پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد لە سوریا، لە سەرانسەری وڵاتەکە ڕەوشێک نادیار بەردەوامە. ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ (سۆهر) ڕایگەیاند ئیسرائیل لە شەوی ٩ ی کانوونی یەکەم لە سەرانسەری وڵاتەکە ٢٥٠ هێرشی ئاسمانی ئەنجام داوە. سۆهر ڕایگەیاند لە هێرشەکاندا بنکە سەربازیەکان لە دیمەشق و دەرعا و لازقیە و حەما کراونەتە ئامانج.
خاڵە سەربازییەکان کراونەتە ئامانج
لە ڕاپۆرتەکەی سۆهر تیشکخراوەتە سەر هێرشەکان بۆ سەر شارە جیاوازەکانی سوریا و دووپاتی دەکاتەوە، کۆگای چەک و فڕۆکە و بنکەکانی ڕاگەیاندنی سربازیی و فڕۆکەخانەی سەربازیی کراونەتە ئامانج.
"بەرزاییەکانی جۆلان، ناوچەیەکی دانەبڕاون لە ئیسرائیل"
پاش ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، ئیسرائیل لە باشووری سوریا هێزی نارد بۆ سەر بەرزاییەکانی جۆلان. سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل بنیامین نەتانیاهو ڕایگەیاند بەرزاییەکانی جۆلان کە لە ساڵی ١٩٦٧ ـەوە لەژێر کۆنتڕۆڵی ئیسرائیلدایە، تا هەتایە دەبێتە "بەشێکی دانەبڕاو لە ئیسرائیل". نەتانیاهو ڕایگەیاند ئەم بۆردوومانانە و هەبوونی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان بۆ ئاسایشی ئیسرائیل گرنگە.
لەگەڵ ڕووخانی ڕژێمی ئەسەد، هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرزاییەکانی جۆلان جێگیر بوون. ڕایانگەیاند چیتر ڕێککەوتنەکان دەربارەی کشانەوەی هێزەکان کە ساڵی ١٩٧٤ واژۆکراوە، کاری پێ ناکرێت. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ماتیۆ میللەر لە ٩ ی کانوونی یەکەم ڕایگەیاند دەبێت ئۆپەراسیۆنەکانی ئیسرائیل لە باشووری سوریا سنووردار بن. میللەر دەربارەی ڕێککەوتنی ١٩٧٤، گوتی: "هەوڵدەدەین ئیسرائیل بەم ڕێککەوتنەوە پابەند بکەین".