کەنەکە پیرۆزباییەکى بە بۆنەی جەژنی لەدایکبوونی مەسیحەوە بڵاوکردەوە

کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان رۆژی لە دایکبوونی حەزرەتى عیسای لە مەسیحییەکانی جیهان پیرۆزکرد و رایگەیاند، رۆژە پیرۆزە ئایینەکان لاى هەموو ئایینەکان بەهایەکى تایبەتیان هەیە.

لە راگەیاندراوەکەى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان (کەنەکە) بە بۆنەى رۆژی دایکبوونی حەزرەتى عیساوە ئەوەش هاتووە "لە کوردستان ژمارەیەکی زۆر لە باوەڕدارانی عیساو کتێبی پیرۆزی ئینجیل هەن و هاووڵاتی بە نرخی کوردستانن. لە ناو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیشدا نوێنەرایەتی هاووڵاتییە مەسیحیەکان هەن."

لە راگەیاندراوەکەى کەنەکەدا هاتووە:

"رۆژی لەدایکبوونی عیسا لە جیهانی مەسیحیدا رۆژێکی پیرۆزە. بەو بۆنەوە رۆژی ٢٥ی کانونی یەکەم / ٤ی بەفرانبار وەک رۆژی لەداکبوونی عیسا بەرز رادەگیرێت. رۆژە ئایینیە پیرۆزەکان لای هەموو ئاینەکان بەهایەکی تایبەتیان هەیە. هەر ئاینێک رۆژە گرنگەکانی خۆی بە شادی و جۆشێکی گەرمەوە لەناو خۆو لە پەرستگاکانیەوە یاد دەکاتەوە.

لەکوردستان ژمارەیەکی زۆر لە باوەڕدارانی عیساو کتێبی پیرۆزی ئینجیل هەن و هاووڵاتی بە نرخی کوردستانن. لە ناو کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستانیشدا نوێنەرایەتی هاووڵاتییە مەسیحیەکان هەن.

جەژنی لەدایکبوونی عیسا نزیکەی ٢٠٠٠ ساڵە لە کوردستان پیرۆزدەکرێت و بۆتە جەژنێکی سەرەکیی لە وڵاتی ئێمە.

بە بۆنەی ئەو رۆژە پیرۆزەوە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان بە رێزەوە پیرۆزبایی ئەم جەژنە لە مەسیحیەکانی کوردستان و هەموو جیهان دەکات. هیواخوازە کە ئەم رۆژە ببێنتە هۆی ئاشتی و ئارامی و خێروخۆشی بۆ سەرجەم مرۆڤایەتی لە هەر گۆشەیەکی ئەم دنیایەدا".

ر.م