شوڵز داوای لە تورکیا کرد هێرشەکانی رابگرێت

راوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شوڵز رایگەیاند، کە هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رژئاوا و باشووری کوردستان ناسەقامگیری دروست دەکەن و لە دژی یاسا نێونەتەوەییەکانن و داوای لە دەوڵەتی تورک کرد هێرشەکانی رابگرێت.

کۆمەڵەی بنەماڵە ئاشتیخوازەکانی ئەڵمانیا بەمەبەستی پشتیوانی لە کورد و بۆ خەبات لە پێناو ئاشتی لە کوردستان و بۆ ئەوەی دەوڵەتی تورک کۆتایی بە هێرشەکانی خۆی بۆ سەر رۆژئاوا و باشووری کوردستان بهێنێت نامەی بۆ پارتی سۆسیال دیموکرات (ئێس پی دی) کە گەورەترین هاوبەشی حکومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیایە، نارد.

بنەماڵەکان داوایان لە بەڕێوەبەری ئێس پی دی و پەرلەمانتاران کرد کە بکەونە جوڵەوە. راوێژکار ئۆلاف شوڵز وەڵامی نامەی بنەماڵەکانی دایەوە. وەڵامی نوسراو بە واژۆی ئۆلاف شوڵز بەم جۆرەیە:

"هێرشەکان بۆ سەر سەنگەرەکانی کورد لە سوریا و باکووری عێراق ناسەقامگیریە و بە گوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان نییە. ئێمە بە هۆی لەدەستدانی ژیانی مەدەنییەکانەوە نیگەرانین و بانگەوازمان بۆ دەوڵەتی تورک ئەوەیە کە ئەو هێرشانە رابگرن".

'خاوەن قسەی خۆتان بن'

کۆمەڵەی بنەماڵە ئاشتیخوازەکان پێشوازییان لە وەڵامەکەی راوێژکار شوڵز کرد و داوایان لە حکومەتی فیدڕاڵی ئەڵمانیا کرد کە خاوەنی قسەکانی خۆی بێت.

بنەماڵەکان ئاماژەیان بەوەکرد کە کاربەدەستانی (ئێس پی دی) نە ئۆلاف شوڵزیش هەرگیز بەم جۆرە بە ئاشکرا قسەیان نەکردووە و بەم جۆرە رایانگەیاند: "ئەوەی بەلامانەوە گرنگە ئەوەیە کە وتە و کردەوەکانی حوکومەتی ئەڵمانیا یەکبگرنەوە و حکومەت داوای راگرتنی هێرشەکان لە تورکیا بکات".

کۆمەڵگای ئازادی ناوەندی پەیوەندییەکان لەگەڵ گەلی کورد لە بەرلینیش راگەیەندراوێکی هاوشێوەی شوڵزی بڵاوکردەوە. کۆمەڵگای ئازاد رایگەیاند، کە لێدوانەکەی شوڵز گرنگە و ئاماژەی بەوەکرد، هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر گەل و ژێرخانی هەستیار و سەرەکی لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا بەردەوامن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە دەوڵەتی تورک لە پێشێلکارییەکانی یاسای نێونەتەوەیی و گەورەکردنی قەیرانی مرۆیی لە هەرێمەکە بەردەوامە و باسیان لەوەکرد: "بۆ ئەوەی تورکیا هێرش نەکات دەبێت هەنگاوی کرداری بنرێن. پێویستی بە هەنگاوی سیاسی، سەپاندنی سزا و راگرتنی هەناردەکردنی چەک هەیە".

کۆمەڵەی بنەماڵە ئاشتیخوازەکان مانگی ئایار لە شاری کاسەلی ئەڵمانیا دامەزرابوو.

هـ . ب