ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس دەستی پێکرد

ڕێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس دوای دواکەوتنێکی کورت کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.

نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل بنیامین ناتانیاهۆ ڕایگەیاند، ئاگربەست لە غەززە لەگەڵ حەماس لە کاتژمێر ١١:١٥ خولەکی بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، یانێ پاش ٣ سێ کاتژمێر لەوەی پلانی بۆ دانرابوو، دەستیپێکردووە.

نووسینگەی نەتانیاهۆ پشتڕاستی کردەوە کە لیستی ئەو دیلانەی کە حەماس ئازادی کردوون گەیشتووتە دەستیان.

نەتانیاهۆ بەهۆی ئەوەی ئەم لیستەی پێنەگەیشتبوو ڕێککەوتنی ئاگربەستەکەی دواخستبوو، کە بە هاوکاری قەتەر و ئەمریکا و میسر گفتوگۆی و ڕێککەوتنی لەسەر کرابوو.

نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە بەدیلەکان لە دوای کاتژمێر ١٦:٠٠ ئازاد دەکرێن. هەروەها نووسینگەکە ڕایگەیاندووە کە لە ماوەی حەوت ڕۆژدا چوار دیلی دیکە ئازاد دەکرێن.

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی دەیەوێت دوای ئەوەی ئاگربەست کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە نەخۆشخانە و کلینیک لە کەرتی غەززە دروست بکات. پێشبینی دەکرێت لە ماوەی شەش هەفتە بۆ دوو مانگی پێ بچێت.

جێی ئاماژەیە بەهەزاران فەلەستینی کە بەهۆی شەڕەوە ئاوارە بوون، دوای ئەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەستیان بە گەڕانەوە کرد بۆ ماڵەکانیان لە کەرتی غەززە.