ئۆجالان له‌ ڕۆژه‌ڤی كۆنفڕانسی پارتی كرێكارانی‌ به‌ریتانیا دایه‌

له‌پێناو ئازادیی ئۆجالان چالاكییه‌كی دیكه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی له‌ به‌ریتانیا ده‌كرێت. بڕیاره‌ پرسی ئازادیی ئۆجالان ببێته‌ ڕۆژه‌ڤی كۆنفڕانسی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا كه‌ له‌ ٢٢-٢٦ی ئه‌یلوول به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

بڕیاره‌ له‌ ٢٢-٢٦ی ئه‌یلوول له‌ شاری لیڤه‌رپوول-ی به‌ریتانیا كۆنفڕانسی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌بچێت. چاوه‌ڕوان ده‌كرێت له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌ داوای ئازادیی ڕێبه‌ری گه‌لی كورد عه‌بدوڵا ئۆجالان بكرێت.

ئه‌م چالاكییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌ بۆ ئازادیی ئۆجالان، دوای ئه‌وه‌ دێت كه‌ كۆنگره‌ی سه‌ندیكاكانی به‌ریتانیا كه‌ ملیۆنان ئه‌ندامی هه‌یه‌ به‌فه‌رمی داوای ئازادیی ئۆجالانی كرد. 

له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌ی پارتی كرێكارانی به‌ریتانیادا پانێلێك به‌ ناوی «فاشیزم له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین؛ پاراستنی ئۆجالان، كورد و شۆڕشی ژن» ساز ده‌كرێت. له‌ پانێله‌كه‌دا په‌رله‌مانتاران لیۆد ڕوسێل-مۆیله‌ و لۆرد ماوریس گلاسمان، وه‌زیری دادی سهێ شامی چاكبارتی، هاوسه‌رۆكی كه‌مپینی ئازادی بۆ ئۆجالان سیمۆن دوبینس، ئه‌ندامی كه‌مپینه‌كه‌ هاڤین گیونه‌شه‌ر و سه‌رۆكی فه‌خریی كۆنگره‌ی دیموكراتی گه‌لان (هه‌ده‌كه‌) ئه‌رتوغرول كوركچو ئاماده‌ ده‌بن.

هاوكات له‌ كۆنفڕانسه‌كه‌دا به‌ ده‌ستپێشخه‌ریی ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كورد و نوێنه‌رایه‌تیی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان (كه‌نه‌كه‌) له‌ به‌ریتانیا له‌ژێر ناوی «كاریگه‌ری ئۆجالان و كوردان له‌ سه‌ر ئاشتی و دیموكراتی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوین» پانێلێكی دیكه‌ ساز بكرێت. بڕیاره‌ په‌رله‌مانتاران لۆرد ماوریس گلاسمان و تره‌یسی برابین، هه‌روه‌ها نوێنه‌ری كه‌نه‌كه‌ ڕزگار وان له‌ پانێله‌كه‌دا قسه‌ بكه‌ن.

s.m