سەفەرێک بۆ ئەو دیو

ئێمە لە سلێمانییەوە بەرەو رۆژهەڵاتى کوردستان بەڕێکەوتین. لە دواى بینیى مەریوان و سنە و چووین بۆ تاران و باکووری ئێران. لە گەشتەکەماندا لە رۆژهەڵاتى کوردستان و ئێران چەند بابەتێکى سەرنجڕاکێشمان بینى...

دەمێک بوو سەفەرکردنم بۆ ئێران، کەوتبوە پلانمەوە بەڵام نازانم بۆ هیج دەرفەتێکم بۆ دروست نەبوو بتوانم هەر لە زووەوە بچم ئەم وڵاتە دەوڵەمەند بە کەلتورو خاک و خەڵکەکەی لە نزیکەوە ببینم، دواتر لەگەڵ یەکێک لە هاورێ نزیکەکانم بڕیارمانداو لە ٢٣-٧-٢٠١٨ لە رێگەی تێرمیناڵی سلێمانی پێنجوێن کەوتینە رێگاو دوای سەعاتێک و بیست دەقە گەیشتینە ناو پێنجوێن، هەر کە گەیشتینە ناو باژێرەکە هەستمان کرد هەواکەی ئەوێ فێنکترە لە سلێمانی، دواتر گەیشتینە گەراجی باشماخ، لە ڕیگەی ئۆتۆمبێلێکی ماندوو بەرێکەوتین بۆ سنوور، هەر لەگەڵ جووڵانی سەیارەکە کاکی شوفێر دەستی بە رەخنەگرتن کرد لە حکومەت و هەردوو پارتی دەسەڵاتدارانی باشوور، زوو دەیگوت ئەمانە لە سەدام خراپتریان بەم میللەتە کردووە.

 دوای ١٠ دەقیقەیەک گەیشتینە سەر سنوور، وتیان بۆ گەیشتن بە دوا خاڵی سەر سنوور پێوستە سواری ئەم سەیارانە ببن، ئیتر هەر بەپەلە جانتاکانمان کۆکردنەوەو سواری سەیارەکە بوون، هەموو رووبەرەکە تەنها ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ مەتر دەبوو، ئیتر گەیشتینە بەردەم دوا خاڵی سنووری هەرێمی کوردستان، دوای چەند دەقەیەک مۆری دەرچوونمان خستە سەر پاسپۆرتەکەو کەوتینە رێگا بۆ خاڵی کۆماری ئیسلامی، تەنها ٥٠ مەترێک ماوەی نێوان پۆلیسی کوردو پۆلیسی ئێرانی هەبوو، لە یەکەم خاڵی گەیشتن کەسێک وەستابوو، سەیری جانتاکانی دەکرد، لە کاتی پشکنینی جانتای کەسێک کە لە پێش من وەستا بوو، قوتویەکی دەرمان رژا ئیتر پۆلیسەکە هەوڵیدا شتەکانی بۆ کۆبکاتەوە، بەڵام کاتێک کە گەشتیارەکە سەیری کرد دەرمانەکە بەشێکن زۆری شتومەکەکانی ناو جانتاکەی پیس کردوە، لەو کاتە ئەوەی جێگای سەرنج بۆ من زمانی کوردی پۆلیسەکە بوو، هەروەها تابلۆکانی رێنمایی کە جگە لە زمانی عەرەبی و فارسی و ئینگلیزی زمانی کوردیش هەبوو.

لە سنوورەوە بەرەو مەریوان رۆیشتین

 دوای سەیرکردنی جانتاکانمان رۆیشتین بۆ کۆنترۆڵی پاسپۆرت، لەوێش پشتی چەند خولەچێک مۆری چوونەژورەوەمان وەرگرت و رۆیشتین بەرەو دەرگای دەرەوە، هەر لەوێ کۆمەڵێک خەڵکمان ڕوبەڕووبونەوە و یەکێک داوای دەکرد تمەنی ئێرانیمان پێ بفرۆشێت، ئەوەی تر داوای دەکرد لەگەڵ ئەوا بڕۆین بۆ مەریوان، بەڵام ئێمە هەوڵماندا بەر لەوەی رازیبین تێبگەین لە بارودۆخەکە، بۆیە بە پێ ماوەیەک رۆیشتین تا گەیشتینە دەرگای دەرەوە، لەوێ شوفێرێکی تەکسی هات بۆ لامان، وتی ئەتوانن لەگەڵ من سەرکەون تا مەریوان، سەیری ئۆتۆمبێلەکانم کرد هەمووی دروستکراوی ئێران بوو، بەڵام دیار بوو کە کوالیتیان باش نەبوو، ئیتر زۆر بە خێرایی جانتاکەمان خستە ناو ئەتۆمبێلەکەو کەوتینە جوڵەو دەستمانکرد بە پرسیارکردن لەسەر بارودۆخو گوزەرانی خەڵک، لە وەڵامدا زۆر بێ هیواو خەمگینانە دەستی بە قسەکردن کرد، وتی لە ژیانی خۆم بەم شێوەیە رەوشی خەڵکم خراپ نەبینیوە، نازانین چی بکەین، چۆن بگوزەرێنین، کار نییە، هەموو رۆژ نرخی تمەنی ئێرانی دەشکێت، ئەم دەوڵەتە دز و گەندەڵە، هاوڵاتیان زۆر بێ هیوان، کە سەیری روخسارم کرد، پارچەیەک بوو لە خەمگینی.

 دواتر لە ناکاو باسی شەڕێکی بۆ کردین کە بەر لە سێ رۆژ روویدابوو لە نزیک مەریوان، باسی لەوەکرد چوار شەو لەمەو بەر هێرشی بارەگایەکی عەسکەری کراوە، نزیکەی ١٥ کەسیان کوژراوەو چەند کەسێکیش بەدیل لەگەڵ خۆیان بردوویانن، منیش پرسیارم کرد کێ لە پشت ئەم چاڵاکییەیە، لە وەڵامدا وتی ئەبێت پەکەکە بن چونکە چاڵاکییەکە زۆر تۆکمە و بە پلان بووە، بۆیە لە کاری ئەوان دەچێت. دواتر گەیشتینە دەریاچەی زرێبار، کە پێدەشتێکی زۆری لەدەروبەری خۆی بە ئاو داپۆشیبوو هەروەها دیمەنێکی جوانی بەخشیبوو بە تەواوی ناوچەکە، فۆکەسی ئێمە هەر لەسەر زرێبار بوو کاتێک وتی ئەوە گەیشتینە مەریوان.

لە مەریوانەوە بەرەو سنە

 مەریوان شارێکی زۆز دڵگیرو هێمن دەهاتە بەرچاو، بەڵام لەهەمان کات زۆر خەمبار دیاربوو، هەر کە گەیشتین چووین بۆ مارکێتێک بەمەبەستی کڕینی سیمکارتی ئێرانی، دوو سیمکارتمان کڕی بە نۆ دۆلار کە پارەی مانگێک قسەکردن و ئینتەرنێت تێدابوو، دواتر ڕۆیشتین بۆ تێرمیناڵی سنە مەریوان، هەر کە گەیشتینە بەردەم دەرگاکە، کۆمەلێک خەڵک لێمان نزیک بوونەوە و وتیان ئەگەر ئەڕۆن بۆ سنە لەگەڵ ئێمە وەرن بە نرخێکی باش دەتان بەین، لە ژوورەوە بە ١٠٠ تومەن دەتان بەن ئێمە تەنها بە داوای ٦٠ تمەن دەکەین، دواتر لەگەڵ یەکێک لە شوفێرەکان رێکەوتین کە بە ٦٠ تمەن تا سنە بمان گەینێت، لە رێگا جارێکی تر لەگەڵ شوفێرەکە کەوتینە گفتوگۆ، بەڵام ئەم جارە رێگاکە زۆر درێژ تر بوو بۆیە دەرفەتی قسەکردمان زیاتر بوو، شوفێرەکە باسی لەوەکرد ٨ ساڵ پێشمەرگەی کۆمەڵەی ئێران بووە، ماوەیەکی زۆر لە دەوروبەری سلێمانی ژیاوە، ئەمیش وەک شوفێرەکەی پێشوو باسی لە بێزاری خەڵکی ئێران کرد و باسی لە دڕندەیی کۆماری ئیسلامی کرد، وتی من هەتا ژیانم ماوە حکومەت کارم پێ نادات چونکە بە حیسابی ئەوان فایلەکەم پاک نییە و کەسێکی گومانلێکراوم، هەموو ئە خەڵکانەی وەک من کە رۆژێ لە رۆژان کاری سیاسیان کردبێت ناتوانن بە هیچ جۆرێک کار وەربگرن لە دەوڵەت، بۆیە من ناچارم ئەم کارە بکەم چونکە دوو منداڵم هەیەو لە زانکۆنەو خەرجی زۆر گرانە، دواتر وتی حکومەت هەوڵ دەدات نرخی بەنزین زیاد بکات، ئێمە رۆژانە ئەبینین چۆن نرخی کاڵاکان بە بەرچاومانەوە گران دەبێت. لە پرسیار و قسەکردنا، بێزاریەکن قوڵ بە روخساریەوە دیاربوو، گۆنا و نێوچاوانی تەواو چرچو لۆچ ببوو، ناوە ناوە دەیگوت سوپاس خوایە، زۆر شوکر خوایە. هەندێک جار جۆرێک لە بێدەنگی باڵی دەکێشا و منیش هەوڵم ئەدا لە پەنجەرەکەوە سەیری دەرەوە بکەم، ئەوەی کە جێگای تێبینی بوو گوندەکان بوون زۆر گەورەتر و پڕ جوڵە تر دیاربوون، بە دڕیژایی رێگاکە خەڵکی دێهاتەکانم ئەبینی خەریکی کاری کوشتوکاڵ و بەخێوکردنی مەروماڵات بوون. لە شوێنێک وەستیان بەمەبەستی نان خواردن، بەشێوەیەکی گشتی رێستۆرانتەکانی نێوان شارەکان باش نین، گلەیی زۆر هەیە لەسەرەوەی کە پاک نین، خواردنەکانیان وەک پێویست نییە، کاتێک شاگردەکە هاتە لامان و پرسیاری کرد کە چی ئەخۆین، ئێمەش داوای مریشکمان کرد، بەڵام من نەمدەزانی رێگای ئامادەکردنی مریشک لە ئێران جیاوازە لەگەڵ باشوور، چونکە ئەمان مریشکەکە بە زەردەچوو خۆش دەکەن، بۆیە پرسیاری ئەوەم کرد ئاخۆ هیچ مریشکێک هەیە بێ زەردەچوو؟ وتی بەداخەوە نیمانە، ئیتر ناچار داوای گۆشت و کەبامان کرد، کەبابی ئەوێ کەمتر چەوری تێدایە، بۆیە ووشکتر دەردەکەوێت، بەڵام تامێکی خۆشی هەیە، لەوەش خۆشتر دۆی رۆژهەڵاتە، دوای خواردنێکی خۆشی رۆژهەڵاتی ئیتر جارێکن بەرێکەوتین بۆ شاری سنە.

گەیشتنینە شاری سنە

سنە شارێکی دڵگیرو قەشەنگە، کە سەیری تۆبۆگرافیەکەی دەکەیت زۆر لە سلێمانی دەچێت، چۆن سلێمانی شاخی ئەزمەڕی هەیە، سنەش بەرزایی ئاویەری هەیە، کە دەتوانیت تەواوی شارەکە ببینی، هەر کە گەیشتینە ناو سنەو دابەزین لە سەیارەکە، کۆمەڵێک شوفێری تەکسی ڕووبەرومان هاتن و وتیان بۆ کوێ دەچن بتانبەین، دواتر لەگەڵ یەکێک لە ئۆتۆمبێلەکان رۆیشتین بۆ رۆژهەڵاتی سنە، بە مەبەستی بینینی هەڤالێک کە پێشتر ناسیمبوم و سۆزم دابوو بیبینم، هەرکە یەکترمان بینی رۆیشتین بۆ کافتریایەک و بە دیار چاخواردنەوە دەستمان بە دەمەتەقێ کرد، من و هەڤاڵاکەم، کچەمان داگرت بە پرسیار و ئەویش زۆر لەسەرخۆ یەکە یەکە وەڵامی دەداینەوە، یەکێک لە پرسیارەکانم ئەوە بوو ئایا تۆ رێگە پێدراوی ئێستا لەگەڵ ئێمە دانیشتووی؟ وتی لەبەرەوەی تەمەنم لەسەرووی سیەکانە، بۆیە پۆلیس کێشەیەکی وام بۆ دروست ناکات، بەڵام بۆ کەسێکی گەنج رەنگە جیاواز بێت، پرسیاری ئەوەم کرد وتم ئەم شاگردانەی لێرە کار دەکەن چەند وەردەگرن؟ وتی نزیکی ٦٠٠ بۆ ٧٠٠ تمەن وەردەگرن واتا ناکاتە ٨٠ دۆلار، جگە لەوە هەمیشە کچ کەمتر پارەی پێ دەدرێت لە پیاو، ئینجا پرسیارمان کرد لەسەر ژیانی خەڵک لە سنە، لە وەڵامدا وتی هەژاریبەکی قورس هەیە، ئەمەش وایکردووە خەڵکێکی زۆر بە قەرز ژیانیان بگوزەرێنن، واتە هاوڵاتیان قەرز دەکەن بۆ ئەوەی خواردنی رۆژانە بکڕن، ئینجا باسی لەوەکرد کە تەنها لەسەردەمی خاتەمی، جۆرێک لە هاوسەنگی ئابووری هەبووە، بەڵام تاریکترین سەردەمی ئابووری ئێران کاتی ئەحمەدی نەژادە، کە ئێستاش بازاڕ باجی ئەو کات دەدات، دواتر باسی لەوەکرد کە رۆژانە سێ سەعات کارەبا دەبڕێت، هەموو شتەکان روونن کە ئەم وڵاتە بەرەو جێگایەکی نادیار دەڕوات، ئەم سیستەم و حکومەتە نازانن دەست بۆ کام کێشە ببەن و لە کوێا هەوڵی چارەسەر بدەن، چونکە وڵاتەکە تەواو نقوم بووە لە کێشە.

بازاڕی سنە

 دواتر وتی پێم خۆشە سەردانی ناو بازاڕو هەندێک شوێنی بکەین، لە نزیکەوە سنە و کۆڵانەکانی ببینن، ئەوەی کە زۆرترین سەرنجی راکێشام خەمباری سەر روخساری خەڵک بوو، کە ئەستەم بوو پێکەنین بدۆزیتەوە، سەیری ئەو دیوی چاوەکانی خەڵکم دەکرد چی خەمێکی قوڵی لە خۆیانا هەڵگرتبوو. شتێکی تر زۆر سەرنجی راکێشام ئەم هەموو رەسمە کە بە عاموودەکانی ناو بازاڕ هەڵواسرابوون، یەکسەر پرسیارم کرد وتم ئەمە چییە؟ وتی ئەمە ئەو جاش و بەکرێگیراوانەن کە لە شەڕی دژی پارتییە کوردییەکانی رۆژهەڵات کوژراون، ئیتر حکومەت وەک پاداشتێک وێنەکانیان لەسەرجەم کوچەو شەقامە سەرەکیەکان هەڵدەواسێت، دواتر رۆیشتین بۆ دوکانێکن ساردەمەنی کە بە زمانی خۆیان پێ دەڵێن بەستەنی، لەوێ فاڵودەمان داواکرد، کە یەکێکە لەو ساردەمەنیانەی کە خاڵکی ئێران زۆر حەزیان پێیەتی، ئینجا لەگەڵ لە برادەرەکەی سنە جیابووینەوە و رۆیشتین بۆ ماڵی یەکێک لە دۆستەکانی هاوسەفەرەکەم، کە ماڵەکەیان لە ئاویەر بوو بۆیە لە پەنجەرەکەوە دەتتوانی بەشێکی زۆری شارەکە ببینی، جگە لەوە زۆر فێنک بوو، ناو ماڵەکە زۆر جوان دیزایین کرابوو کە پرسیارم لە خاوەن ماڵەکە کرد وتی زیاتر لە ٣٠ ساڵ تەمەنییەتی، بەڵام تا بڵێی ماڵێکی دڵگیرو کراوەبوو. دوای تۆزێک دانیشتن شەربەتێکی تایبەتی لۆکاڵیان پێشکەشکردنین، کە تامێکن زۆر جیاوازی هەبوو، وتیان ئەمە لە ئاڵوو باڵوو دروست کراوە. ئینجا وردە وردە دەنگی مەنجەڵ و قاپەکان دەستی پێکرد، وتیان فەرموون خواردنەکە حازرە، کاتێک کا دانیشتین زیاد لە خواردنێکی لۆکەڵی خۆیان ئامادەکربوو، لەوێوە تێگەیشتم کە کەلتوری رۆژهەڵات زۆر میوان دۆستیە، هەندێک جار نازانن میوانەکەیان لە کوێ دابنێن، هەوڵ ئەدەن بە هەموو شێوەیەک دڵی میوانەکە رابگرن. بۆ بەیانی کاتێک لە خەو رابووین، خواردنی بەیانیان ئامادەکردبوو بەڵام تێبینی ئەوەم کرد کەلتوری رۆژهەڵات و ئێران هیچ گرینگیەک نادەن بە خواردنی بەیانیان، بۆیە هەژارترین ژەمە ئەگەر بەراوردی بکەین لەگەڵ ژەمەکانی تر، دواتر بە پەلە چانتاو شتوومەکەکانمان کۆکردەوە، پرسیارم لە خاوەنی ماڵەکە کرد کە ئینتەرنێتەکەن سەر مۆبایلم هیچ ناکاتەوە، ئەمیش وتی پێویستە بڕۆین فلتەر شکێن بکڕین، چونکە بێ فلتەر ناتوانیت زۆر شت ببینی، ئیتر لەگەڵ خاوەنی ماڵەکە رۆیشتین بۆ بازاڕ، لە رێگا زۆر خانوو زەوی پیشانداین کە هی خەڵکەو سوپای پاسداران دەستیان بەسەرداگرتووە، بە پاساوی ئەوەی ئەمانە دژی کۆماری ئیسلامی کاریان کردووە، کاتێک گەیشتینە بەردەم دوکانێکی مۆبایل فرۆش وتی ئێرە شوێنی فلتەر شکێنەو خۆمان کرد بە بەژوورەوەو دۆستەکەمان داوای لێکرد بەرنامەی فلتەر شکێنمان بۆ دابەزێنیت، خاوەن دوکانەکە کورێکی گەنج بوو وتی بەڵام بیرتان نەچیت گران ببوە بۆتە لە ٧ تمەن بۆتە ١٠ تمەن، ئێمەش وتمان هیچ کێشە نییە، دوای ٢٠ خولەک بەرنامەکانی بۆ دابەزاندین، سەیرمان کرد هەموو وێب سایتەکان ئەکاتەوە بە فەیس بووک و ئینیستەگرام، ئینجا ئەوێمان جێهێشت و بەرەو تێرمیناڵی تاران سنە بەرێکەوتین.

بەرەو هەمەدان

گەیشتینە تێرمناڵەکە، کوڕێکی گەنج بەرەو پیرمانەوە هات، خۆی ناساند وتی عیمادم شەو کچی کاک بابان تێڵی بۆ کردم کە لە پاس شوێنتان بۆ بگرم، ئێستا شوێنەکانتان لە پێشەوە بۆم گرتوون، سوپاسمان کردوو هەوڵمان دا پارەی تکتی پاسەکە بدەین کەچی بەهیچ شێوەیەک قبوڵی نەکرد، هەردووکمان زۆر هەوڵماندا و وتمان بەهیچ شێوەیەک قبوڵ ناکەین کەچی هیچ کەڵکی نەبوو، بۆیە جارێکی تر سوپاسمان کردەوم. جانتاکانمان خستنە سندوقی پاسەکەو چووین بۆ شوێنەکانمان، کاتێک پاسەکە کەوتە ڕێ، سەیرم کرد بە ئێمەوە تەنها ٨ کەس هەیە، بەلامەوە سەیر بوو چۆن پاسێکی وا گەورە تەنها بە هەشت کەس دەڕوات، کە کۆی پارەی تیکتەکانمان نەیدەکردە ٦٠٠ تمەن، دواتر تێگەیشتم خەڵکی ئێران هەمیشە بە شەو سەفەر دەکەن لە نێوان شارە گەورەکان، پاسەکە زۆر مۆدێرن دیاربوو کورسیەکانی زۆر گەورەو رەحەت بوون و لەبەردەمی هەموو کورسیەیەک شاشەیەک هەبوو کە ئینتەرنێت و فلم و مویزیک تێدابوو، وردە وردە پاسەکە دوور دوورکەوتەوە لە سنە، بەڵام هەر دەگەیشتینە ئاوەدانییەک پاسەکە دەوەستا و بە دوای نەفەر دەگەڕا، لە ڕێگا چەند کەسێکی سەرخست، بەڵام هەر نەیتوانی نیوەی پاسەکە پڕ بکاتەوە، هەر کە زیاتر ئەڕۆیشتین بەرەو تاران، دەشت و بیابان دەستی پێدەکرد و سەوزایی و شاخ بزردەبوون، کاتێک گەیشتینە شارێکی گەورە سەیری تابلۆکانم کرد لەسەری نووسرابوو (هەمەدان) شارێکی ئاوەدان و پڕ جوڵە دیاربوو، ماوەیەکی باش بەناو شارەکە رۆیشتین تا چووینە دەرەوە، بەڵام لەوێش شووفێرەکە هەر بە دوای نەفەرەوە بوو. هاوسەفەرکەم بە حوکمی ئەوەی ماوەیەکی باش لە ئێران ژیابو و فارسییەکی باشی ئەزانی، ئەمە وای کردبوو زۆر شارەزایی کەلتوورو مێژوو نەخشەی سیاسی ئێران بێت، ئیتر کە هەمەدانمان جێهێشت وتی ئیتر لێرە بە دواوە کوردستان نامێنێت ئەگەینە خاکی فارس.

بەرەوسنووری فارسەکان

 پاسەکە بەردەوام بوو لە جووڵە، لە پڕ لە شوێنێک لایداو گەیشتینە بەردەم رێستۆرانتێک، نەفەرەکان وردە وردە دابەزین، ئێمەش لەگەڵ برادەرەکەم رۆیشتین بەرەو رێستۆرانتەکە، بەڵام کە سەیری ناوەوەو کورسی و مێزەکانم کرد، نەمتوانی داوای خواردن بکەم، چونکە دیاربوو کە رێستۆرانتێکی ماندووە و پاک نییە، بۆیە خۆمان بە چاوەو خەریک کرد تا کاتی رۆیشتن، تا نزیک دەکەوتینەوە لە تاران زیاتر ووشکتر دیاربوو، وەک برادەرەکەم پێ وتم کە ئەم چەند ساڵە ئێران کێشەی وشکە ساڵی هەیە و خەریکە بەشێکی خاکی ئێران دەبێتە بیابان، دوای شەش سەعات و نیو رۆیشتن گەیشتینە شاری کەرەج کە ئێستا لە زۆر لاوە لەگەڵ تاران تێکەڵ بووە، نازانم بۆمن هەمیشە کە ناوی کەرەجم دەبیست شۆڕشی ئەیلولم بیردەکەوتەوە کە بەشێکی زۆری پێشمەرگەکان دوای شکەستی شۆڕش لەگەڵ مەلا مستەفا لەم شارە گیرساونەتەوە، بەهەر حاڵ تا زیاتر بەناو کەرەج تێدەپەڕین تێدەگەیشتم ئەم سیستەمە چ ماڵوێرانییەکی بۆ ئەم خەڵکە بەرهەمهێناوە چ کارەساتێکی لەگەڵ خۆیا هێناوە، سەیری سەوزایی شارەکەم ئەکرد زۆر سیس و لاواز دیاربوو، هاواریان ئەکرد بۆ قومێک ئاو، لەو دیو پەنجەرە گەورەکانی پاسەکە سەیری زیاد لە خەم و کێشەیەکم دەکرد، بیرم لەوە دەکردەوە ئەم خەڵکە چیانکردووە تا ئەم هەموو باجە بدەن، ئەم سیستەمە چ شتێکی زیادکردووە بۆ سەر ژیانی خەڵکی ئێران، جگە لە هەژاری و برسییەتی و کۆڵەمەرگی. کاتێک سەرقاڵی ئەم بیرکردنەوانە بووم برادەرەکەم پێی راگەیاندم ئیتر کەوتینە سنووری شارەوانی تاران.

ئەو تارانەى کە من بینم زۆر جیاواز لەو تارانەى کە چاوەڕێم دەکرد

تووشی شۆک بووم کە کەوتینە ناو تاران، لەبەرەوەی لە ئەقڵی خۆما وێنەیەکی جوانترم بۆ تاران کێشابوو کە تەواو جیاواز بوو لەگەڵ ئەم وێنەیەی کە ئێستا لەبەر چاوما دێت و دەچێت، کەلاوەو دیواری رووخاو دارو درەختی سیس، چەمی وشکبو، خانوو بینای بێ رەنگ، ئیتر لەگەڵ خۆما کەوتمە کێشە کە مومکین نییە، ئێرە تاران بێت، چونکە لە زیهنی خەڵکی ىاشوور تاران پایتەختی جوانی و شارستەنییە، بەڵام ئێستا وەکوو واییە من لە شارێکی هەژارنشینی ئەفریکا بم، بەهەرحاڵ هەوڵمدا نیگەرانییەکانم بشارمەوە بۆ ئەوەی لە زەوقی برادەکەم نەدەم، هێواش هێواش تاریکایی باڵی دەکێشا بەسەر تاران، پاسەکە وردە وردە گەیشتە تێرمیناڵی سەرەکی تاران، هەر کە گەیشتینە خوارەوە کۆماڵێک خەڵک هاتن بەرەو روومان داوایان کرد لەگەڵیان بڕۆین، ئێمەش هەر وەڵامان دەدانەوە کە دۆستێکمان دێت بە دوامانا، بەهەر شێوەیەک بێت خۆمان قوتار کرد لەدەست شوفێرەکان و ماوەیەکی باش رێمان کرد تا گەیشتینە سەر شەقامی سەرەکی، لەوێوە مەیدانی ئازادی، ناوە ناوە برادەرەکام دەیگوت زۆر ئاگاداری جانتاکەت بە تایبەت مۆتۆر سکیلەکان، چونکە زۆر شارەزان لە دزی و رفاندی جانتا، دوای جەند تەلەفۆنێک لە نێوان هاوسەفەرەکەم لەگەڵ ئاکامی برادەرمان، شوێنەکەی دۆزیەوە و هات بەرەو پیرمان، زۆر بەخێرایی خۆمان خزاندە ناو سەیارەکە و رۆیشتین بەرەو ماڵی ئاکام، لە ڕێگا یەکسەر پرسیاری ئەوەم لێکرد تاران بۆ ئەوەندە پیس و پۆخەڵە، ئەمە چ پایتەختێکە بەم شێوەیە بێت؟ لە وەڵامدا وتی تاران زیاد لە ١٨ ملیۆن کەسی تیادا دەژی بۆیە شوێنی زۆر خراپی هەیە، بەڵام شوێنی مۆدێرنیشی هەیە بەیانی ئەڕۆین بۆی، هەروەها بیرت نەچیت ٣٥ ساڵە ئەم وڵاتە لەژێر ئابڵوقە داییە و ناتوانێت زۆر شت بکڕێت، باشیشم ئاوا ماوەتەوە، ئێوە نازانین ئەم دەوڵەتە چەند دزوو گەندەڵە، فەسادی تا تۆقی سەری هاتووە، بۆ نموونە ئێستا دەوڵەت دۆلار دەدات بە هەندێک بزنسمانی خۆی گوایە شت بێنن بۆ ئێران بەڵام بزنسمانەکە دۆلارێک بە چوار تمەن و نیو لە حکومەت وەردەگرێت، بەڵام لە جیاتی ئەوەی شت هاوردە بکات ، هەمان ئەو بڕە پارەیە لە بازاڕی ئازاد دەفرۆشێتەوە بە نۆ تمەن واتە لەهەر دۆلارێک چوار تمەن و نیو قازانج دەکات، بۆیە بێنە بەرچاوت ئەم وڵاتە بەرەو چ کارەساتێک دەڕوات، ئێستا دەیانەوێت جارێکی تر بەنزین گران بکەن، پرۆژەکە لە پەرلەمانە بە دڵنیایەوە ماوەیەکی تر لتری بەنزین بە یەک تمەن نامێنێت، ئەم سەیارەم بە ١٠ ملیۆن کڕیوە ئێستا بفرۆشم پارەی زیاتر دەکات لە چی ووڵاتێک شتی وا هەیە سەیارەی ساڵێک بەر لە ئێستا پارەی زیاتر بکات، ئێمە تووش بووین نازانین چی بکەین، برادەرەکم پرسیاری کرد زۆرمان ماوە بگەین وتی ماوەکە زۆر کەمە بەڵام ئێستا کاتی قەرەباڵخییە بۆیە کاتمان پێویستە تا دەگەینەوە ماڵەوە، دەقەتم دا قەرەباڵخیەکە کەم دەبێتەوە و گەیشتینە ناوچەیەکی مۆدێرن لەوەوە تێگەیشتم کە تاران زیاترە لە شارێک، ئینجا لەبەردەم بینایەکی ٥ قاتی وەستاین وتی پێویستە سەیارەکەمان بخەینە ژوورەوە چونکە دزی زۆرە، دەرگای گەراجەکە ئۆتۆماتیک بوو لە رێگەی کۆنترۆڵ کردییەوە و خۆمانکرد بەناو گەراجەکەوە، لەوێشەوە بۆ ماڵەکەی، هەر لە دەرگاکەوە هێڤی خێزانی زۆر بەگەرمییەوە پێشوازی لێکردین و زیاد لە جارێک بەخێرهاتنی کردین، یەکسەر وتی با چاتان بۆ بێنین ئێمەش وتمان دوای نانخواردن چونکە لە بەیانییەوە هیچمان نەخواردبوو برسیمانە، بۆیە زۆر بەپەلە هێڤی و ئاکام دەستیان بە دانانی خواردنەکان کرد و فەرموویان لێکردین، بەڵام بەراستی خواردنەکانی زۆر بەتام بوون و زیاد لە خواردنێکی دروستکردبوو، لەکاتی نانخواردن وتی ببورە دەبا شەرابمان هەبا لەسەر مێز بەڵام ئێوە دەزانن کە باروودۆخەکە چۆنە، خواردنی ئێران و رۆژهەڵات بەشێوەیەکی گشتی بێ رۆن و بێ خوێن، ئەمەش وا دەکات زۆر بخۆیت تا تێر ئەبیت، بەهەر حاڵ تا بۆمانکرا بەردەوام بووین، ئیتر یەکسەر وتیان چاکە ئامادەییە و دەستیان بە چا هێنان کرد، چای ئێرانی روونەو شەکری کڵۆی لەگەڵ دەهێنن، واتا ئەوەی لای خۆمان پێی دەڵێن چای (دیشلەمە)، خەڵکی ئەوێ زۆر چا دەخۆنەوە، تێبەنیم دەکرد تاوەکوو دەخەون چا دەخۆنەوە.

رۆژی دووەم لە تاران

سەعات نۆ و نیو بوو بەکاتی ئەوان لە خەو هەڵستاین، چونکە ئەمان سەعات و نیوێک لە پێش باشوور و عیراقن، دوای نانخواردنی بەیانی، ئاکام کاری هەبوو ئێمە وتمان تەنها تەکسیەکمان بۆ بانگ بکە دوای کارت تەواو بوو تێڵ بکەو یەکتر دەگرینەوە، وتی ئێستا تەکسەیەکتان بۆ بانگ ئەکەم، هەر لە رێگەن بەرنامەیەکی سەر مۆبایل تەکسیەکەی بانگ کرد و ئێمە بەپەلە رۆیشتینو خۆمان خزاندە ناو تەکسیەکە، وتمان بمان بە بۆ بازاڕی کۆنی تاران، پرسیاری کرد وتی خەڵکی کوێن، برادەرەکەم وتی کوردستان، وتی ئێوە حەقی خۆتانە وەکوو هەموو میلەتێکی سەر ئەم دونیایە دەوڵەتتان هەبێت، نابێت بە هیچ پاساوێکەوە ئەم مافەتان لێبسەندرێتەوە، ئەم قسانەی تووشی شۆکی کردم، چونکە کاتێک ئێمە سەفەر ئەکەین بۆ تورکیا تەنانەت ناتوانین بڵیین خەڵکی کوردستانین، کەچی کەسێکی تارانی بەم شێوەیە قسە دەکات.شوفێرەکە بە تەمەن بوو بەڵام دیاربوو کۆماری ئیسلامی ماندووی کردبوو، بۆیە هەر زوو کەوتە رەخنەگرتن وسەرکۆنەکردنی دەوڵەت، باسی لەوە کرد ماوەیەک لە ژاپۆن کاری کردووە، زوو زوو باسی سەردەمی شای دەکرد ئەیوت ئێمە ئێستا لەکوێن، زۆر داخ لەدڵانە قسەی دەکرد، هەندێک جار حەزی دەکرد بگری. قورسترین کار لە تاران شوفێری کردنە، چونکە هیچ کەسێک گوێ بە ڕێنمایی هاتوچۆ نادات هەرکەسەو دەیەوێت بە هەوەسی خۆی سەیارە لێ بخورێت، بۆیە کەم سەیارە دەبینی لە تاران پێش و دواوە خۆی لێنەدرابێت، جگە لە سەیارە لە هەر شەقامێک دەیان ماتۆر سکیل دەبینی زۆر بەخێرایی خۆیان دەکەن بە نێو سەیارەکان، ئەمەش ئەوەندەی تر شوفێری قوڕس کردووە، بەڵام ئەوەی بەلامەوە سەیر بوو هێمنی و لەسەرخۆی شوفێرەکان بوو، بە کەمی لێک تووڕە دەبن. وەختێک کابرای شوفێر وتی ئەمە گەیشتین ئەمە بازاڕی کۆنی تارانە، کاتێک دابەزین لە تەکسیەکە دونیا زۆر گەرم بوو، ماوەیەک بە پێ رۆیشتین دیسانەوە چاوم کەوتنە گەڕان بە دوای رووخسارێکی دڵخۆش بەڵام مخابن نایدۆزیتەوە، سەیری جل و بەرگی خەڵکەکەم دەکرد بێکوالیتی و بێ رەنگ دیاربوو، زیاتر جلی قوماش لەبەردەکرێت تا جینز، کراس زیاتر دەبینیت تا تیشێرت، بە ئاسانی دەتوانیت ئاستی بێزاری ژنەکان لێک جیابکەیتەوە لە رێگەی سەرپۆشەکەیان چونکە هەندێکیان هەر بە ئاستەم سەرپۆشەکەیان بەشێکی کەمی پرچیان شاردۆتەوە، بەڵام هەندێک ژنیش دەبینی کە ژمارەیان زۆر نییە بە توندی لەچکەکەی بەستووە، ئەمانە زیاتر کارمەندی داموو دەزگای دەوڵەت و سیستەمی کۆمارین.

بڕیارمان دا برۆین بۆ شەقامی وەلی عەسری کە درێژترین مۆدێرینترین شەقامی تاران، تەکسیەکمان راگرت و داوامان لێکرد بمان بات بۆ وەلی عەسر، شوفێری تەکسی تاران زۆر رەزیلن بە فێنکەرەوە کاتێک داوایان لێدەکەیت، دەمووچاویان تێک دەچێت، بۆیە کاتێک داوامان لە شوفێرەکە کرد بە گاڵتەوە ئەیوت نابێت فوتان بکەم لە جیاتی سپلیت! کاتێک گەیشتینە وەلی عەسر زۆر جیاواز بوو لەگەڵ ئەو شەقامانەی کە رۆێک پێشتر بینیبووم لە کاتی گەیشتنم بۆ تاران، چونکە ئەم شەقامە تابڵێی داری چناری گەورە هەبوون کە سەرتاسەری شەقامەکەیان داپۆشیبوو، تەنانەت ئەو ئۆتۆمبێڵە مۆدێل بەرزە بیانیانەی کە لەوێم بینین لە ناوچەکانی تر بە ئەستەم دەبینرێت.

   بڕیارماندا بچین لە کافتریایەک پشویەک بدەین، کەشی ناو کافتریایەکە زیاتر رۆژئاوایی بوو، دەنگی مویزیکی ئینگلیزی دەهات، سەیری مینوی خواردن و خواردنەوەم کرد زۆربەی خواردنە رۆژئاوایەکان هەبوو، کاتێک من و هاوسەفەرەکەم سەرقاڵی قسەکردن بووین، ئاکام تەلەفۆنی کرد وتی لە کوێن بێمە لاتان، ئێمەش ئەدرێسەکەم پێداو دوای نیو سەعاتێک لەگەڵ ئاکام یەکترمان گرتەوە، پێشنیاری کرد بڕۆین بۆ ماڵی شا.

ماڵی شا

رۆیشتین بەرەو گەڕەکی( سەعد ئاباد ) بەمەبەستی سەردانیکردنی ماڵی شا، وا راسترە بڵێن ماڵەکانی شا، چونکە لە چەندین کؤشک و تەلار پێک دێت، جگە لەوە بە دەیان هەزار مەتر سەوزایی و درەختی چناری بەرز و مەلەوانگە تێدایە، تەنانەت بەهۆێ بەرزیو چڕی درەخت و سەوزایەکە، چەند پلەیەک گەرماکەی کەمتر بوو لەگەڵ گەڕەکەکانی تاران.

کاتێک گەیشتینە بەردەم ماڵەکە، وامانزانی تەنها ماڵێکەو باخچەیەکی هەیە، کەچی کاتێک گەیشتینە یەکەی پێشوازی، تێگەیشتم کە کۆمەڵێک ماڵ وکۆشکی گەورە هەیە، لەسەرەتا ئاکام لە رێگەی کارتی بانکی، بلیتی چوونە ژوورەوەی بڕی بەجیا بۆ هەر یەک لە ماڵی شا، شوێنی ئامادەکردنی خواردن بۆ شاو میوانە تایبەتەکانی، پیشانگای ئۆتۆمبێلەکانی شاو خێزانەکەی، هەر لە ناو دەرگا سەیاریەک وەستا بوو وتی شوێنەکان لێک دوورن بۆیە وا باشترە سەیارە بەکاربهێنن، ئێمەش خۆمان خزاندە ناو سەیارەکەو رۆیشتین بۆ ماڵی شا، کاتێک گەیشتینە بەردەم دەرگاکە، ئۆتۆمبێڵکی کۆنی لێدانرابوو، هی دوو رۆژنامەنووسی بیانی بووە کە تەواوی دونیا پێی گەڕاون دواتر لەسەردەمی رەزا شا هاتوونەتە تاران و سەیارەکەیان بەجێهێشتووە.

دیزاینی ماڵەکان زۆر سەرنج راکێش و جوان بوون، مافوورەکان زۆربەی بەدەست چندرابوون، کەلوو پەلەکانی تری ئەوروپی بوون کاری دەست بوون، دیارە شاو فەرەحی خێزانی لە مەسەلەی دیاریکردنی دیزاین و دیکۆر و مۆبلیات، زەوقێکی ناسکیان هەبووە، چونکە کاتێک ورد دەبیتەوە لەم هەموو کەل و پەل و دیکۆڕو هاڕمۆنییە، دەزانیت عەقڵێکی مۆدێرن و هوونەری لە پشت هەیە، زۆربەی کۆشکەکان دەتوانیت بچیتە ژوور بەڵام ناتوانیت بچیتە ناو ژوورەکان، هەموو کەل و پەل و تابلۆ و پەیکەر و شتومەکی جوانکاری وەکوو خۆیان ماون، هەر چەندە وەکوو ئاکام باسی کرد، لە رۆژانی روخانی شا، بەشێکی کەل و پەلی کۆشکەکان دزراون ، بەڵام دواتر هەوڵیانداوە بەشێکیان گەڕاندۆتەوە و هەندێکیشیان بۆ تەرتیب کردۆتەوە. کاتێک رۆیشتین بۆ پیشانگای ئۆتۆبمێلەکان کۆمەڵێک فۆتۆی شا لەگەڵ سەکردەی وڵاتان هەڵواسرابوو، یەکێک لە وێنەکان جێمی کارتەری سەرۆکی ئەمریکایە لە پێشەوەی سەیارەکە دانیشتوەو شا سەیارەکە لێدەخورێت، شوێنی پیشاندانی سەیارەکان نارێک و تەسک بوو بۆیە ناتوانیت بە باشی بیانبینی، دواتر رۆێشتین بۆ ئەو چێشتخانەی کە خواردنی شا و میوانەکانی لێ ئامادەکراوە، بەپێی لیستی خواردنەکان، گرینگی زۆر دراوە بە خواردنی ئێرانی. کاتێک هاتینە دەر لە چێشتخانەکە پەیکەرێک هەبوو تاکوو ئەژنۆی مابوو،منیش لە ئاکامم پرسی ئەمە چییە؟ وتی ئەمە پەیکەرێکی گەورەی لە مس دروستکراوی رەزا شا پەهلەوی باوکی محەمەد شا بوو، کاتێک کە شا رادەکات و دەسەڵات دەکەوێتە دەستی مەلا شیعەکان، پیاوەکانیان دێن لە ئەژنۆوە ئەم پەیکەرە دەبڕنەوە.

دەربەند و دەرەکەی تاران

 دواتر هاتینە دەر لە ماڵی شا، ئاکام وتی با بڕۆین بۆ دەربەندی تاران، کە شوێنێکی بڵندەو کەوتۆتە بناری شاخەکە، بە حوکمی بڵندیەکەی زۆرفێنکبوو کۆمەڵێک رێستۆرانت و کافتریای خۆشی لێ بوو، خۆمان کرد بە یەکێک لە رێستۆرانتەکان، لە دەرگاوە دەیان ئینجانەی پڕ لە گۆڵی ناسک و بۆن خۆش داندرابوو، لەهەر شوێنێک گوێت لە دەنگی عەرەبی عیراقی دەبوو، بۆیە زۆر جاریش شاگردی رێستۆرانتەکە وای دەزانی عەرەبین هەوڵی ئەدا بە عەرەبی قسەمان لەگەڵ بکات، برادەرەکانی منیش بەپێی ئەوەی فارسیان باش دەزانی، لەسەرەخۆ وەڵامیان ئەدایەوە کە ئێمە عەرەب نین و ئەمانوێت شوێنێکی باشمان دەسکەوێت و نان بخۆین، ئینجا مێزێکمان دەست کەوت و داوای مینومان کرد وکەوتینە هەڵپەی ئەوەی چی بخۆین، دواتر خواردمان داوا کرد، بەڵام تێبینی نرخی سەر مینوی خواردنەکانم کرد زۆر گرانتر بوون بە بەراورد لەگەڵ رێستۆرانتەکانی تر، هاوسەفەرکەم وتی سەیری مێزی سەرەوە بکە بزانە کابرایەک بە جل و جامانەی کوردی دانیشتووە من ئەمە دەناسم خەڵکی رانییە و کاتی خۆی سەرۆک جاش بوو، ئێستا لە هەولێر دادەنیشێت، بیستوومە زۆر دەوڵەمەندە، چەند کەسێکی لەگەڵ بوون یەکێک لەوان کوڕێکی گەنج بوو ئەویش جلی کوردی لەبەر بوو، بە پێی شکڵ زۆر دەچووە سەر کابرای سەرۆک جاشەکە و وا دیاربوو کوڕی بوو.

خواردنەکەمان خوارد ئینجا حسابیان بۆ ‌هێناین لەسەرەتا هەستمان پێنەکرد بەڵام دواتر کە دوور کەوتووینەوە هەستمان کرد فێڵمان لێکراوەو بڕی سەد تمەنیان زیاد نوسیوە، یەکەم جار بوو هەست بکەین لە ئێران فێڵمان لێکراوە، لەم موناقەشەیە بووین تەلەفۆنێک بۆ دارای هاوسەفەرم هات، دیاربوو کورێک بوو ناوی دیار بوو خەڵکی مهاباد بوو، دەیویست دارا ببینی، ئەمیش وتی فەرموو وەرە ئێستا ئێمە لە دەربەندین، کاتێک تەلەفۆنەکەی داخستەوە وتی ئەمە برای بەفراوە لێرە کار دەکات، دوای چل خولەکێک دیار دەرکەوت، کوڕێکی وردیلە و لاواز، جانتایەکی بە شانییەوە بوو، زۆر لەسەرخۆ قسەی دەکرد و تەکلیفی لە دارا و من دەکرد بچینە ماڵیان، ئینجا رۆیشتین لە کافتریایەک دانیشتین، بەدەم چاخواردنەوە باسی زیاد لە بابەتێک کرا، لە میانی قسەکردن تێگەیشتین دیار خۆی بە کەسێکی چەپ دەزانێت و خوێندنەوە و دونیا بینیشی زیاتر چەپانەبوو، باسی لەوەکرد مانگی ئەیلول رۆیشتووە بۆ ئیستەنبۆڵ و زۆر دڵی بەوە خۆش بووە کۆمەڵێک کورد و تورکی چەپی ناسیوە، سەرسامبوو بە (HDP ) و دەیوت پرۆژەیەکی سەرکەوتووە، باسی لەوە کرد زەواجی لەگەڵ کچێکی فارس کردووە، لە کارگەیەکی دروستکردنی لاستیک کاردەکات، رۆژانە ٨ سەعات کار دەکات بەڵام مووچەی مانگانەی نەدەگەیشتە ٢٠٠ دۆلار، وتی من ناچارم لە تاران بژیم راستە ژیان زۆر گرانە، بەڵام ناوچە کوردیەکان هیچ کارێکی تێدا نییە، بۆیە گەنجەکان بە ناچاری پەنا بۆ تاران دە‌هێنن.

کاتێک لەگەڵ ئاکام گەڕاینەوە لەسەر رێگا دیارمان دانا و ئێمەش گەڕاینەوە ماڵ، لەگەڵ دارا کەوتینە قسە ئایا بڕۆین بۆ باکووری ئێران یان نا چونکە باکووری ئێران ناوچەیەکە دەکەوێتە سەر دەریاو شێی زۆرە، بەڵام وادیار بوو دارا حەزی ئەکرد بڕۆین، بۆیە بڕیارمان دا بەیانی لەخەو هەڵبستین و بچین بۆ تێرمیناڵ و لەوێش بۆ شاری (چالووس)ن باکووری ئێران.

بەرەو باکووری ئێران

دوای نان خواردنی بەیانی، جانتاکانمان کۆکردنەوە و لەگەڵ ئاکام بەرێکەوتین بۆ گەراج، هەر زوو تەکسیەکمان دەست کەوت و بەرێکەتین بۆ چالووس لە باکووری ئێران، چالووس کەوتۆتە سەر دەریای قەزوین، ئەم دەریاییە زۆر دەوڵەمەندە بە کاڤیار، خەڵکێکی زۆر بەم کارەوە خەریکن.

دارا کەوتە قسەکردن لەگەڵ کاکی شوفێر، رێگاکە بەناو کەرەج تێدەپەڕی و ئیتر لە شوێنێک لاماندا بۆ رێگایەکی تر وتی لێرەوە ئەڕۆین بۆ باکوور، جادەکە بووە یەک ساید و زۆربەی شەقامەکە پێچاو پێچ و هەڵبەزوو دابەزی تێدابوو، بۆیە بەشێوەیەکی گشتی سەیارەکان دەیانتوانی ٥٠-٦٠ بڕۆن. تێبنیم دەکرد هەر سەردەکەوین بۆیە پلەی گەرما وردە وردە دەهاتە خوار و سەوزایش زیاتر دەبوو، بە درێژایی رێگاکە رووبارێک هەبوو دەیان گووند کەتبوونە سەری، ناوە ناوە رێستۆرانت و کافتریا هەبوو، دارا داوای لە شوفێرەکە کرد کە لە شوێنێک لابدەین بەمەبەستی چا خواردنەوە، لە شوێنێک وەستاین و خۆمان کرد بە ژووەرە، داوای چامان کرد، دوای ماوەیەک چاکان نەهاتن، ئێمەش جارێکی تر هەمان داوامان کردەوە هەر نەهات، یەکێک لەو کێشانەی کە بەردەوام لەگەڵ دارا باسەمان دەکرد مەسەلەی خراپی و هێواشی سێرڤزە، چونکە لە زۆربەی رێستورانت و کافێکان تووشی ئەم حاڵەتە دەبووین، دواتر بە ناچاری شوێنەکەمان جێهێشت. ئاکام تێڵی بۆ دارا کرد وتی ئەگەر گەیشتنە شوێنێک پێی دەڵێن (کەندەوان) لابدەن و خواردنی دۆ کوڵیوی ئێرانی بخۆن، ئەویش لە شوفێرەکەی پرسیار کرد وتی ١٠ دەقەی تر دەگەین، کاتێک گەیشتینە کەندەوان، زۆر سەیارە لەبەردەم رێستۆرانتەکان وەستابوون، ئێمەش خۆمان کرد بەگەورەترین رێستۆرانت، سەیرم کرد خەڵک سەرەیان بەستووە بۆ دۆ کڵیو، ئێمەش وەک خەڵکەکە بلیتمان بڕیو خواردنەکەمان وەرگرت، دەستمان بە خواردنی، بەڵام تا بڵێی خواردنێکی ترش بوو، زۆر حەزم پێی نەکرد بەڵام بە ناچاری خواردم چونکە جگە لەم خواردنە شتێکی تر نەبوو داوای بکەیت. ئەوێمان جێهێشت و سەیرم دەکرد جادەکە زیاتر تەسک دەبووەو بەرزتریش دەبوینەوە، جگە لەوە زۆر پێچاو پێچی تێدابوو، بەڵام هەر کە زیاتر دەڕۆیشتین بۆ باکوور سەوزایی زیاتر دەبوو و دەتوت گەیشتوونەتەت ووڵاتێکی جیاواز. ناوە ناوە دارا لەگەڵ شوفێرەکە قسەیان ئەکرد و ناوی کورد و تورکیا دەرباز دەبوو، باش تێنەدەگەیشتم بەڵام دەمزانی شوفێر پرسیار لەسەر رەوشی کوردانی باکوور دەکات دەمووچاویشی ناڕازیی بوونن پێوەدیار بوو، منیش پرسیارم لە دارا کرد وتم ئەتوانی شتێکم بۆ باس بکەیت باسی چی دەکەن؟ وتی من بۆم باس کرد کە نفوسی کورد لە باکوور دەگاتە ٢٠ ملیۆن، بەڵام هیچ ئازادیەکیان نییە، تەنانەت ناتوانن بە زمانی خۆیان قسەبکەن، جلی کوردی بپۆشن، ئەوە خەریکە دەبێتە دوو ساڵ سەرۆکی حزبەکەیان کە سەلاحەدین دەمیرتاشە خستۆتە زیندان، ئەی شوفێرەکە دەڵێ چی؟ وتی دەڵێت ئەردۆگان زۆر ستەمکارە و دەیەوێت وڵاتەکە بەرەو دیکتاتۆری دینی ببات، ئەم شوفێرە زۆر باش بیردەکاتەوە لەسەر کورد ئەڵێ ئێوە مافی خۆتان دەوڵەتتان هەبێت. دوای سێ سەعات رۆیشتن پرسیارم لە دارا کرد وتم بۆم بپرسە چەندمان ماوە بگەینە چالووس، وتی شوفێرەکە دەڵێ سەعاتێک، بەڵام هەر کە نزیکتر دەبووینەوە سەوزایی زێدەتر دەبوو، جادەکەش ترسناک تر دەبوو. لە سیستەمی هاتووچۆی ئێرانی، زۆربەی جادەکان دیاری کراوە کە چەند بڕۆیت، بۆیە لەبەردەمی هەر شارێکی گەورە ئۆفیسی پۆلیسی هاتووچۆ هەیە، سەیری دەفتەری خێرایی لێخورینت دەکەن بزانە چەند رۆیشتووی، بۆیە کاتێک شوفێر دەگاتە ئەو شوێنە، چاکەتێکی تایبەتیان لەناو سەیارەکە پێیە پێویستە بکەنە بەر خۆیان و ئینجا بڕۆن بۆ لای پۆلیسەکە، هەر کە ئێمە دەوستاین، داراش بە پەلە دەرگای سەیارەکەی دەکردەوە جگەرێیەکی دادەگیرساند و یەکسەر دووکەڵی لێ بەرزدەبووەو شتێکی تازەی پێدەگوتم لەسەر ئێران. کاکی شوفێر وتی تۆزێکی تر دەگەینە چالووس، بەڵام نازانم ئێوە خانوتان گرتووە، ئێمەش وتمان نەخێر، وتی ئەتان بەم بۆ شوێنی ڤێلاکانی نزیک دەریا، نرخی خانوو لە نێوان ١٢٠ بۆ ١٥٠ تمەنە لەمە زیاتر مەدەن، راستە خانوێک مەلەوانگەی تێدابێت گرانترە، بەڵام نرخەکان هەر لەوەندە دەسوڕێتەوە.

گەیشتینە چالوس

 کەوتینە ناو چالووس، زۆر قەشەنگ و سەوز دیاربوو، شەقامەکانی فراوانبوون، بەڵام هەتا بڵێی گەرم و شێداربوو. لە شوێنێک دابەزین وتی ئەمانە هەمووی خانوون بۆ کرێ بەڵام هەوڵبدەن لە ١٥٠ تمەن زیاتر نەدەن. ئیتر لەگەڵ دارا بە شەقامێکی قەراخ دەریا دەرۆیشتین و ناوە ناوە لە خەڵک و لە شوێنانەی کە نووسیبویان ڤێلا هەیە بۆ کرێ پرسیارمان دەکرد، زۆر شوێنمان تەماشه کرد، بەڵام هیچیانمان بە دڵ نەبوو، زۆر گەرمامان بوو جلەکانی بەرمان هەمووی بوو بە ئاو، ئۆتۆمبێلێک تێپەڕی و منیش دەستم بۆ راگرت، کوڕێکی گەنجی قەڵەوی رووخۆش بوو، وتمان بەدوای شوێنێکی باش دەگەڕیین ئەمشەو تیایدا بمێنینەوە، وتی باشە بەڵام ئەم شوێنە خۆش نییە ئێستا ئەتانبەم بۆ شوێنێکی خۆشتر و خانووی پاکی لێیە، نزیکەی ٢٥ دەققەیەک رۆیشتین گەیشتینە سەر شەقامێکی پانی مۆدێرن، خانووەکانی زۆربەی تازەبوون، وتی لێرە شوێنێکی باش هەیە، پێم وایە بەدڵتان دەبێت، کاتێک رۆیشتینە ناو بیناکە زۆر پاک و تازە دیاربوو، دەیڕوانی بەسەر دەریا، بەڵام داوای ٦٠٠ تمەنی دەکرد بۆ شەوێک، ئێمەش وتمان زۆرە دواتر بۆ دوو شەو بۆی کردین بە ٥٥٠ تمەن، هەر قبوڵمان نەبوو، ئەمیش رازی نەبوو لەمە زیاتر داببەزێت، بۆیە رۆیشتین بۆ هۆتێل بەڵام نرخەکەی دووجار گرانتربوو وەکوو ئەمیش خۆشتر نەبوو، هەر لە نزیکی هوتێلەکە یەک دوو شوێنمان سەیر کرد بەڵام هیچی کەڵکی مانەوەی نەبوو، بۆیە بە ناچاری گەڕاینەوە بۆ لای ئەپارتمانی ٥٥٠ تمەنییەکە، هەر زوو جانتاکانمان داناو خۆمان کرد بە حەمام، چونکە گەرماو شێکەی تەواوی جل و گیانی کردبووین بە ئارەقە، دوای پشووێکی دوو سەعاتی، هاتینە دەرەوە پیاسەیەکمان بەدەم شەقامی سەر دەریا کرد، هەندێک خەڵک خەریکی مەلەوانی بوون بەڵام زۆربەیان پیاو بوون، لەو لاترەوە هەندێک ژنم بینین بە جلەوە خۆیان خستبووە ناو ئاوەوە، بۆ من هەم جێگای سەرنج بوو و هەم بەزەییی، ئاخر چۆن بە مانتۆ و لەچک و تەواوی جلەکانی ژێرەوە مرۆڤ دەتوانێت مەلەوانی بکات، بەردەوام بووین لە رۆیشتن لەسەر قەراخی دەریاکە شوێنێکی گەورەیان دروستکردبوو لە شێوەی هۆڵی گەورەبوو بەڵام سەرەکەی نەگیرابوو، لەسەرەتا تێنەگەیشتم چییە، چونکە زۆر دیمەنێکی ناشرینی هەبوو، دواتر گوێمان لە دەنگی مۆسیقاو جۆش و خرۆشی خەڵک بوو، ئێمەش وەستاین و هەوڵماندا سەیربکەین و تێبگەین ئەم خەڵکە بەدیار چییەوە دانیشتوون، کاتێک لە نزیکەوە تەماشامان کرد، یاری زۆرانبازی بوو، لە لاشەوە گروپێک مویزیکیان دەژەنی و خەڵکەکەش زۆر سەرسامبوون، بەڵام ئەوەی جێگای پرسیار بوو بۆ من نە مویزکە و نە زۆرانبازیەکە هی ئەو هەموو جۆشە نەبوو، بەڵام دواتر ئەوە تێگەیشتم، ئەم سیستەمە زۆر بە کەمی ئەم جۆرە بۆنانە رێک دەخات، دەوڵەتانی لەم جۆرە لە هەموو کۆبوونەوەیەکی جەماوەری دەترسن، بۆیە هەستم دەکرد خەڵک تامەزرۆی بۆنەی لەم شێوەیە. ئەوێمان جێهێشت و لە رێستۆرانتێکامان خواردنی ئێوارەمان خوارد و لەگەرمان بە پەلە جارێکی خۆمان کردەوە بە مۆتێلەکە.

رۆژی دووەم لە چالوس

 بۆ بەیانی هەر لە نزیکی مۆتێلەکە شوێنێکمان دۆزییەوە بۆ نانخواردنی بەیانی، بەڵام وەک لەسەرەتاش باسم کردووە، هەژارترین نانخواردن نانی بەیانییە، هەندێک جار هەست ئەکەم لەکۆڵخۆکردنەوەیە، چونکە کە بەراورد دەکەیت لەگەڵ ژەمی نیوەڕۆ و ئێوارە، هیچ گرنیگیەکی نییە. دووبارە هەستمانکرد گەرما تەنگی پێهەڵچینییەوە و بە ناچاری گەڕاینەوە بۆ مۆتێل، بیرمان لەوەکردەوە تاوەکوو ئێوارە دونیا فێنک دەکات بمێنینەوە، بەڵام دارا پێی وابوو زۆر شوێنی خۆش هەیە پێوسیتە ئێمە بیبینین، لە دەورەبەری سەعات ٥ ئێوارە رۆێشتین لەسەر شەقامە سەرەکیەکە ویستمان تەکسیەک بگرین، کەسێک لە دووکانەکە هاتە دەرەوە وتی ئەگەر تەکسیتان پێوسیتە لەگەڵ من سەرکەون، وتمان ئامانەوێت بڕۆین بۆ تەلی فریک، وتی پێویستە ٣٠ تمەنم بدەنێ، ئێمەش وتمان زۆرە، دواتر لەسەر ٢٥ تمەن رێکەوتین، لە ڕێگا هەندێک پرسیارمان لێکرد، دەربارەی چالووس، وتی لەم شارە هەموو شتێک دەست دەکەوێت، تەنانەت ئەگەر مەیتان ئەوێت هەمانە، ئەگەر ژنتان بووێت من ئەتوانم بۆتان بهێنم، کچی تارانی ٢٣ ساڵ ٢٤ ساڵی هەیە، تەنها بە ١٢٠-١٥٠ تمەن، لەمانیش هەرزانتر هەیە، تەنانەت بە ٢٥-٣٠ تمەنش هەیە، لێرە هەموو شتێک دەستدەکەوێت، لێمان پرسی حکومەت چۆن رێگە دەدات بەم جۆرە کارانە؟ پێکەنینی وتی هیچ کێشە نییە، ئیتر لەم قسانە دابووین سەیارەکە کوژایەوە، زۆر هەوڵیدا بیخاتەوە ئیش بەڵام بێئەنجام بوو، ناچار دابەزین و هەندێک سەیارەکەمان پاڵدا بەڵام نەکەوتەوە ئیش، بۆیە لە شوێنێک سەیارەکەی وەستاندن و پارەمان پێداو هەر لەوێوە سواری تەکسیەکی تر بووین و دوای دوو خولەکێک گەیشتینە بەردەم شوێنی تەلەفریکەکە، لەسەرەتا وامانزانی نزیکە بەڵام ٤٥ دەققە رۆیشتین تا گەیشتینە ئەو شوێنەی کە بلیتی لێ دەفرۆشرا، شوێنێک بوو هەتا چاو بڕی دەکرد درەخت و سەوزایی بوو، زۆرجار هەستت دەکرد لە ڤییەنای یان لە ستۆکهۆڵمی، تەنانەت خانوو بیناکانیش لەسەر شیوەی ئەوروپا دروست کرابوون، زیاد لە هەستێکت بۆ دروست دەبوو کە نابێت ئێرە رۆژهەڵاتی ناوەراست بێت، هەندێک جار وا هەستم دەکرد لە مالیزیام، بە تایبەت ئەم شاخە سەوزانە پارچەیەک بوون لە جوانی و هێمنی. دارا رۆیشت دوو بلیتی کڕی و سواری تەلە فریکەکە بوین و رۆیشتین بەسەر دەریایەک لە سەوزایی، کە هەستت دەکرد شەپۆڵ دەدات، ئای کە دیمەنێکی ناوازەی هەبوو، دوای ٢٠ دەققەیەک گەیشتینە سەر چیایەکە، لەوێ خەڵکێکی زۆر هەبوو، جگە لە خەڵکی فارس خەڵکن عەرەبی عیراقیش هەبوو. لەسەر چیاکە زۆر فێنک بوو و هەستت دەکرد پڕە لە ئۆکسجین، دوای سەعاتێک گەڕاینەوە بۆ مۆتێلەکە. پێشوتر گوێمان لێ بوو جۆرێک ماسی سپی هەیە، بەڵام کاتێک پرسیارمان کرد وتیان ئێستا کاتی ماسی نییە، بە ناچاری خواردنێکی ترمان خوارد.

گەڕانەوە بۆ تاران

بۆ رۆژی دوایی لە ڕێگەی پاسەوە گەڕاینەوە بۆ تاران، ئەم جارە کە تارانم بینیوە شتێک جیاواز تر هاتە بەرچاوم، ئیتر نازانم هی ئەوە بوو ئەو رێگایەی کە لێوەی هاتینە تاران جوانترو پاکتر کەوتە بەرچاوم. کاتێک کە گەیشتینەوە ماڵی ئاکام، هەندێک ماندووبونی رێگامان پێوە دیاربوو، بەڵام ناچاریش بوو بڕۆینە دەرەوە لەبەرەوەی دوا رۆژمان بوو لەوێ، بۆیە لەگەڵ ئاکام کەوتینە گفتوگۆ بەمەبەستی بینینی هەندێک شوێنی تازە. جارێکی تر بە سەیارەی ئاکام هاتینە دەرەو رۆیشتین بۆ وەلی عەسر، بەمەبەستی کڕینی هەندێک شت، بەشێوەیەکی گشتی کەل و پەلی بیانی بە تایبەت ئەورپی کەمە، ئەوەی تێبینیم کرد زیاتر شتی خۆیان هەیە، بەڵام دیزاین و ڕەنگە وەک پێویست نییە، ئەمەش وای لە ئاکام و دەیان گەنجی تاران کردووە جل و بەرگ و پێڵاو لە کۆنە بکڕن. لە یەکێک لە شەقامەکان خۆمان کرد بە کافتریایەکی خۆش، دەنگی مویزیکی بیانی و بۆنی قاوە لە دوورە رایدەکێشایت، لەسەر مێزێک دانیشتین، سەرنجی دەروبەرمدەدا، کوڕو کچی گەنجی مۆدێرن دانیشتبون، وا هەستت دەکرد لە کافێیەکی پراگ دانیشتووی، گەرچی لەوێش سێرڤس وەک پێویست نەبوو. بەڵام رێزی خۆشەویستی کارمەندەکانی و کەش و هەوای ناو کافێکە وایکرد کاتێکی زیاتر بـمێنینەوە، دانیشتن لەگەل ئاکام خۆشبوو چونکە کوڕێکی وریاو شارەزابوو بە کەلتوری تاران و ئێران بە گشتی، بۆیە بەشێک لە دونیابینینم لەسەر تاران بۆ ئاکام دەگەڕێتەوە. پرسیارمان کرد بچین بۆ رێستۆرانتێکی خۆشی سونەتی، ئاکام وتی چەند رێستۆرانتێک هەیە، بەڵام لە هەمویان خۆشتر نزیکە لێرە. کاتێک کەوتینە ناو رێستۆرانتەکە کەشێکی زۆر پڕ جۆش و خرۆش، دیزاینی مێزو کورسییەکان و دیوار و رەنگی ناو رێستۆرانتەکە بە نەخش و سەلیقەی ئێرانی کرابوو، ئەمەش ئەوەندەی تر جوانی کردبوو، سەیری مینووی خواردن و خواردنەوەم کرد، زۆر جۆری هەبوو، بەڵام لە هەمووی گرینگتر گۆرانی بێژی دەنگ خۆش و میوزیکوانی زۆر بە توانا ئامادبوون، هەندێک جار ئەوەندە دەکەوتینە ژێر کاریگەریی مویزیک و گۆرانییەکان، واماندەزانی لە کۆنسێرت دانیشتووین، ئەم شەو شەوێکی زۆر جیاواز و پڕ رەنگ بوو، کە ئەستەمە بتوانین لە بیری بکەین.

گەڕانەوە بۆ سنە

بەلامەوە سەیر بوو، کە چۆن کاریگەریى پەکەکە لێرە چۆن دروست بووە و ئەو کاریگەرییە بۆ کوردانى رۆژهەڵات سەرنجڕاکێشە. دواتر ئاکۆ لە رێگەی تەلەفۆنەوە دوو بلیتی پاسی گەڕانەوە بۆ سنە دابینکردین و بەڵام پێویست بوو بە پەلە بجوڵێین و بگەینە پاسەکە، چونکە وا بریار بوو سەعات ١٠ بڕوات، بەڵام مخابن سەعات و چارێکێک چاوەڕیمان کرد تا جووڵەی کرد. لە زۆربەی ڕیگاکانی دەرەوی شار، تایبەت ئەو ڕیگایانەی دوو سایدن، پاس بۆی نییە لە سەعاتێکدا زیاتر لە ١١٠ کیلۆمەتر لێبوخرێت، بۆیە هەمیشە پاس پارێزراوترە لە سەیارەی بچووک. دوای شەش سەعات و نیو گەیشتینەوە سنە. پێشوو تر بڕیارمان هەبوو بچین خواردنی تایبەتی سنە بخۆین، بۆیە هەر کە گەیشتینە سنە رۆیشتین بۆ رێستۆرانتێکی بەناوبانگی خواردنی کوردی، کە تام و چێژێکی زۆری هەبوو، دواتر پەیوەندیم بە ڤیانەوە کردەوە وتم ئەگەر کاتت هەیە یەکتر ببینین، چونکە بەیانی ئەگەڕێنەوە بۆ سڵیمانی، دوای ٢٥ خولەکێک دەرکەوت و رۆێشتین بۆ کافێیەک، لە رێگا پرسیارن ئەوەم کرد بۆچی گوێم لە دەنگی بانگ نابێت وتی لەبەرەوەی تەنها دوو مزگەوتی گەورە هەیە، لە گەڕەکەکانیش خەڵک قبوڵ ناکەن مزگەوت دروست بکرێت، بۆیە هەموو ئەمانە وای کردووە مزگەوت زۆر کەم بێت. ڤیان باسی لەوەدەکرد گەنجی دین بەشێوەیەکی گشتی لە ئێران لاواز بووە، بە تایبەت ناو گەنجەکان. هەستمان کرد ئیتر کات درەنگەو پێویستە بگەڕینەوە بۆ ماڵی کاک بابانی دۆستی کاک دارا، هەر کە گەیشتینە ماڵ، زۆر رێزیان گرتین و لوتفیان نواند، دواتر زاوای کچەکەی هات وتی با بڕۆین بۆ ئاویەر ئەوێش ببینین وەکو ئەزمەڕی لای خۆتانە. کاتێک گەیشتینە سەر ئاویەر بەڕاستی لێکچونێکی زۆر هەیە لە نێوان ئەزمەڕ و سلێمانی لەگەڵ ئاویەر و سنە، دوای شەوێکی درەنگ و پڕ ماندووی، گەڕاینەوە ماڵ، بەیانی کاتێک لە خەو هەڵستاین کاک بابان باسی سەردەمی شای بۆ دارا دەکرد، دیاربوو زۆر داخی ئەکێشا بۆ ئەوکات و دواتر باسی رزگارکردنی سنەی کرد لە سەر دەستی کۆمەڵە لە ساڵی ١٩٨٠ بۆ ١٩٨٢ باسی لەوەکرد کە لە ماوەیەکی کەم زۆر گەنجی سنە شەهید بوون، کە سەیری دەم و چاوم دەکرد، خەمی ژیان بڕستی لێبڕیبوو، دەیوت من ناڕۆمە دەرەوە زیاتر لە ماڵەوەم، بچم بۆ کوێ؟ هیچ شوێنێک نییە، ئەم کۆماری ئسلامیە، بەختەوەری لەناوبرد، خۆشی نەهێشت، ئیتر نازانین چی بکەین، گەر ئەمریکا بتوانێت رزگارمان بکات لەم جانەوەرانە. ئیتر کاتی رۆیشتین هاتبوو، لەگەڵ کاک بابان رۆیشتین لە سەرەتا چوینە ناو بازار بەمەبەستی کڕینی هەندێک پێداویستی، لە ڕیگا باسی مادی هۆشبەری بۆ کردین کە چەند لە ئێران بڵاوبۆتەوە، وتی من زیاتر لە ٢٠ ساڵ کێشام، زۆر ماندووی کردم، بەڵام ئێستا وازم لێهێناوە، منیش پرسیارم کرد چۆن پەیدات دەکرد، وتی بە تەلەفۆن بە ١٠ خولەک دەستم دەکەوت، نرخی یەک گرام بە ٤ بۆ ٥ تمەن دەبێت، منیش وتم یەمە نرخێکی زۆر کەمە، وتی بەڵێ کەمە چونکە دەوڵەت حەز ئەکات خەڵک بیکێشێ، خۆیان بڵاوی ئەکەنەوە، جار جار بۆ ریکلامی خۆیان کەسێک لە سێدارە دەدەن، بەڵام هیچ لە واقیعەکە ناگۆڕێت چونکە پیاوانی دەوڵەت خۆیان لە پشت هەموو یاریەکانن.

 گەیشتینە تێرمیناڵی مەریوان، لەوێ سەیارەکی تایبەتمان گرت تاوەکوو سنوور...

ر.م