سەرهەڵدانی جوتیاران ئەوروپا دەتەنێتەوە

لە فەرەنسا سەرهەڵدانی جوتیاران بەردەوامە. دوای ئەڵمانیا، بەلجیکا و ئیتالیا، سەندیکای جوتیارانی ئیسپانیاش دەستی بە ئامادەکاری بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی کرد.

رۆتینی کارگێڕی زۆر، کرێی کەم، هەڵاوسان، ئاسانکاری بۆ هاوردەی بەروبومی بیانی، بەرزبوونی نرخی سوتەمەنی و باج ئەو کێشانەن کە جوتیاران بە دەستیانەوە دەناڵێن و بەم هۆیەشەوە تادێت ناڕەزایەتیەکانی جوتیاران لە وڵاتانی ئەوروپا زیاتر پەرەدەستێنێت.

لە فەرەنسا ماوەی دوو رۆژە جوتیاران لە دەوروبەری پاریس رێگە ستراتیژیەکانیان داخستووە. سەرۆکوەزیرانی نوێ گابریەل ئاتال رۆژی سێ شەممە پەیوەست بە سیاسەتی گشتی لێدوانیدا و رایگەیاند کە چارەسەری بۆ قەیرانەکان دەدۆزنەوە.

گابریەل ئاتال ئەوەی خستەڕوو کە هاوکارییەکانی ئەوروپا لە چوارچێوەی سیاستی کشتوکاڵی هاوبەشی ٢٠٢٣ تا ١٥ی ئادار دابەش دەکرێن. ئاماژەی بەو رێکارانەش کرد کە لە دۆخی هەنوکەییدا وەریانگرتوون و بەڵێنی دا کە هەنگاوی زیاتر دەنێن.

سەرۆکوەزیرانی فەرەنسا راشیگەیاند، هاوکارییەکانیان بۆ جوتیاران زیاتر دەبێت.

سەندیکای کرێکارانی فەرەنسا کە زۆرینەی جوتیارانی ئەو وڵاتە تیایدا ئەندامن، جەختی لەوەکردووەتە تا ئەو کاتەی رێکارە بەپەلە راگەیەندراوەکان دەکەونە بواری جێبەجێکردنەوە بەردەوام دەبن لە ناڕەزایەتی دەربڕین.

سەرۆککۆمار ئیمانوێل ماکرۆنیش لە میانی سەردانەکەیدا بۆ سوید بەڵێنی بە جوتیارانی وڵاتەکەی دا کە بەشی زۆری داواکاریەکانیان جێبەجێ دەکرێن.

لە زۆر وڵات جوتیاران هاتوونەتە سەر شەقام

دوای خۆپیشاندانەکان لە ئەڵمانیا، پۆڵەندا، رۆمانیا و بەلجیکا سێ سەندیکای گەورەی جوتیارانی ئیسپانیاش رایگەیاند، کە هەفتەی داهاتوو بەمەبەستی ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر دۆخ و گوزەرانیان دەست بە چالاکی دەکەن.

هـ . ب