هەزاران ژن لە شیکاگۆ لە دژی ترامپ رژانە سەر شەقامەکان

لە شاری شیکاگۆی ئەمریکا هەزاران ژن لە دژی سیاسەتەکانى ترامپ لەسەر بابەتى "دژایەتیکردنى ژنان" رژانە سەر شەقامەکان.

حیزبى دیموکراتى ئەمریکا دەیەوێت لە هەڵبژاردنى مانگی داهاتوودا لە ئەنجوومەنى نوێنەران زۆرینە بەدەست بهێنێت.

ژنان لە ناوەندی شاری شیکاگۆ بە دروشمی "ئێمە تاوەکو سەر سندوقەکان دەڕۆین" کۆبوونەوە و سەرنجیان خستە سەر هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەران کە لە مانگى داهاتوودا دەستپێدەکات.

ژنان پۆستەرەکانى "دەنگ بدە، ژیانمان بەندە بە دەنگدانەوە" و "هەر دەنگێک پێویستە، چونکە هەڵبژاردنمان لە بەردەمە" بەرز کردبووە.

ترامپ لەمدواییانەدا برێت کاڤانوی بۆ ئەندامى ئەنجوومەنى دادگاى باڵاى ئەمریکا هەڵبژاردووە. هەڵبژاردنى کاڤانو کاردانەوە و ناڕەزایەتى لێکەوتووەتەوە، چونکە کاڤانو لە کاری تەحڕوش و پەلاماردانى ژنانەوە گلاوە.

خۆپیشاندەران جارێکیتریش لە مانگى ئەیلولی رابردوودا لە شارەکانى تەکساس، جۆرجیا و کارۆلیناى باشوور لە دژی سیاسەتەکانى ترامپ رژابوونە سەر شەقامەکان.

رێکخەرانى خۆپیشاندانەکە رایانگەیاندووە، چالاکییەکەیان بۆ پشتیوانیکردن لە حیزبێکى دیاریکراو نییە، بەڵام زۆربەى پاڵشتیى دارایى چالاکییەکە لەلایەن ئەو دەستە و کەسانەوە کۆکراوەتەوە، کە پشتیوانى لە حیزبی دیموکرات دەکەن.

لە چالاکییەکەى شیکاگۆدا پەیامێکى هیلاری کلینتۆن خوێندرایەوە، کە لە ساڵی ٢٠١٦دا رکابەریى دۆناڵد ترامپى دەکرد بۆ بەدەستهێنانى پۆستى سەرۆکایەتیى ئەمریکا.

ر.م