ساڵی ڕابردوو ٣ هەزار کۆچبەر لە دەریادا خنکاون

بەگوێرەی ڕاپۆرتی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوئێن ئێچ سی ئاڕ / UNHCR) لە ساڵی ٢٠٢١دا ٣ هەزار کۆچبەر لە کاتی هەوڵدان بۆ گەیشتن بە ئەوروپا لە دەریاکاندا خنکاون.

بەپێی ئامارەکانی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان (یوئێن ئێچ سی ئاڕ / UNHCR)  ساڵی ڕابردوو هەزار و ٩٢٤ کەس لە هێڵی ناوەڕاست و ڕۆژئاوای دەریای سپی گیانیان لەدەستداوە، یان بێسەروشوێن بوون. هەروەها هەزار و ١٥٣ کەسی تریش لە کاتی پەڕینەوەیان لە باکووری رۆژئاوای ئەفریقاوە بەرەو دوورگەکانی کەناری لە دەریادا خنکاون.

بەپێی ئامار و زانیارییەکان، ئاماری گیان لە دەستدانی کۆچبەران لە دەریادا بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ بۆ نزیکەى دوو هێندە بەرزبووەتەوە. لە ساڵی ٢٠٢٠دا هەزار و ٥٤٤ کۆچبەر لە کاتی پەڕینەوە لە دەریادا گیانیان لەدەستدابوو.

شابیە مانتۆ وتەبێژی کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسی دا ڕایگەیاند، تاوەکو ئێستا ٤٧٨ کەس لەمساڵ دا لە دەریان گیانیان لەدەستداوە، یان بێسەروشوێن بوون.

کۆمیساریای باڵای پەنابەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند، کۆچبەران ناچارن بە بەلەم و کەشتیی خراپ لە دەریا بپەڕنەوە و ئەو کەشتی و بەلەمانەش لە دەریاکاندا تێکدەشکێن و نقوم دەبن و ئەوەش دەبێتە هۆی گیان لەدەستدان و بێسەروشوێن و خنکانی کۆچبەران.

وتەبێژەکەی یو ئێن ئێچ سی ئاڕ وتیشی: "لە وڵاتانی وەک سنیگال و مۆریتانیا بۆ گەیشتن بە دوورگەکانی کاناری ڕۆیشتن بە دەریادا نزیکەى ١٠ رۆژ دەخایەنێت. زۆرێک لە کەشتییەکان و بەلەمەکانیش ڕێگا ون دەکەن و بە بێ ئەوەی هیچ شوێنەوارێکیان لێ بمێنێتەوە بێسەروشوێن دەبن".

ژ.ت