هه‌‌وسه‌ل سه‌رچاوه‌ی بژێوییه‌

باخچه‌كانی هه‌وسه‌ل بۆ ئامه‌د وه‌ك كۆگه‌ی سه‌وزه‌واته‌. به‌رهه‌مهێنه‌رانی باخچه‌كه‌ كه‌ له‌وێ كار ده‌كه‌ن ده‌ڵێن، سه‌ره‌ڕای هه‌موو زه‌حمه‌تییه‌كان ده‌ست له‌ به‌رهه‌مهێنانی سه‌وزه‌وات‌ به‌رناده‌ن.

مه‌همه‌ت ئه‌ریم (٦٢ ساڵان) كه‌ له‌ ناوچه‌ی سووری ئامه‌د ده‌ژی و زیاتر له‌ ٤٧ ساڵه‌ له‌نێو باخچه‌كانی هه‌وسه‌ل كاری كشتوكاڵ و به‌رهه‌مهێنانی سه‌وزه‌ ده‌كات ده‌ڵێت، هێزه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركیا ٢ی كانوونی یه‌كه‌می ٢٠١٥ له‌ كاتی «قه‌ده‌غه‌كاری هاتووچۆ» له‌ گه‌ڕه‌كی فاتیح پاشا (یه‌نی كاپی) ماڵه‌كه‌یان خرا كردووه‌ و ماوه‌ی ٣ ساڵه‌ له‌ هه‌لومه‌رجێكی سه‌ختدا ده‌ژی. ده‌شڵێت، له‌ ته‌مه‌نی ٢٠ ساڵییه‌وه‌، له‌نێو باخچه‌كانی هه‌وسه‌ل كاری كشتوكاڵ ده‌كات و به‌رهه‌مه‌كانی سه‌وزه‌واتی وه‌ك چه‌وه‌نده‌ر، كه‌ره‌وز، پیاز، خه‌یار و بیبه‌ر ده‌چێنن.

«له‌نێو باخچه‌دا هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی‌ ده‌كه‌م»

ئه‌ریم ده‌ستنیشانی كرد كه‌ ئه‌وان سه‌ره‌ڕای هه‌لومه‌رجی سه‌خت، به‌رده‌وام كار ده‌كه‌ن و به‌رهه‌مه‌كانیان له‌ بازاڕه‌كان ده‌فرۆشن. 

«كاتێك ڕوو له‌ باخچه‌ی هه‌وسه‌ل ده‌كه‌م، زۆر شادمان ده‌بم. كاتێك له‌نێو باخچه‌كانی خۆمان كار ده‌كه‌م هه‌ست به‌ ئاسووده‌یی ده‌كه‌م. به‌ر له‌ ٣ ساڵ ماڵه‌كه‌م له‌ گه‌ڕه‌كی فاتیح پاشا بوو، به‌ڵام هێزه‌كانی ده‌وڵه‌ت به‌بیانووی ئاسایش ماڵه‌كه‌میان خرا كرد. ئێستا زۆر زه‌حمه‌تی ده‌بینم. پێشتر ماڵه‌كه‌م نزیك بوو له‌ باخچه‌كانی هه‌وسه‌ل و له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا ده‌هاتمه‌ نێو باخچه‌كان. به‌ڵام ئێستا ٢ دۆڵمیش ده‌گۆڕم تا ده‌گه‌مه‌ نێو باخچه‌كان.»

«ڕۆژی من له‌نێو باخچه‌ ده‌ستپێده‌كات»

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات زۆربه‌ی كاته‌كانی ژیانی له‌نێو باخچه‌كاندا به‌سه‌ر ده‌بات. ده‌ڵێت: من له‌ كاتژمێر ٦:٣٠ هه‌تا ١٧:٠٠ له‌ ته‌ك هاوژین و منداڵه‌كانم كار ده‌كه‌م. باشترین سه‌وزه‌ و میوه‌ له‌ باخچه‌كانی حه‌وسه‌ل پێده‌گه‌یه‌نین. به‌ڵام ئه‌مساڵ به‌هۆی قه‌یرانی ئابووری كارگه‌ری زۆر له‌سه‌ر كڕین و فرۆشتن دروست بووه‌. ئێمه‌ ڕه‌نجێكی گه‌وره‌ ده‌ده‌ین، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی قه‌یران هه‌یه‌ سه‌وزه‌كان به‌ هه‌رزانی ده‌فرۆشین.

باخچه‌كانی هه‌وسه‌ل؛ كۆگه‌ی سه‌وزه‌وات

ژنێك به‌ ناوی ئه‌مینه‌ ئه‌ریم كه‌ له‌نێو باخچه‌كانی هه‌وسه‌ل كار ده‌كات ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كات كه‌ له‌ به‌ره‌به‌یانه‌وه‌ تا ئێواره‌ له‌نێو زه‌وییه‌كاندا پیواز سپی ده‌كه‌ن و ده‌یبه‌نه‌ «بازاڕی یه‌نیهاله»‌ له‌ ئامه‌د. ده‌شڵێت: باخچه‌كانی هه‌وسه‌ل كۆگه‌ی سه‌وزه‌واته‌ و خاكی حه‌وسه‌ل دایكی سه‌وزه‌یه‌. ئه‌و سه‌وزه‌واته‌ی له‌ حه‌وسه‌ل ده‌ڕوێنرێت به‌تامه‌.

ئه‌مینه‌ ئه‌ریم هێما بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات كه‌ هه‌رچه‌نده‌ زه‌حمه‌تی زۆر ده‌بینن، به‌ڵام ئه‌م كاره‌ سه‌رچاوه‌ی بژێوییه‌.

s.m