لە ئیسپانیا کەمترین مووچە بە رێژەى سەدا ٢٠ بەرز دەکرێتەوە

لە ئیسپانیا پارتی سۆسیالیستى دەسەڵاتدار و پارتى چەپی ئۆپۆزسیۆن (پۆدێمۆس – Podemos) لەسەر ئەوە رێککەوتن کەمترین مووچە بە رێژەى سەدا ٢٠ بەرز بکەنەوە.

حکومەتى ئیسپانیا کە لە ئێستادا لەلایەن پارتى سۆسیالیست (PSOE)ی ئیسپانیاوە بەڕێوەدەچێت، لەگەڵ پارتى چەپی ئۆپۆزسیۆن (پۆدێمۆس – Podemos بە مانای 'ئێمە دەتوانین') لەسەر ئەوە رێککەوتن کەمترین مووچە بەشێوەیەکى بەرچاو بەرز بکەنەوە.

پیدرۆ سانچز سەرۆک وەزیرانى ئیسپانیا و پابلۆ ئیگلەسیاس سەرۆکى پۆدێمۆس، رۆژی پێنجەشەممە لەسەر ئەوە رێککەوتن، کە کەمترین مووچە لە ٧٣٥ یورۆوە بکەن بە ٩٠٠ یورۆ و ئەوەش یانى بەزرکردنەوەى کەمترین مووچە بە رێژەى سەدا ٢٠.

لە ئیسپانیا تەنها ٣.٥ی کرێکاران کەمترین مووچەیان هەیە. بۆ زیادکردنى کەمترین مووچە پێویستى بە بودجەیەکى نوێ بە بڕی ٣٤٠ ملیۆن یورۆ هەیە.

بۆ ئەوەى ئەو رێککەوتنە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە، دەبێت ئەنجوومەنى نوێنەرانى ئیسپانیا کە لە ٣٥٠ ئەندام پێکهاتووە بە دەنگى زۆرینە رێککەوتنى ئەو ٢ حیزبە قبوڵ بکات. لە ئەنجوومەنى نوێنەراندا حیزبی سۆسیالیت ٨٥ کورسی و حیزبی چەپی پۆدێمۆس ٧١ کورسیى هەیە. بۆ پەسەندکردنی ئەو رێککەوتنە پێویستیان بە دەنگى ١٧ پەرلەمانتاری حیزبی کاتالۆنیاش دەبێت.

ر.م