بە دیمەن

لە چەند شارێکی ئەوروپا بۆ ڕۆژئاوا چالاکی ئەنجامدرا

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە ئەوروپا ڕژانە گۆڕەپانەکان و داوایان کرد تاوانەکانی جەنگی دەوڵەتی داگیرکەری تورک لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا لەلایەن دادگایەکی نێونەتەوەییەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و هێرشەکان بوەستێنرێن و دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری بنرێت.

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە چەند شارێکی ئەوروپا دژی هێرشەکانی داگیرکاری و قڕکردنی دەوڵەتی تورک بۆ سەر هەرێمەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕژانە گۆڕەپانەکان.

شتوتگارت

لە شاری شتوتگارتی ئەڵمانیا لەسەر بانگەوازی فەد_گەل ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

پێش ڕێپێوانەکە هاوسەرۆکی ناوەندی کۆمەڵگەی دیموکراتیکی کوردی شتوتگارت پەروین ئازادی قسەی کرد، ڕایگەیاند ئامانجی هێرشی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی لەناوبردنی ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییە، بانگەوازی لە ڕای گشتی نێونەتەوەیی کرد هێرشەکان بوەستێن و پشتگیری ڕۆژئاوا بکەن.

دواتر چالاکوانان بە بەرزکردنەوەی درووشم ڕێپێوانیان ئەنجامدا و ڕاگەیاندراوێک بۆ شەرمەزارکردنی هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا خوێنرایەوە.

هێلبرۆن

لە شاری هێلبرۆنی ئەڵمانیا لەلایەن ناوەندی کۆمەڵگەی کوردی دیموکراتیک و بنەماڵەی ئاشتی ئەڵمانەوە گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

پاش خولەکێک ڕێزگرتن لە شەهیدان، لەسەر ناوی بنەماڵەی ئاشتی ئەڵمان قسەکرا، تیشکخرایە سەر هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا و بەتایبەت بەنداوی تشرین، هەروەها ئاماژەیان کرد بە چالاکی ئێشکگری گەل لە بەنداوی تشرین، بانگەواز لە گەل و پارتە سیاسییەکانی ئەڵمانیا کرا هێرشەکان بوەستێنن و ڕۆژئاوا بپارێزن. هێرشەکانی دەوڵەتی تورک لەڕێگەی دادگاییەکی نێونەتەوەییەوە لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت و دان بە ئیدارەی خۆبەڕێوەبەرییدا بنرێت.

دانهاگ

لە شاری دانهاگی هۆڵەندا بە پێشەنگایەتی دەم_نەد و پەژاک و یەکێتی ژنانی کوردی هۆڵەندا چالاکی ئەنجامدرا. چالاکییەکە لەبەردەم بینای پەرلەمانی هۆڵەندا ئەنجامدرا و هێرشەکانی دەوڵەتی تورک و چەتەکانی شەرمەزار کرا.

هەر لە چالاکییەکەدا سزای لەسێدارەدانی دەوڵەتی ئێران دژی ژنانی کورد شەرمەزارکرا، وێنەی پەخشان عەزیزی و وریشە مورادی و درووشمی "ژن ژیان ئازادی" بەرزکرایەوە.

ڤییەنا

هەروەها کوردستانیان و دۆستەکانیان لەبەردەم پەرلەمانی نەمسا لە ڤییەنا کۆبوونەوە.

درووشمی ""بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" بەرزکرایەوە و هێرشەکان شەرمەزار کران.

داواکرا مافەکانی گەلی کورد بپارێزرێت و پشتگیری بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بکرێت.

بێرن

لە شاری بێرنی سویسرا کوردستانیان و دۆستەکانیان چالاکییەکیان ئەنجامدا.

لە چالاکییەکەدا داواکرا بازرگانی چەک و مامەڵەکردن لەگەڵ دەوڵەتی تورک ڕابگیرێت و هاوکاری نەکرێت لە هەوڵە شەڕانگێزییەکانی دەوڵەتی تورک.

پاش ڕاگەیاندراوەکە جەماوەر ڕێپێوانیان ئەنجامدا و پۆلیس هێرشی کردە سەر چالاکوانان. لە بەرامبەر جەماوەر بە بەرزکردنەوەی درووشم وەڵامی هێرشی پۆلیسی دایەوە.

زیوریخ

لە شاری زیوریخی سویسرا بە پێشەنگایەتی تەجەشە و تێکۆژن بۆ پشتگیری لە ڕۆژئاوا و خاوەنداری لە پەیامی ڕێبەر ئاپۆ ڕێپێوانێک ئەنجامدرا.

پێش ڕێپێوانەکە لەسەر ناوی جەدەکە_سە دیلان چەتین کایا قسەی کرد.

لە ڕاگەیاندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرا ئەنجامدانی دیدار لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ هەنگاوێکی مێژووییە، داواکرا دەستبەجێ ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئاپۆ مسۆگەر بکرێت تاوەکو زیاتر ڕۆڵ بگێڕێت لەم پرۆسە گرنگەدا.

هەروەها تیشکخرایە سەر بەرخۆدانی ڕۆژئاوا دژی هێرشە داگیرکارییەکان و بەخۆدانی گەریلا لە هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا. وە بەرخۆدانی گەلی باکوور دژی دەستبەسەراگرتنی شارەوانییەکان.

جەختکرایەوە پێویستە پشتگیری لە بەرخۆدانی چوار پارچەی کوردستان بکرێت و خاوەندارێتی زیاتر لە پەیامی ڕێبەر ئاپۆ بکرێت.

دیلان چەتین کایا تیشکی خستەسەر بەرخۆدانی تشرین و قەرەقۆزاق و جەختی کردەوە ڕۆژی بڵندکردنەوەی تێکۆشانە، دووپاتی کردەوە پێویستە لە هەموو جێگەیەک شۆڕشی ژنانی ڕۆژئاوا و شۆڕشی گەنجان بپارێزرێت.

دواتر جەماوەر بە بەرزکردنەوەی درووشم ڕێپێوانیان کرد.

دوای ڕێپێوانەکە ئەندامی دیوانی هاوسەرۆکایەتی کەجەدەکە_ئە موسا فارس ئۆغلو قسەی کرد، جەختی کردەوە دەبێت هەمووان ببنە دەنگی ڕۆژئاوا و سڵاوی لە بەرخۆدانی تشرین کرد.

فرانکفۆرت

لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا کوردستانیان و دۆستەکانیان بە پێشەنگایەتی کۆن_مەد و ئەنجوومەنی ژنانی ئامارا و ئەنجوومەنەکانی هەرێمەکە ڕێپێوانیان ئەنجامدا.

لە ڕێپێوانەکەدا هێرش و کۆمەڵکوژییەکانی دەوڵەتی تورک دژی خەڵکی سڤیلی ڕۆژئاوا شەرمەزار کرا، لە ڕێپێوانەکەدا ڕاگەیاندراو بە زمانی ئەڵمانی خوێنرایەوە و درووشمەکان بۆ سڵاوکردن لە بەرخۆدانی ڕۆژئاوا بەرزکرایەوە.

دوای ڕێپێوانەکە هاوسەرۆکی فەجەدەکە_کاوە کەریمە بارچین قسەی کرد و ڕایگەیاند کەس ناتوانێت گەلی کورد ملکەچ بکات.

ساربروکن

بەهەمانشێوە لە شاری ساربروکنی ئەڵمانیا گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا و دەیان کوردستانی و دۆستەکانیان بەشداربوون.

خولەکێک ڕێزگرتن بۆ شەهیدان نیشاندرا، ڕاگەیاندراو بە زمانی ئەڵمانی دەربارەی هێرشەکان خوێنرایەوە و داوای خاوەنداری لە ڕۆژئاوا کرا.

چالاکییەکە بە درووشمی "بژی بەرخۆدانی قەسەدە" و "بژی بەرخۆدانی ڕۆژئاوا" کۆتایی هات.

لیمبۆرگ

لە شاری لیمبۆرگی ئەڵمانیا گردبوونەوەیەک ئەنجامدرا.

چالاکوانان ئاماژەیان بەوە کرد، دەوڵەتی تورک لەلایەک باسی خوشک و برایەتی لەگەڵ کورد و ئاشتی دەکات، لەلایەکی تر ڕۆژئاوا و هەرێمەکانی پاراستنی مەدیا بۆردوومان دەکات و منداڵ و خەڵکی سڤیل دەکاتە ئامانج.

لە چالاکییەکەدا بانگەوازکرا بۆ وەستاندنی هێرشەکان و بەدیهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن.