به‌رپرسانی حكوومه‌تی ئەڵمانیا، سەرەڕای ناڕەزایەتی تووندی ڕای گشتی، مێدیا و ئۆپۆزسیۆنی وه‌ڵاتەکەی دەربارەی هێرشی دەوڵەتی تورکیای داگیركه‌ر بۆ سەر عەفرین لێدوانێكی سه‌یری دا. حكوومه‌تی ئه‌ڵمانیا نه‌ك هه‌ر پشتیوانی له هێرشه‌كانی توركیا كرد، چاوی خۆی داخست له به‌رانبه‌ر ئه‌و ڕێكخراوه تێرۆریستییانه‌ی له ته‌ك سوپای توركیا هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر عه‌فرین.
ئوولا یه‌لپكه، په‌رله‌مانتاری پارتیی چەپ، لە ڕۆژی ٣١ی كانوونی دووه‌م\١١ی ڕێبه‌ندان، ده‌رباره‌ی بارودۆخی عەفرین چەند پرسیارێكی ئاراستەی میشائیل رۆس، وەزیری دەوڵەت بۆ کاروباری یەکێتیی ئەورووپا کرد.
پرسیارەکانی ئەو په‌رله‌مانتاره‌ی پارتیی چەپ به‌م شێوه‌یه بوون:
«ئایا حکوومەتی فیدڕاڵ هیچ زانیاری لەسەر ئەوە هەیە کە لە هێرش بۆ سەر عەفریندا دەوڵەتی تورکیا لەگەڵ گرووپەکانی داعش و ئه‌لقاعیده هاوکارە؟ ئایا حکوومەت زانیارییه‌كی وه‌های له‌به‌ردەستە کە عەفرین چەکدارانی داعشی لێ بێت؟ ئەگەر لێی نییە بۆچی وتەبێژی حکوومەت لە ڕۆژی ٢٤ی كانوونی دووه‌م\٤ی ڕێبه‌نداندا باسی ڕەوایەتی هێرشی تورکیا دژی داعش له عه‌فرین دەکات؟»
وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ده‌رباره‌ی ئەو پرسیارانە وەڵامێکی وای دایەوە هەر وەک ئەوەی لە دەزگه‌کانی پڕوپاگه‌نده‌ی ڕژێمەکەی ئەردۆغانەوە بۆی ئامادە کرابێت. سەرەڕای ئەو هەموو وێنە و بەڵگەیەی کە لە مێدیاکانی جیهاندا بڵاوكراونه‌ته‌وه، وەزارەتی دەرەوە هاوکاری ڕژێمی ئەردۆغان و قاعیدە و داعش-ی ڕەتکردەوە و وه‌زاره‌ته‌كه به‌ناوی حکوومەتی فێدراڵ، ئه‌م وه‌ڵامه‌ی دایه‌وه:
«بەپێی ئەو بەڵگە و زانیارییانەی کە لە دەستی حکوومەتی فێدراڵ دایە، حکوومەت دەزانێ کە تورکیا لە باکووری سووریا به هاوکاری کۆمەڵێک گرووپی چەکدار شەڕ دەکات، به‌ڵام زانیارییەکی وا لەبەر دەستی ئێمەدا نییە کە پیشانی بدات ئەو گرووپە چەکدارانە وەکوو قاعدە یان داعش بن کە لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دان.
پێویستە ئێمە لە بیر نەکەین کە لە ماوەی ٣ ساڵی ڕابردوودا چەندین جار داعش هێرشی تووندی کردووەتە سەر تورکیا. تورکیا دەربارەی بابەتی تێکۆشانی دژی تێرۆر، بەرژەوەندییە ئەمنییە بنەڕەتییەکانی لەگەڵ حکوومەتی فێدراڵ باس دەکات. هەر بۆیە هاوکاری ئێمە بەیەکەوە لە دژی تیرۆر، لە بەرژەوەندی مرۆیی هەر دوو وه‌ڵات دایە.
داعش هەر وەک جاران دەتوانێ لە شوێنە جیاجیاکانی سووریا خۆی ڕێكخات و پەلامار بدات. لەسەر هەبوونی چەکدارانی داعش لە عەفرین، ئێمە هیچ بەڵگەیەکمان لەبەردەستدا نییە. تورکیا، پێشتر لە لایەن داعشەوە هێرشی کراوەتەسەر. هەر بۆیە حکوومەتی فیدراڵ لە نیگەرانییە ئەمنییەکانی تورکیا تێدەگات.»
ئوولا یه‌لپكه په‌رله‌مانتاری پارتیی چەپ، دەربارەی ئەو وەڵامانه ناڕەزایەتی پیشاندا و ڕایگەیاند: ئەڵمانیا بە وتنی هاوکاری مرۆیی هەردوو وه‌ڵات، ڕەوایەتی دەدات بە هاوکارییەکانی لەگەڵ تورکیا. ئەردۆغان بۆ خۆی سەرچاوەی تیرۆرە و قەت نابێته هاوکارتان لە دژی تیرۆر.
ش. م