خۆپیشاندانى کوردستانیانى ئەوروپا بۆ پشتیوانیکردن لە عەفرین بەردەوامە

کوردستانیانى دانیشتوى ١٠ شاری ئەوروپا بۆ شەرمەزارکردنى بۆردومانی ناوەندى عەفرین لەلایەن سوپاى تورکیاوە، کە بووە هۆى شەهیدبوون و برینداربوونى چەندین هاووڵاتى، رژانە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

کوردستانیانى دانیشتوى ١٠ شاری ئەوروپا بۆ شەرمەزارکردنى بۆردومانی ناوەندى عەفرین لەلایەن سوپاى تورکیاوە، کە بووە هۆى شەهیدبوون و برینداربوونى چەندین هاووڵاتى، رژانە سەرشەقامەکان و خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

دامشتات  

سەدان کوردستانیى لە گۆڕەپانی لوئیزنتپلاتزى شارى دامشتاتى ئەڵمانیا خۆپیشاندانیان لەدژی هێرشەکانى سوپاى داگیرکەرى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا. کوردستانیان لەو خۆپیشاندانەدا بانگیان لە راى گشتیى نێودەوڵەتى کرد، کە پێش لە کۆمەڵکوژکردنى خەڵکى عەفرین لەلایەن تورکیا و چەتەکانییەوە بگرن.

بەرلین

لە بەردەم باڵیۆزخانەى تورکیا لە شاری بەرلینى پایتەختى ئەڵمانیا خۆپیشاندان و چالاکى ئەنجامدرا. لەو خۆپیشاندان و چالاکییەدا دروشمى "پاراستنى عەفرین، پاراستنى ژیانە" بەرزکرابووە. هەروەها خۆپیشاندەران باسیان لەوە کرد، چەوساندنەوە و دادۆشین و داگیرکارییەکانى تورکیا بوونەتە بەڵا بەسەر گەلانى ڕۆژهەڵاتى ناوەڕاستەوە، بەڵام بەرخۆدانى عەفرین تێکیدەشکێنێت.

 

مانهایم

لە شارى مانهایم و لەسەر بانگەوازی پلاتفۆرمی ئیدی بەسە، زیاتر لە هەزار کەس لە بەردەم وێستگەى سەرەکیى شەمەندەفەری ورمس هۆپانهۆف کۆبوونەوە و خۆپیشاندانیان لە دژى داگیرکارییەکانى دەوڵەتى تورکیا بەرەوە ناوەندى شارى مانهایم ئەنجامدا. سەربارى ڕێگرییەکان و هەوڵە تێکدەرەکانى پۆلیسى ئەڵمانیا، بەڵام کوردستانیان بەخۆپیشاندان تاوەکو ناوەڕاستى شارەکە ڕۆیشتن و ژمارەیەک چالاکى جۆراجۆریان ئەنجامدا.

ئۆسنابروک

لە شارى ئۆسنابروکی ئەڵمانیا، داگیرکارکردنى عەفرین لەلایەن سوپاى تورکیاوە بە خۆپیشاندانێک شەرمەزارکرا. کوردستانیان لەگەڵ چەند دەستەیەک لە ئانتى فاشیستەکان لە هاگیتا کۆبوونەوە و هێرشەکانى دەوڵەتى تورکیایان بۆ سەر عەفرین ئیدانەکرد.

زاپوئێن

لە شارى زاپوئێنى ئەڵمانیا و لە بانهۆف (بەردەم وێستگەى سەرەکیى شەندەفەر) چالاکییەک لە دژى هێرشە داگیرکارییەکانى سوپاى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدرا.

 

شتوتگارت

کوردستانیان لە شارى شتوتگارتى ئەڵمانیا لە بەردەم وێستگەى داغا ترێنى ئەو شارە کۆبوونەوە و چالاکیى ناڕەزایەتییان بۆ شەرمەزارکردنى هێرشى تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا.

دینهاگ

لە شارى دینهاگی هۆڵندا و بە پێشەنگایەتیى گەنجانى ئازاد خۆپیشاندانێک ڕیکخرا. لە خۆپیشاندانەکەدا پۆستەری "پێش لە داگیرکاریى دەوڵەتى تورک بگرن لە عەفرین" بەرزکرابوویەوە. گەنجان ڕێگاى هاتوچۆیان داخست و دواتر ڕاگەیاندراویان بڵاوکردەوە و کۆتایان بە چالاکییەکیان هێنا.

 

برۆکسل

کوردستانیان لە شارى برۆکسلى پایتەختى بەلجیکا لەبەردەم باڵیۆزخانەکانى تورکیا و ئەمریکا کۆبوونەوە و ئەو کۆمەڵکوژییانەیان ئیدانەکرد، کە دەوڵەتى تورکیا ئەنجامیان دەدات.

میلانۆ

لە شارى میلانۆى ئیتالیا و لەسەر بانگەوازی کۆمیتەى کورد لە میلانۆ، کوردستانیان لەگەڵ ڕێکخراوە شۆڕشگێڕەکان، سۆسیالیستەکان و ئانارشیستەکان کۆبوونەوە و لە دژى داگیرکاریى دەوڵەتى تورکیا لە عەفرین، خۆپیشاندانیان ئەنجامدا.

پاریس

کوردستانیان و دۆستەکانیان لە شارى پاریسى پایتەختى فەڕەنسا لە بەردەم بیناى پەرلەمانى فەڕەنسا کۆبوونەوە. لەو کۆبوونەوە جەماوەرییەدا کۆمەڵکوژی و هێرشى دەوڵەتى تورکیا بۆ سەر عەفرین شەرمەزارکرا.

 

ر.م