لەدوای بڕیارەکەى ترامپ بۆ کشانەوە لە سوریا بەرپرسێکى تری پنتاگۆن دەستى لەکارکێشایەوە

دواى ئەوەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکى ئەمریکا بڕیارى کشانەوەى لە سوریا دەرکرد و چەندین کاردانەوەى لێکەوتەوە. ٣ بەرپرسی باڵاى ئەمریکا لە دژی ئەو بڕیارە دەستیان لەکار کێشابووە و ئێستاش بەرپرسێکى تری پنتاگۆن دەستى لەکار کێشایەوە.

کەڤین سوینى بەڕێوبەری بەڕێوەبەرایەتیى فەرمانبەرانی وەزارەتى بەرگریى ئەمریکا (پنتاگۆن) رایگەیاند "ئیتر کاتی ئەوە هاتووە لە کەرتى تایبەت دا کار بکەم" و دەستى لەکارکێشایەوە. هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەکەى ئاشکرا نەکردووە و لەسەر دەست لەکارکێشانەوەکەشی راگەیاندراوێکى کورت بڵاوکراوەتەوە و باسیش ترامپ نەکراوە.

کەڤین سوینى لە کانوونی دووەمی ٢٠١٧ / بەفرانبارەوە لە بەڕێوەبەرایەتیى پنتاگۆن دا کاری دەکرد. سوینى دەبێتە ٤هەم بەرپرسی ئەمریکی، کە لە دواى بڕیارەکەى ترامپ بۆ کشانەوەى هێزەکانیان لە سوریا دەستى لەکار کێشاوەتەوە.

لە چوارچێوەى کاردانەوە و دژایەتیکردنى بڕیارەکەى ترامپدا، جەیمس ماتیس وەزیری بەرگریى ئەمریکا لە ٢٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ٢٩ی سەرماوەز رایگەیاند، لەگەڵ ترامپ پێکەوە هەڵناکەن و دەستى لەکارکێشایەوە.

رۆژی دووشەممەی رابردوو ٣١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٨ / ١٠ی بەفرانبار دێنا وایت وتەبێژی پنتاگۆن دەستى لەکارکێشایەوە. هەروەها برێت مەکگۆرک نوێنەری تایبەتى ئەمریکا لە هاپەیمانیى نێودەوڵەتیى دژ بە داعش رۆژی رۆژی ٢١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٧ / ٣٠ی سەرماوەز بەهۆی دژایەتیکردنى بڕیارەکەى دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا بۆ کشانەوەى هێزەکانى ئەمریکا لە سوریا دەستى لەکارکێشایەوە.

لە دواى لێکەوتنەوەى چەندین کاردانەوە لە سیاسەتى ناوخۆی ئەمریکادا، ترامپ بە ناچار رایگەیاندبوو، کشانەوەى یەکە سەربازییەکان لە سوریا بە پەلە نابێت و کشانەوەکە ماوەیەک دەخایەنێت.

مایک پۆمپیۆ وەزیری دەرەوى ئەمریکا رۆژی پێنجشەممە ٣ی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ / ١٣ی بەفرانبار رایگەیاندبوو "بەشێک لە ئەرکی ئێمە ئەوەیە، کە ئەمریکا رێگا نادات کوردان لەسەر دەستى تورکیا کومەڵکوژ بکرێن".

ر.م