نیتانیاهو هەڕەشەى لە ئێرانکرد؛ فڕۆکە ئێف – ٣٥ەکانمان دەگەنە ئاسمانى ئێران

هەڕەشەکانی ئێران و ئیسرائیل لە دژی یەکتر بەردەوامییان هەیە. بینامین نیتانیاهو سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل رایگەیاند، فڕۆکە ئێف – ٣٥ەکانیان لە توانایاندایە بگەنە هەموو ناوچەیەکى رۆژهەڵاتى ناوەڕاست و ئاسمانى ئێرانیش.

نیتانیاهو سەرۆک وەزیرانى ئیسرائیل لە ناوەندی ئاسمانیى ناڤاتیم لە وڵاتەکەى، کە دەکەوێتە باشووری ئیسرائیل سەردانى ئەو فڕۆکە جەنگییە ئێف – ٣٥انەى کرد، کە ساڵی ٢٠١٦ لە ئەمریکایان کڕیبوو.

نیتانیاهو لەو ناوەندە ئاسمانییەى وڵاتەکەیدا وتى "ئێران هەڕەشەى سڕینەوە و لە ناوبردنمان لێدەکات، بەڵام نابێت ئەوەیان لە بیر بچێت، کە ئەم فڕۆکانە لە توانایاندایە خۆیان بگەیننە ئێران و هەموو ناوچەیەکى تری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت سوریاش".

ئیسرائیل لە چەند ساڵی رابردوودا لە سوریا دەیان پێگە و بنکەى ئێران و حیزبوڵاى لوبنانی بۆردومانکردووە. ئێران، ئیسرائیل وەک دوژمن دەبینێت لە سوریا پشتیوانى لە رژێمى بەشار ئەسەد و لە لوبنانیش پشتیوانى لە حیزبوڵا دەکات.

نیتانیاهو لە مانگی رابردووشدا رایگەیاندبوو، با دوژمنەکانمان هەوڵی تاقیکردنەوەى ئێمە و تواناکانمان نەدەن و تەنها ئەوە بە دوژمنەکەمان دەڵێم، سوپای ئیسرائیل هێزێکى زۆر گەورەى بۆ تێکشکاندن هەیە.

ئیسرائیل لە مانگی ئایاری ٢٠١٨دا بۆ یەکەمجار فڕۆکەى ئێف – ٣٥ی لە ئۆپەراسیۆنێکى جەنگی (لە سوریا) بەکارهێنا و بووە یەکەم وڵات کە ئەو فڕۆکەیە بۆ جەنگ بەکارهێنابێت.

ر.م