه‌كه‌یان به‌م شێوه‌یه‌ دابین ده‌كه‌ن.

«ڕێواس ده‌رمانی هه‌موو ده‌ردێكه‌»

دوكاندارێك به‌ ناوی حه‌سه‌ن سه‌یهان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ ئه‌مساڵ له‌ شه‌مزینان زوو به‌هار هاتووه‌ و به‌ گه‌رمبوونی هه‌وا، ڕێواسی لێ شین بوون. ئه‌و دوكانداره‌ ده‌شڵێت: ڕێواس ده‌رمانی هه‌موو ده‌ردێكه‌ و‌ دانیشتوانی وان زۆر حه‌زی لێ ده‌كه‌ن.

«ڕێواس كه‌ له‌سه‌ر عه‌ره‌بانه‌كان داده‌نرێت، ده‌ستبه‌جێ ده‌فرۆشرێت. ساڵانه‌ مانگێك یان دوو مانگ ده‌توانین ڕێواس بفرۆشین، دواتر ته‌واو ده‌بێت. خه‌ڵكی ئێمه‌ ئه‌وه‌ باش ده‌زانن، بۆیه‌ زوو ده‌یكڕن. چ له‌ وان و چ له‌ جۆله‌مێرگ نه‌ك ته‌نیا دانیشتوانی هه‌رێمه‌كه‌، به‌ڵكو گه‌شتیاران و خه‌ڵكی بیانیش ڕێواس ده‌كڕن. هه‌ر بۆیه‌ ڕێواس به‌ مۆزی كوردان ناوده‌برێت.»

s.m