دەیان هەزارکەس لە ستراسبۆرگ، بۆ عەفرین و ئۆجالان کۆبوونەوە

بە ئامانجی ئیدانەکردنی ١٩هەمین ساڵڕۆژی گەلەکۆمەی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات لەدژی ئۆجالان وهێرشەکانی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە سەر عەفرین، بە دەیان هەزارکەس لە زۆرێک لە شارەکانی ئەوروپاوە ڕوویان لە ستراسبۆرگ-ی فەڕەنسا کرد وکۆبوونەوە.

 

کوردستانیانی نیشتەجێی ئەورووپا و دۆستانیان، بە مەبەستی ئیدانەکردنی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی ١٥ی شوبات و پەلاماری داگیرکاریی دەوڵەتی تورکیا لەسەر عەفرین، لە بوڵواری 'دە مەتز، نانسی و وێستگەی ناوەندی قەتار لە شاری ستڕاسبۆرگی فەڕەنسا کۆبوونەوە.

کوردستانیان و دۆستانیان کە لە وڵاتەکانی ئەڵمانیا، فەڕەنسا، بەلجیکا، سوێد، نەمسا و زۆر ولاتی دیکەی ئەورووپا دەژین، بەیانی ئەوڕۆ بە مەبەستی بەشداریکردن لەو کۆبوونەوە جەماوەرییە ڕوویان لە شاری ستراسبۆرگ-ی فەڕەنسا کرد. بە هەزاران کەس بە بەرزکردنەوەی وێنەکانی ئۆجالان و ئاڵاکانی پەکەکە، کەجەکە، ئەپەگە، یەپەژە و تەژەکە ئەورووپا، شەقامەکانی ستراسبۆرگ-یان ڕازاندەوە بە وتنەوەی درووشمەکانی دڵسۆزی بۆ ئۆجالان، ڕوو دەکەنە ئەو هەرێمەی کە بڕیارە ڕێپێوانەکەی لێ بەڕێوە بچێت.

سەرەڕای بارینی بارانێکی بە خوڕ، کوردستانیان بە یەکدەنگی مارشی شۆڕشگێڕی و درووشمی ''هەر شوێن عەفرین و هەر شوێن بەرخۆدان"یان وتەوە و سڵاویان ئاراستەی خۆڕاگری عەفرین کرد و پشتیوانی خۆیان لە گەلی قارەمانی عەفرین پێشاندا. هەروەها گرسە بە توندی ئیدانەی پیلانگێڕێ نێودەوڵەتی لەدژی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵڵا ئۆجالان-یان کرد و تووڕەیی خۆیان لە دەوڵەتی فاشیستی تورکیا دەربڕی.

پۆلیسی فەڕەنسا-ش، لەو هەرێمەی کە ڕێپێوانەکەی تێدا بەڕێوە دەچێ، ئامادەکاری ئەمنییان کردووە و لەسەر ئەو شەقامانەی کە چالاکییەکەی تێدا دەکرێ، زرێپۆش-یان ڕاگرتووە.

چاوەڕوان دەکرێت لە کاتژمێرەکانی داهاتوودا بە دەیان هەزار کەس دەس بە ڕێپێوان بکەن و دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر و پیلانگێڕان شەرمەزار بکەن.