بنکەی سەربازیی زلیکان، گڕکانێک لەبەردەم تەقینەوەدا
بنکەی سەربازیی زلیکان لە ١٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ بە مۆڵەتی حکومەتی باشووری کوردستان و پارێزگاری ئەوکاتەی موسڵ، ئەسیل نوجەیفی بنیاتنرا، یەکەمجار زیاتر لە هەزار سەربازی تورکی تێدا نیشتەجێ کرا.
بنکەی سەربازیی زلیکان لە ١٥ ی کانوونی دووەمی ٢٠١٤ بە مۆڵەتی حکومەتی باشووری کوردستان و پارێزگاری ئەوکاتەی موسڵ، ئەسیل نوجەیفی بنیاتنرا، یەکەمجار زیاتر لە هەزار سەربازی تورکی تێدا نیشتەجێ کرا.
بنکەی سەربازیی زلیکان لە نزیک چیای بەعشیقەیە و ٤٢ کم دەکەوێتە باشووری پارێزگای موسڵەوە. بنکەی زلیکان لەلایەن پارێزگاری موسڵەوە بەبڕی ٤ ملیار دینار بەبێ ئاگاداری ئەنجوومەنی پارێزگا بنیاتنراوە.
بڕی ٤ ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە
ساڵێک پاش بنیاتنانی بنکەکە، وەزیری بەرگریی ئەوکاتەی عێراق خالید عوبەیدی و پارێزگاری موسڵ لە ٢٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٥ بە فەرمی سەردانی زلیکانیان کرد و ویستیان سوپای عێراق لەوێ جێگیر بکەن. بەڵام لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە ڕەتکرایەوە، پێیان گوتن، هێزێکی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن و لەنێو سوپای تورکدا جێبگرن.
هەمان ساڵ پارێزگاری موسڵ ئەسیل نوجەیفی هێزێکی بە ناوی پاسەوانانی نەینەوا دامەزراند و ڕادەستی کوڕەکەی کرد بە ناوی عەبدوڵا ئەسیل نوجەیفی کە لە سێ لیوا پێکدێت و هەر لیوایەک ٣ بۆ ٥ هەزار سەرباز دەگرێتەخۆ. هەروەها لەلایەن بەرپرسانی سەربازیی دەوڵەتی تورکەوە مەشقیان پێ دەکرێت.
لەو سێ لیوایە دوو لیوا بەشێکن لە حەشدی شەعبی و سێیەمیش کە بە لیوای ٥٩ ناسراوە لە سێ فەوج پێکدێت و لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە مووچە و پێداویستی لۆجستیکی بۆ دابین دەکرێت. بە فەرمی لە بنکەی زیلیکان دەمێننەوە، سەرکردەکانیان بریتین لە:
- فەرماندەی فەوجی یەکەم: مەحمود محەمەد ئەلسەبعاوی
- جێگری فەرماندەی فەوجی یەکەم: مەحمود حاج سوڵتان ئەل جبووری
- فەرماندەی فەوجی دووەم: محەمەد ڕەجەب ئەلزوبەیدی
- جێگری فەرماندەی فەوجی دووەم: جاسم هاشم جاسم ئەلمەلاح
- فەرماندەی فەوجی سێیەم: غانم محەمەد عەلی شەریف ئەل عوبێدی
- جێگری فەرماندەی فەوجی سێیەم: ساڵح عەلی حەمەش ئەلسەبعاوی
ناڕەزایەتییەکان دژی هەبوونی سەربازی تورک
لەوکاتەوەی بنکەی سەربازیی زلیکان بنیاتنراوە، چەندین بەرپرسی عێراق بەتوندی ناڕەزایەتییان دەربڕیوە، داوایان کردووە سەربازەکانی تورک لەسەر خاکی عێراق بکشێنەوە. بەڵام دەوڵەتی تورک بەئەمڕۆشەوە گوێی بە ناڕەزایەتییەکان نەداوە. لە ساڵی ٢٠١٥ لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی عێراقەوە لە ئەنجوومەنی ئاسایش سکاڵا دژی دەوڵەتی تورک تۆمارکرا، تاوەکو سەربازەکانی لە زلیکان و تەواوی عێراق بکشێنێتەوە. هەمان ساڵ، مەرجەعی باڵای شیعەکان، عەلی سیستانی ناڕەزایەتی توندی نیشاندا و داوای کرد دەوڵەتی تورک هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە. هەروەها وەزارەتی دەرەوەی عێراق دیسانەوە بە فەرمی داوای لە ئەنقەرە کرد، هێزەکانی لە زلیکان بکشێنێتەوە. سەرەڕای هەموو ناڕەزایەتییەکان، دەوڵەتی تورک وەڵامی هیچکام لەم بانگەوازانەی نەداوەتەوە.
شایەنی بیرهێنانەوەیە، ماوەیەکی زۆرە بنکەی سەربازیی زلیکان لە عێراق لەڕووی سیاسی و سەربازییەوە بووەتە مایەی کێشە و مشتومڕ. بەتایبەت لایەنە شیعەکان، ئەم بنکەیە وەک ئەدلیبی دووەم و گڕکانێک لەبەردەم تەقینەوەدا ناودەبەن. ئاماژە بەوە دەکەن، دەوڵەتی تورک چاوی بڕیوەتە دەشتی نەینەوا و کەرکوک کە بەشێکی گەورەیە لە خاکی عێراق.
زلیکان چەندین جار بە مووشەک بە ئامانج گیرا
بنکەی سەربازی زلیکان لە ساڵی ٢٠٢١وە چەندین جارە بە ئامانج دەگیرێت و تاوەکو ئێستاش هیچ ئامارێکی دروستی کوشتن و برینداربوون لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە نەدراوە. لە ساڵی ٢٠٢١ تاوەکو ، ٢٠٢٣ ، ٢٥ جار بە مووشەک بە ئامانج گیراوە و گروپە سەربەخۆکانی عێراق ئەم چالاکییانەیان لە ئەستۆ گرتووە.
دەستوەردانی سەربازی دەوڵەتی تورک
لە عێراق دەستوەردانی سەربازی لە کاتی شەڕی کەنداوی یەکەم یان لە ساڵی ١٩٨٣وە دەستی پێکرد. هۆکاری ئەمەش ئەوە بوو عێراق لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران کەوتە شەڕەوە و سیاسەتی کەمکردنەوەی دووژمنی بەڕێوەدەبرد. لەبەر ئەمەش ڕێگەی بە تورکیا دا بێتە ناو سنوری خاکی عێراقەوە.
لە ساڵی ١٩٨٤دا، وەزیری دەرەوەی عێراق تارق عەزیز، لەگەڵ وەزیری تورک واحید مەلح ڕێکەوتنێکی واژۆ کرد، کە ڕێگەی دەدا تورکیا بە قوڵایی ٥ کیلۆمەتر دەربازی ناو خاکی عێراق ببێت، بەڵام بە مەرجێک لە ساڵیادی ڕێکەوتنەکە کۆتایی پێ بێت. بەڵام دەستوەردانەکانی تورکیا لە سنووردارکردن نەمایەوە. لە ساڵی ١٩٩٢دا دەستوەردانی کرد و لە ١٩٩٣ ناوەندێکی هەواڵگری لە هەولێر دروست کرد، ئەوکات تورکیا سودی لە ناکۆکی نێوان پارتەکانی کوردستان وەردەگرت. لە نیوەی ساڵانی ٩٠دا یان ٤ ساڵ لە دوای شەڕی کەنداوی دووەم، دەرکەوتنی سیستەمی ٣٦ بە دەستی حکومەتی ناوەندی عێراق و بونیاتنانی سیستەمێکی ئیداریی کوردی لە کوردستانی عێراق، بەغداد ڕێگەی دا تورکیا بە قوڵایی ٢٠ کیلۆمەتر بێتە نێو خاکی عێراقەوە. لەو ڕۆژەوە دەوڵەتی تورک خاکی عێراق داگیر دەکات و بە دەیان کیلۆمەتر دەربازی خاکی عێراق بووە.
ڕێکەوتنەکانی عێراق و تورکیا و مەترسییەکانی
ڕێککەوتنی ناستراتیژی عێراق لەم دواییە لەگەڵ دەوڵەتی تورک لە بەرژەوەندی عێراقدا نەبوون. بە تەنها ڕازیکردنی دەوڵەتی تورک لەو چوارچێوەیەدا بوون، هەربۆیە بوو بە هۆی ئەوەی لەم دواییانەدا لە نێوان لایەنی پەیوەندیداردا هەماهەنگی و دەوڵەت قەیرانێکی نائاسایی دەربکەوێت.
لە ٢٢ی نیسانی ٢٠٢٤دا عێراق و دەوڵەتی تورک لەسەر ١٠ خاڵ ڕێکەوتن کە تاوەکو ئێستاش ناوەڕۆکەکەی بە ڕوونی نەزانراوە. ئەم خاڵانە لە لایەن دەوڵەتی تورکەوە نوسراون و بە عێراقی واژۆ کردوە. هەروەها لە ١٥ی ئابی هەمان ساڵدا جارێکی دیکە پەیوەست بە ئاسایش و شەڕ لە دژی تیرۆردا لە نێوان هەر دوو لایەندا ڕێکەوتن ئەنجام درا.
شایەنی بیرهێنانەوەیە لە ١٤ی نیساندا وەزیری دەرەوەی تورک هاکان فیدان، لە ئەنتاڵیا لەگەڵ شاندی عێراق کۆبوونەوەی ئەنجام دا و هەڕەشەی لە شەنگال کرد و گوتبووی بۆچوونی خۆیان دەربڕیووە و لە ماوەیەکی کەمدا ئەنجامەکان دەبینن.