کەنەکە رایگەیاندووە "چ سەمەرەیەکە! ئەوەی لە جەژنی رەمەزاندا هێرش دەکاتە سەرمان، نەک هەر خۆی بە موسڵمان دەزانێ، بەڵکو خۆی وەک سەرۆک و رابەری موسوڵمانان لە قەلەم دەدات. رۆژی جەژن لەبەردەمی کامێراو سەر تەلەفزیۆن دەردەکەوێت و دەڵێ " موسوڵمانی درووست و خێرخواز ئێمەین". بەم درۆ و دەلەسانە و بە خۆشاردنەوە لەژێر پەردەی ئایندا، خواستی ناڕەواو نامرۆڤانەی خۆی بەسەر گەلی ئێمەدا دەسەپێنێ".
دەقی راگەیاندراوەکەى کەنەکە
جەژنی رەمەزان لە گەلی کوردستان و هەموو جیهانی ئیسلامی پیرۆزبێت
سبەینێ جەژنە، جەژنی رەمەزانە. ئێمە دیسان جارێکی ترو جەژنێکی تر لە دۆخێکی ئاڵۆزدا دەکەین. لە باکور و باشوورو رۆژاوا هێرش بۆ لەناوبردنی گەلی کورد بەردەوامە. دەوڵەتی تورکیا دوای داگیرکردنی عەفرین رووی هێرش و داگیرکاریی کردووەتە باشووری کوردستان. لە رۆژهەڵاتیش دۆخێکی ئاڵۆز هەر بەردەوامە. لە بەرامبەر ئەم هێرش و داگیرکارییەدا، شەڕی ئازادی و بەرخۆدانی گەلی ئێمە بە هەموو شێوەیەک بەردەوامە.
چ سەمەرەیەکە! ئەوەی لە جەژنی رەمەزاندا هێرش دەکاتە سەرمان، نەک هەر خۆی بە موسڵمان دەزانێ، بەڵکو خۆی وەک سەرۆک و رابەری موسوڵمانان لە قەلەم دەدات. رۆژی جەژن لەبەردەمی کامێراو سەر تەلەفزیۆن دەردەکەوێت و دەڵێ " موسوڵمانی درووست و خێرخواز ئێمەین". بەم درۆ و دەلەسانە و بە خۆشاردنەوە لەژێر پەردەی ئایندا، خواستی ناڕەواو نامرۆڤانەی خۆی بەسەر گەلی ئێمەدا دەسەپێنێ.
بێگومان گەلی کورد لە هەرچوار پارچەی کوردستان و لە هەموو شوێنێکی تر، ئەو خەڵکەی جاران نین. ئێستا هۆشیارەو لە ناو تێکۆشانێکی نەتەوەیی دیموکراتکی سەردەمیدایە. ئیدی نە دەرۆزەکەری بەردەرگای زۆردارانەو نە بەو درۆیانە دەخەلەتێ و نە ژێردەستیش قبوڵ دەکات. ئیدی هیوای بە خۆی و رێبەرایەتی خۆی و تێکۆشانی خۆی هەیە.
ئێمە بەهیواین لەو بڕوایەداین کە گەلی کوردستان لە دەرفەتێکی نزیکدا بە ئارامی و ئاشتی و ئازادیی، جەژن و ئاهەنگی شادیی دەگێڕێ. بەم بۆنەیەوە جەژنی رەمەزان، سەرەتا لە زیندانیان و جەنگاوەرانی ئازادی، لە گەلی کوردستان و تەواوی جیهانی ئیسلامیی پیرۆزدەکەین.
ر.م