کۆنفرانسی ڕۆما: ئیتر کاتی ئەوەیە دەبێت عەبدوڵا ئۆجالان ئازاد بکرێت

لە یەکەم پانێڵی "کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد"، سەرنجەکان خرایە سەر گرنگی بانگەوازە مێژووییەکەی ڕێبەر ئاپۆ و ڕایانگەیاند کە دەوڵەتی تورکیا دەبێت هەنگاو بنێت و هێزە نێۆنەتەوەییەکان دەستپێشخەری بکەن.

کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ئازادی لە ڕۆما

لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆنفرانسی نێونەتەوەیی "ئازادی بۆ عەبدوڵا ئۆجالان، چارەسەری بۆ پرسی کورد" بە پاڵپشتی هەڵمەتی 'ئازادی بۆ ڕێبەر ئاپۆ، چارەسەری بۆ پرسی کورد'، بە بەشداری زیاتر لە ٣٠٠ کەس لە وڵاتە جیا جیاکانەوە، بەڕێوەدەچێت. یەکەم ڕۆژی کۆنفرانسەکە بە پانێڵەکان بەردەوام بوو.

پاش وتارەکانی دەستپێک پانێلەکە بەناونیشانی "بانگەوازی ڕێبەر ئاپۆ بۆ ئاشتی" بەڕێوەچوو. پانێڵەکە لەلایەن دکتۆر جسیلا پێنتێکر لە IPPNW-Germany بەڕێوەچوو. جسیلا پێنتێکر و فادر ئاریس MIGRANTE سەرپەرشتی پانێڵەکەیان کرد.

زیلان دیار ئەندامی تەژەکە-ئە: پێویستە بیرکردنەوەکانی رێبەر ئاپۆ جێبەجێ بکرێن

لە سەرەتادا کۆنفرانسەکەدا زیلان دیار ئەندامی بزووتنەوەی ژنانی کوردی ئەورووپا (تەژەکە-ئە) قسەی کرد و سڵاوی لە بەشداربووانی کۆنفڕانس کرد. دیار وەبیری هێنایەوە کە هەڵمەتەکە ماوەی ٢ساڵە بەردەوامە و ڕایگەیاند کە ماوەی ٤ مانگە ئامادەکارییەکان بۆ کۆنفرانسەکە دەکرێت. زیلان دیار ڕایگەیاند کە ئەم هەڵمەتە لە سەردەمی دیلگرتنی ڕێبەر ئاپۆ بەدواوە بەردەوامە و ئاماژەی بەوەدا کە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا بەردەوام تێکۆشان دەکرێت.

زیلان دیار ڕایگەیاند: "پەیوەندی نێوان ڕێبەر ئاپۆ و گەل، ژن و گەنجان بەردەوامە. بۆیە گەل لە هەر لایەکەوە لێرە کۆبوونەتەوە. لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا چالاکی زۆر بەڕێوەچوو. بە ڕێزدارییەوە سڵاو ئاراستەی ئەو کەسانە دەکەم کە لەم تێکۆشانەدا ژیانیان لەدەستداوە."

زیلان دیار ئاماژەی بەوەشکرد کە پێکهێنانی بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ گرنگە و ڕایگەیاند کە دەبێت ئەو دژایەتیەی کە دەوڵەت دەستی پێکردووە بشکێنرێت. زیلان دیار سەبارەت بە چالاکیەکان کە لە چوارچێوەی هەڵمەتی ٢٠٢٣دا دەستیپێکردووە هەڵسەنگاندنی کرد و ڕایگەیاند کە بەردەوامبوون لە چالاکییەکان بۆ ئازادیی پێویستیەکە.

فراتۆیانی: ڕۆژئاوا بەهایەکی گرنگە بۆ دیموکراسی نێونەتەویی

پاشان، سکرتێری گشتیی پارتی سینسترای ئیتالیا و پەرلەمانتار نیکۆلا فراتۆیانی قسەی کرد و بەبیری هێنایەوە کە لە کاتی پیلانگێڕی نێونەتەوەیی دژی ڕێبەر ئاپۆ چی ڕوویدا. فراتۆیانی ئاماژەی بەوەدا کە ئەوان ماوەیەکی زۆرە پشتگیری ئەم هەڵمەتە دەکەن و ئاماژەی بەوەشکرد کە پرسی کوردیان هێنایە ڕۆژەڤی پەرلەمانی ئیتاڵیا.

فراتۆیانی هەڕەشەکان و دەستگیرکردنەکانی ئەردۆغانی لە کاتی پرۆسەی ئەندامێتی سویدی لە ناتۆدا وەبیرهێنایەوە و ڕایگەیاند کە تێکۆشانێکی بەهێز بۆ ئاشتی لە دژی شەڕ پێویستە. فراتۆیانی ئاماژەی بەوەدا کە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری لە ڕۆژئاوا بەهایەکی گرنگە و وتی: "پێویستە ڕۆژئاوا بپارێزین. بەهایەکی گرنگە بۆ دیموکراسی جیهانی و دەبێت ئەم بەهایە بپارێزین. ئەو بەهایەی لە ڕۆژئاوا بنیات نراون، لە ئۆجالانەوە ئیلهامی وەرگرتووە. بۆیە بانگەوازەکەی ئۆجالان و ئازاد بوونی زۆر گرنگە. هیوادارین تورکیا وەڵامی ئەم بانگەوازییە بداتەوە و بۆ بنیاتنانی دیموکراسی هەنگاو بنێت. هەروەها هێزە نێونەتەوەییەکانیش دەبێت ڕۆڵی گرنگ لەم پرۆسەیەدا بگێڕن."

فێرناندێس: بیرۆکەکانی عەبدوڵا ئۆجالان بۆ هەموو جیهان گرنگە

هەروەها ئیمانوێل فێرناندێس ئەندامی بزووتنەوەی Însoumîse فەرەنسی قسەی کرد و ڕایگەیاند کە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ نەک تەنیا بۆ کورد و کوردستان، بەڵکو بۆ هەموو جیهان گرنگە. ناوبراو وێڕای جەختکردنەوە لەسەر خاوەنداری لە بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ لە بەرامبەر ڕژێمە تۆتالیتارییەکان، ڕایگەیاند کە دەبێت هێزە چەپەکان لە دژی حکومەتە دەسەڵاتدارەکان یەکبگرن و وتی: "بۆیە داوای ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالان دەکەم. من ئەندامی ئەنجومەنی ئەوروپام، زیاتر لە ١٥ساڵە گەلی کورد لە ستراسبۆرگ بۆ ئازادی جەستەیی ئۆجالان تێکۆشان دەکات. ئەم چالاکیانە ئیلهامبەخشە."

لە کۆتایی قسەکانیدا، فێرناندێس ڕایگەیاند ئەوەی لە ئیمرالی ڕوودەدات نامرۆڤانەیە و ڕەخنەی لە بێ هەڵوێستی دامەزراوە پەیوەندیدارەکان گرت.

دیانا ئوریا هێرێرا: بۆ ئەوەی ئۆجالان چالاکانە بتوانێ کارەکانی بەئەنجام بگەیەنێت، دەبێت تێکۆشانمان بەردەوام بێت

دیانا ئورێا هێرێرا، پەرلەمانتاری باسک وتارەکەی بە وتنی؛ "ئازادی بۆ ئۆجالان" دەستپێکرد. ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە جەختکردنەوە لە پاڵپشتی کردنی تێکۆشانی گەلی کورد و ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ کۆنفرانسێکی زۆر گرنگ لێرە بەڕێوەدەچێت. ئەو هەڵمەتەی کە بۆ ئازادیی ئۆجالان دەستیپێکردووە، گرنگییەکی زۆری هەیە. لە ساتێکی زۆر گرنگدا کە هەمووان باسی شەڕ'یان دەکرد، ئۆجالان بانگەوازی بۆ'ئاشتی' کرد. پرۆسەی ئاشتی دەستپێکرد و باسی لە دروستکردنی کۆمەڵگایەکی دیموکراتیکی کرد. پێم وایە ئەمە زۆر گرنگە. هەرچەندە ئەو گۆشەگیرییەی کە بەسەر ئۆجالاندا سەپێنراوە، بەشێکی هەڵگیراوە، بەڵام هێشتا هەلومەرجی چالاکی ئازادانەی بۆ دروست نەکراوە. بۆیە دەبێت بەردەوام بین لە تێکۆشان هەتا هێزە نێونەتەوەییەکان دەستپێشخەری دەکەن، پێویستە تێکۆشانمان فراوانتر بکەین، ئەم کۆنفرانسە زۆر گرنگە. وڵاتی باسک پشتیوانی گەلی کوردستانە. ئێمە لە هەموو شوێنێک هاوکات لەگەڵ یەکتر تێدەکۆشین."

ئاسێربۆ: لە زیندانەکانی فاشیستدا تێکۆشانی دژە فاشیستی نیشانی ئێمەدا

مواریزیۆ ئاسێربۆ، لە چەپەکانی ئەوروپاوە ڕایگەیاند، ئازادکردنی ڕێبەر ئاپۆ و چارەسەری پرسی کورد، پەیوەندی بە هەموو جیهانەوە هەیە. ئەو بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ بە سەرچاوە ناوبرد و رایگەیاند: "ئۆجالان لە زیندانی فاشیستاندا نیشانی داین کە چۆن دژی فاشیست تێکۆشان بەڕێوە بچێت. ڕێگای تێکۆشانی پیشانی هەموو زیندانیانی سیاسی دا. ستراتیژی تێکۆشانی سیاسی تەنانەت بۆ مرۆڤەکانی دەرەوەی زیندانیشی بەرهەم هێنا. ئێمە لەگەڵیدا لەسەر ئەم ڕێبازە بەردەوام دەبین و پاڵپشتی لە داواکارییەکانی دەکەین. لە کۆتاییدا دەمەوێت ئەوە بڵێم کە ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان دەبێت وەک ئازادیی نیلسۆن ماندێلا بەرەو پێش بڕوات. کاتی ئەوەیە، دەبێت ئۆجالان ئازاد بکرێت."

ئانوت: بارودۆخی ئیمرالی گۆڕانکاری تێدا نەکراوە

مایک ئانۆت، بە نوێنەرایەتی سەندیکای داندی سکۆتلەندی قسەی کرد و هەڵمەتی پۆلیسی بۆ سەر ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کورد لە لەندەن ئیدانە کرد و ڕایگەیاند کە سەرەڕای بەردەوامی دانوستانەکان لە تورکیا، هیچ گۆڕانکارییەک لە رەوشی ڕێبەر ئاپۆدا ڕووی نەداوە وتی: "بانگەوازەکەی ئۆجالان کە لە ٢٧ی شوباتدا ڕاگەیەندار زۆر گرنگ بوو."

ئانۆت بە ئاماژەدان بە چالاکییە ناڕەزایەتیەکان کە لە چوارچێوەی هەڵمەتەکەدا ئەنجام دەدرێن، خوازیاری بەرفراوانکردنی تێکۆشان بوو.

کەسکین بایندر: پارادایمی عەبدوڵا ئۆجالان دیموکراسییە

هەروەها کەسکین بایندر، هاوسەرۆکی پارتی هەرێمە دیموکراتیکەکان (دەبەپە) لە پانێڵەکەدا قسەی کرد و ڕایگەیاند، رێبەر ئاپۆ بە شیوەیەکی دیموکراسی کێشەکان چارەسەر دەکات. ناوبراو بە ئاماژەدان بە کاریگەرییەکانی هەڵمەتی نێونەتەوەیی لەسەر باکووری کوردستان وتی: "سەرکەوتنی ئەم هەڵمەتە پڕۆسەی ئاشتیی کە لە ئێستادا بەردەوامە بەرهەم ‌‌هێنا. ئۆجالان کە دەیانویست لەبیری گەلەکەی بەرنەوە بەم هەڵمەتە کەوتە ڕۆژەڤی گەلەوە."

بایندر لە درێژەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە کە ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ بۆ سەرکەوتنی ئەم پرۆسەیە زۆر گرنگە و وتی: "بانگەوازەکەی عەبدوڵا ئۆجالان ئەڵترناتیو و چارەسەری پێشکەش کرد. سیاسەتی جیهانی ئێستا لە شەڕ و داگیرکارییەوە سەرچاوە دەگرێت. بەڵام عەبدوڵا ئۆجالان چارەسەرێکی دیکەی پێشکەش کرد و نیشانیدا کە ڕێگەیەکی دیکە هەیە. بۆیە ئەم بانگەوازییە لەلایەن هەموو هێزەکانەوە بە گرنگ لێکدرایەوە و گفتوگۆی لەسەر دەکرێت."

هەروەها ئێمیلی کلانسی، سەرۆکی شارەوانی بۆلۆنیای ئیتاڵیا، ئاماژەی بە پەیوەندییە ئەرێنیەکانی نێوان شاری بۆلۆنیا و بزووتنەوەی کورد کرد و ڕایگەیاند کە فێمینیستەکان، ئیکۆلۆژیست و سۆسیالیستەکان پشتیوانی و خاوەنداریان بۆ بیرۆکەکانی ڕێبەر ئاپۆ نیشان داوە. کلانسی ئاماژەی بەوەشکرد، مافی شارومەندیان بە ڕێبەر ئاپۆ بەخشیوە و هیوای ئازادیی بۆ ڕێبەر ئاپۆ دەربڕی.

پیێرۆ بێرنۆکی وتەبێژی یەکێتی COBAS ئاماژەی بە کێشەکانی گەلی کورد کرد و ڕایگەیاند، سەد ساڵە گەلی کورد لە مافەکانی دوور خراوەتەوە.

هەروەها ژولیان ئاگویر ئەندامی یەکێتی CTAی ئەرجەنتین لە کۆتایی پانێڵەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا باسی ئەو چالاکییانە کرد کە بۆ ئازادیی رێبەر ئاپۆ لە ئەرجەنتین ئەنجامدراون و جەختی لەسەر ئازادیی جەستەیی دەستبەجێی ڕێبەر ئاپۆ کردەوە.

دوای کۆتایی یەکەم پانێڵ، لە ناوەندی کولتووری ئارارات خواردنی کوردەواری ناسێندرا و مۆسیقای فۆلکلۆری ئیتاڵی پێشکەشکرا.