بەهۆی یەپەگەوە، لێپرسینەوە لە هونەرمەندێكی ئەڵمانی دەکرێت

ژۆهانناس کۆنیگ، هونەرمەندی ئەڵمانی کە لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لینکی هەواڵێکی قەدەخەکراوی تایبەت بە یەپەگە-ی بڵاوکردۆتەوە، لە ئەیالەتی بایرن، لێپرسینەوەی لێدەکرێ

 

دەوڵەتی ئەڵمانیا کە دەربارەی کۆمەڵکوژکردنی کوردان بەدەستی تورکیا لە عەفرین بێ‌دەنگە، بێ‌چاوەڕوویانە دژایەتی یەپەگە/یەپەژە دەکات. بەتایبەتی هەڵوێستی پۆلیسی ئەیالەتی بایرن، لە دژی بڵاوکردنەوەی ئاڵاکانی یەپەگە/یەپەژە لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، سەرنجڕاکێشە.

پۆلیسی ئەیالەتی بایرن، ئەوجارەش دەرحەق هونەرمەندێکی ئەڵمانی بە تاوانی ئەوەی لینکی هەواڵێکی ڕادیۆ-تێلڤیزیۆنی دەوڵەتی دەربارەی یەپەگە لەسەر لاپەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کردۆتەوە، دۆسیەی لێپرسینەوەی دەستپێکردووە.

لە هاوینی ٢٠١٧دا مێدیایەکی ئەیالەتی بایرن، هەواڵێک دەربارەی هێرشی پۆلیسی ئەو ئەیالەتە بۆسەر ماڵی چالاکوانێکی گەنج بەنێوی ''بنجامین روب'' بە تاوانی ئەوەی کە لەسەر ماڵپەڕی تایبەتی خۆی لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، ئاڵاکانی یەپەگە/یەپەژە-ی بڵاوکردووتەوە، ئامادەکردبوو. لینکی ئەو هەواڵە جارێکی دیکە هونەرمەند ژۆهانناس کۆنیگ، دایبەزاندۆتەوە.

ئاشکرابوو بەهۆی دابەزاندنی ئەو لینکەوە، دۆزگەری گشتی میۆنشن دەربارەی کۆنیگ دەستی کردووە بە لێکۆڵینەوە. بۆ ئەو لێپرسینەوەیە کە لەسەر داخوازی دایرەی ئەمنی میۆنشن دەستی پێکردووە، بە نامەیەک داوا لە کۆنیگ کراوە کە بۆ لێکۆڵینەوە سەردانیان بکات. کۆنیگ بەهۆی ئەوەی کە ئاڵای قەدەخەکراوی بلاوکردۆتەوە دەبێ ١٩ی ئادار/٢٨ی ڕەشەممە لە دایرەی ئەمنی ئامادە بێت، لەوبارەیەوە کۆنیگ لەگەڵ ئاژانسی فرات قسەی کرد و هەڵوێستی دۆزگەری بەو جۆرە نرخاند:

''لە ئەڵمانیا قەدەخەکردنی ئاڵا و هێمای کوردان، تەسلیم بوونە بە دەوڵەتی تورکیا. کورد بەتایبەتی لەدوای هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیاوە، زۆر مافدارن و پێویستە لەو قۆناغەدا پشتیوانی لە گەلی کورد بکرێت".

کۆنیگ، دەربارەی بڵاوکردنەوەی لینکی هەواڵکی تایبەت بە یەپەگە کە بۆتە هۆی لێپرسینەوەی دەڵێ: ''گوشارەکان جار بە جار زیاتر دەبن و ئەوە ڕەوشێکی پێکەنیناوییە. پۆلیسی میۆنشن بەو شێوەیە هەڕەشە لە ئازادی ڕاگەیاندن دەکات".

پۆلیسی ئەڵمانیا کە لە زۆرێک لە خۆپێشاندانەکاندا هەڵکردنی ئاڵاکانی یەپەگە/یەپەژە-ی قەدەخە کردووە، بەتایبەتی لە ئەیالەتی بایرن، هەڵدەکوتنە سەر ئەو ماڵانەی کە ویدیۆی و ئاڵای تایبەت بە یەپەگە لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان، بڵاو دەکەنەوە.

هەرە دوایی لە هاوینی ڕابردوودا هەر بەو تاوانە هەڵیانکوتایە سەر ماڵی ئەندامی پەروەردە ''کەرەم سچامبێرگر" لە شاری میۆنشن. دوژمنایەتی ئەردۆغان و پۆلیسی ئەڵمانیا لە ئاڵاکانی یەپەگە بەشێوازێکی هاوتەراز بەردەوامە و زانراوە کە هێندێک پۆلیسی بە ڕەچەڵەک تورک پێشەنگایەتی ئەو هێرشانە لە ئەڵمانیا دەکەن.