لە ڕەشنووسی بەیاننامەی کۆتایی سەرکردەکانی گروپی ٧ (ئەمریکا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، بەریتانیا، کەنەدا و ژاپۆن) کە ڕۆژی هەینی لە بۆرگۆ ئیگنازیا لە باشووری ئیتاڵیا بەڕێوە چوو، چین بوو بە ئامانجی ڕەخنە توندەکانیان.
لە کاتێکدا سەرکردەکانی گروپی حەوت ڕایانگەیاند کە، خوازیاری پەیوەندییەکی بنیاتنەر و سەقامگیرن لەگەڵ چین و بە گرنگییەکانی لە بازرگانی جیهانیدا، ڕازین. هەروەها نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە سیاسەت و هەوڵەکانی دەرەوەی کاری ئابووری، کە دەرئەنجامە جیهانییەکانی لێدەکەوێتەوە دەربڕی.
گروپی حەوت داوای لە پێکەن کردووە کە لە سنووردارکردنی هەناردەکردنی کانزا گرنگەکان بۆ کەرتەکانی وەک ئۆتۆمبێلی کارەبایی و پەیوەندییەکان ڕابگرێت، هەروەها داوا کراوە دوور بگرێت لە کۆنترۆڵکردنی هەناردەکردنی کانزاکان، کە دەتوانێت ببێتە هۆی کێشەی بەرچاو لە زنجیرەکانی دابینکردنی جیهانیدا.
لە ڕەشنووسی بەیاننامەی گرووپی حەوتدا باس لە هاوکارییەکانی چین لە جەنگی ڕووسیا، بارودۆخی سەربازی و دیپلۆماسی لە ناوچەی هیندستان و دەریای ئارام کراوە و تیشک خراوەتە سەر ناکۆکی نێوان وڵاتانی دراوسێی پێکەن و ئاسایشی ڕێڕەوی کەشتیوانی لە دەریای باشووری چین.
لە بەیاننامەکەدا، داوا لە چین کراوە پارچە و کەرەستەی چەک بۆ کەرتی بەرگری ڕوسیا دابین نەکات.
لین ژیان وتەبێژی دەرەوەی وڵاتی چین سەبارەت بە بەیاننامەکەی گرووپی حەوت وتی: "بەیاننامەی لوتکەی گروپی حەوت جارێکی دیکە دەستکاری پرسە پەیوەندیدارەکانی بە چین کردووە، تۆمەت و هێرشی کردووەتە سەر چین، باسی ناپەیوەندیداری دووبارە کردووەتەوە کە هیچ بنەمایەکی ڕاستەقینەیان نییە، هیچ پاساوێکی یاسایی و ئەخلاقی هەڵناگرێت و پڕە لە خۆبایی و پێشوەختە بڕیاردان و درۆ."