لە ٤٠ شاری فەرەنسا چالاکیی "سنوورەکان بکەنەوە" بۆ کۆچبەران بەڕێوەچوو

بۆ ئەوەى بە رووخۆشی پێشوازى لە پەنابەران بکرێت، لە پاریسی پایتەختى فەرەنسا و ٤٠ شاری ئەو ئەوڵاتەدا هەزاران کەس رژانە سەر شەقامەکان و داوایان کرد "سنوورەکان بکرێنەوە".

بە بۆنەی رۆژی جیهانیى کۆچبەرانەوە، لەسەر داواى ٢٥٠ کۆمەڵە، سەندیکا و حیزب لە زیاتر لە ٤٠ شاری فەرەنسادا بۆ پشتیوانیکردن لە کۆچبەران چالاکی ئەنجامدرا.

لە شاری پاریس چالاکییەکە بە بەشداریى ٢ هەزار کەس بەڕێوەچوو و تیایدا دروشمی "سنوورەکان بکەنەوە" لەلایەن چالاکوانانەوە دەوترایەوە.

هەروەها پۆستەرێک کە لەسەری نووسرابوو "ئێمە لێرە دەژین، لێرە کار دەکەین و لێرە دەمێنینەوە" بەرزکرابوویەوە.

چالاکوانەکان ناڕەزایەتییان لە دژی ئەوەش خستەڕوو، کە ماوەی دەستگیرکردن و لێپرسینەوە لە کۆچبەران لە ٤٥ رۆژەوە زۆر کراوە بۆ ٩٠ رۆژ.

ر.م