وزیری بەرگری ئەمریکا دەستی لەکار کشایەوە

دوا بەدوای بڕیارەکەی ترامپ بۆ کشانەوەی هێزەکانی لەسووریا ، کاردانەوەی جیهانی و ناوخۆیی گەورەی لێکەوتووەتەوە. وەزیری بەرگری ئەمریکا جێمز مەتیس ڕایگەیاند، کە لەبەرناکۆکی لەگەڵ دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا دەست لەکاردەکێشێتەوە.

دوێنی جێمز مەتیس، وەزیری بەرگری ئەمریکا ڕایگەیاند، کە بەهۆى ناکۆکییەکانى لەگەڵ دۆناڵد ترامپ، دەست لەکار دەکێشێتەوە، دوابەدوای ئەوەش، نامەی دەست لەکار کێشانەوەکەی لەلایەن پنتاگون-ەوە بڵاو کرایەوە.

لە نامەکەیدا مەتیس بە ترامپ دەڵێت: مافی خۆتە وەزیرێکى بەرگریت هەبێت، کە بیروبۆچوونی لەگەڵتا نزیک بێت، باشترین کار بۆ من دەست لەکار کشانەوەیە.

دەست لەکار کێشانەوەکەی مەتیس دوای بڕیارەکەی دوناڵد ترامپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر کشانەوەی هێزەکانی لە سووریا دێت، مەتیس ڕاشکاوانە دژایەتی خۆی بۆ کشانەوە لە سوریا ڕاگەیاندبوو.

کاربەدەستێکی باڵای کۆشکی سپی بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، کە ترامپ و مەتیس دوێنێ، پێکەوە کۆبوونەتەوە و لەسەرهەندێک بابەت رێکنەکەوتوون.

مەتیس ساڵی ٢٠١٣ـەش کاتێک فەرماندەی هێزی ناوەندی ئەمریکا بوو، ڕەخنەى لە سیاسەتەکانی سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمریکا باراک ئۆباما، دەگرت لەبارەى ڕۆژهەڵاتی ناوڕاستەوە، مەتیس، پێى وابوو کە ئێران گەورەترین مەترسی هەمیشەییە لە ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست-دا و، لەسەر سیاسەتەکانى ئۆباما بەرامبەر بە ئێران ڕەخنەى هەبوو.

ک٠ش