دەستەی بەڕێوەبەریی ناوەندیی دەم پارتی دەربارەی هێرشە سیاسی و سەربازییەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە: "گەلی تورکیا لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ڕابردووەوە هەستی بە هیوا و جۆشێکی مەزن کرد بۆ گفتوگۆکانی چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد و دیموکراتیزەکردنی تورکیا و بە هەموو توانایانەوە پشتیوانیان لە پرۆسەکە کرد، لە خواستی ئاشتی و وڵاتێکی دیموکراتیکدا یەکیان گرت. دەسەڵات بە هێرشە سەربازی و سیاسییەکانی هیوای ملیۆنان کەس بۆ ئاشتی و دیموکراتیک دەشکێنێت.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین کەس کە بۆ ڕاگرتنی شەڕ چوونەتە بەنداوی تشرین، لە ئەنجامی هێرشەکاندا گیانیان لەدەستداوە. دڵگرانین بەوەی ئەکتەری کۆمیدی و شانۆکاری کورد باوکی تەیار کە لەم هێرشانەدا بە سەختی بریندار بوو، گیانی لەدەستداوە. باوکی تەیار وەک هونەرمەندێک جێگەی خۆی لە دڵی ملیۆنان کورددا گرت. پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری تەیار و گەلی کورد دەکەین. ئێمە بە توندی ئەو هێرشانە شەرمەزار دەکەین. بەم بۆنەیەوە سڵاو و هەستی هاوسۆزی خۆمان دەنێرین بۆ گەلانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، کە چەند ڕۆژێکە لە بەنداوی تشرین خاکەکەیان دەپارێزن و چالاکیی قەڵغانی مرۆیی ئەنجام دەدەن بۆ کۆتاییهێنان بە هێرشەکان.
هۆشداری دەدەینە دەسەڵات، دەست هەڵبگرن لە هێرشکردنە سەر گەلی کورد و دامەزراوەکان و ئاشتیخوازان. ئەم سیاسەتی هێرشکەرەی دەسەڵات گفتوگۆکانی چارەسەر ژەهراوی دەکەن.
بانگەواز لە ملیۆنان هاوڵاتی و ڕای گشتی دیموکراتیک دەکەین کە دژی هێرشەکانی دەسەڵات کە بە ئامانجی لەناوبردنی ئاشتی ئەنجامی دەدات، ناڕەزایەتیی دیموکراتیکی بەهێز نیشان بدەن".