كۆمسیۆنی باڵای په‌نابه‌رانی سه‌ر به نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ڕایگه‌یاند، ساڵی ٢٠١٨ له ڕێگه‌ی ده‌ریاوه ١١٣ هه‌زار و ٤٨٢ كۆچبه‌ر گه‌یشتوونه‌ته ئه‌ورووپا. هه‌روه‌ها ٢ هه‌زار و ٢٦٢ كۆچبه‌ریش له هه‌مان ڕێگه‌دا له ده‌ریای سپی خنكاون.
ساڵی ٢٠١٧، ١٧٢ هه‌زار و ٣٠١ كۆچبه‌ر له ڕێگه‌ی ده‌ریاییه‌وه خۆیان گه‌یاندبووه ئه‌ورووپا، ٣ هه‌زار و ١٣٩ كۆچبه‌ریش له هه‌مان ڕێگه‌دا ژیانیان له‌ده‌ست دابوو.
ساڵی ٢٠١٥، ملیۆنێك و ١٥ كۆچبه‌ر گه‌یشتنه ئه‌ورووپا. وه‌ڵاتانی ڕۆژئاوا بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له شه‌پۆلی كۆچی په‌نابه‌ران بگرن به‌ره‌و ئه‌ورووپا، له‌گه‌ڵ وه‌ڵاتانی وه‌ك لیبیا و توركیا كه كۆچبه‌ران وه‌ك ئامرازی هه‌ڕه‌شه‌كردن و بازرگانی به‌كاردێنن، په‌یمانێكیان مۆر كرد. كۆمه‌ڵه‌كانی داكۆكی كردن له كۆچبه‌ران و داكۆكیكارانی مافه‌كانی مرۆڤ هه‌ر زوو ناڕه‌زایه‌تییه‌كان ده‌ربڕی و ئه‌و په‌یمانانه‌یان به نامرۆڤانه ناوبرد.
زۆرێك له‌و كۆمه‌ڵانه ده‌ڵێن، حكوومه‌ته گه‌وره‌كانی ئه‌ورووپا به‌شێكی گه‌وره‌یان به‌رده‌كه‌وێت له به‌رپرسایه‌تیی مردنی كۆچبه‌ران له ده‌ریای سپی‌دا. ده‌ریای سپی به گۆڕستانی گه‌وره‌ی كۆچبه‌ران داده‌نرێت. بۆ ئه‌وه‌ی ڕێگری له مردنی كۆچبه‌ران بكرێت، له بری ئه‌وه‌ی ڕێوشوێن بگیرێته‌به‌ر بۆ پاراستنیان، ڕێگری له كه‌شتییه‌كانی ڕێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیڤیل ده‌كرێت كه به هانای كۆچبه‌رانه‌وه بچن.
s.m