ئەردۆغان هەڕەشەى "سەربڕین"ی لە سوریا کرد

ئەردۆغان بۆ ئیدلب داواى ئاگربەست لە پوتین دەکات و پێش سەردانەکەى بۆ رووسیا هەڕەشەى "سەربڕین"ی لە سوریا کرد، کە شێوازێکى داعشەکانە و هەزاران کەسیان بە بەرچاوی جیهانیانەوە سەر بڕی.

رەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری تورک پێش سەردانەکەى بۆ شاری مۆسکۆی پایتەختی رووسیا داواى ئاگربەستی لە ڤلادیمیر پوتین سەرۆک کۆماری روسیا کرد و هاوکاتیش هەڕەشەى سەربڕینی لە سوریا کرد.

ئەردۆغان وتی "من جارێکیتر بە رووسیا و ئێران دەڵێم، ئێمە لە سوریادا دەرد و کێشەمان لەگەڵ ئێوە نییە" و بە "سەربڕین"یش هەڕەشەى لە رژێمى سوریا کرد.

ئەردۆغان وتیشی "هەڕەشەی هێرش لە دژی خاڵەکانى چاودێریمان لە دواى ئەو رووداوانەش بەردەوامییان هەیە، ئەوەش نیشانەى ئەوەیە هێشتا عەقڵیان نەچووەتەوە سەر سەریان. ئەگەر نەکشێنەوەى بۆ ئەو سنوورەى کە تورکیا دیاریکردووە، ئەوا دوای ماوەیەک سەریان بەسەر ملیانەوە نامێنێت".

ئەردۆغان چاوەڕێی کۆبوونەوەکەى رۆژی ٥ی ئادارە لە مۆسکۆ لەگەڵ پوتین و وتی "هیوادارم ئێمە ئاگربەست یان هەنگاوێکى تر بنێین و کارە خێرا و بە پەلەکەکان بە ئەنجام بگەیەنین".

بڕیارە ئەمشەو و پێش سەردانەکەى ئەردۆغان بۆ مۆسکۆ، جەیمس جێفری نوێنەری تایبەتى ئەمریکا بۆ کاروباری سوریا کێلی کرافت نێونەری هەمیشەیى ئەمریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان بڕۆن بۆ ئەنقەرە.

ژ.ت