دانوستانی حەماس_ئیسرائیل: ١٠٠٠ زیندانیکراوی فەڵەستینی ئازاد دەکرێن

قەتەڕ کە نێوانگیری ئیسرائیل و حەماس دەکات ڕایگەیاند هەموو ئاستەنگەکانی بەردەم ئاگربەست لە کەرتی غەززە لە کۆبوونەوەیەکدا لە دۆحە هەڵگیراون.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەڕ ماجد ئەل ئەنساڕی لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "لەماوەی دوو هەفتەدا لە کۆبوونەوەکاندا پرسی گرنگ چارەسەرکراون و گەیشتووین بە خاڵێک تا بتوانین کێشەکانی بەردەم ڕێککەوتن چارەسەر بکەین".

دوو سەرچاوەی فەڵەستینی ئاگادار لە ئاگربەستەکە ڕۆژی سێ شەممە قسەیان بۆ ئاژانسی فرانس پرێس کرد، دووپاتیان کردەوە لە قۆناغی سەرەتادا لەبەرامبەر ٣٠٠ زیندانیکراودا، ١٠٠٠ زیندانیکراوی فەڵەستینی ئازاد دەکرین.

لەماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو، ٦١ کەس گیانیان لەدەستداوە

لەلایەکی ترەوە، وەزارەتی تەندرووستی کەرتی غەززەی سەر بە حکومەتی حەماس، ڕۆژی سێ شەممە ڕایگەیاند لەسەر خاکی فەڵەستین لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوو ٦١ کەس کوژراون.

بەقسەی وەزارەتەکە، لە ٧ ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣ ـەوە ٤٦ هەزار و ٦٤٥ کەس کوژراون، ١١٠ هەزار و ١٢ کەس بریندار بوون.