پارلەمانی ئەورووپا لە داگیرکردنی شارەوانیەکانی هەدەپە ناڕازییە

ماریا ئارێنا سەرۆکی کۆمیتەی ژێرەوەی مافی مرۆڤ لە پارلەمانی ئەورووپا لە بەرامبەر داگیرکردنی شارەوانیەکانی ئامەد، وان و مێرین ناڕازیەتی نیشان داوە و شەرمەزاری کردووە.

لە بەردەوامی ناڕەزایەتیەکان دژ بە داگیرکردنی شارەوانیەکانی ئامەد، وان و مێرین-ی باکوری کوردستان لە لایەن دەسەڵاتدارێتی ئاکەپەوە و دانانی قەیووم لە بری شارەدارانی هەدەپە، ماریا ئارێنا سەرۆکی کۆمیتەی ژێرەوەی مافی مرۆڤ لە پارلەمانی ئەورووپا هاتە دەنگ.
ئارێنا لە بەرامبەر داگیرکردنەکە و دانانی قەیومەکان بە توندی ناڕەزایەتی نیشان داوە و کردەوەکەی شەرمەزار کردووە و وتویەتی: "حساب نەکەردن بۆ ئیرادەی گەل مایەی قبوڵکردن نییە و پەسەند ناکرێ".

ناوبراو پشتیوانی تەواوی بۆ هەر یەکە لە سەلجوق مزراکلی هاوسەرۆک شارەوانیى هەدەپەی گەورە شاری ئامەد، ئەحمەد تورک هاوسەرۆک شارەوانیى هەدەپەی گەورە شاری مێردین و بەدیعە ئۆزگۆکچە ئەرتان هاوسەرۆک شارەوانیى هەدەپەی گەورە شاری وان دەربڕیوە، کە لە هەڵبژاردنی شارەوانیەکان لە ۳۱ی ئاداری ساڵی ۲۰۱۹دا لە سەر لیستی هەدەپە بە دەنگ و ئیرادەی گەل سەرکەوتبوون و ئەو سێ شارەوانیەیان بەدەست خستبوو.

ماریا ئارێنا سەرۆکی کۆمیتەی ژێرەوەی مافی مرۆڤ لە پارلەمانی ئەورووپا داواش لە دەسەڵاتدارێتی ئاکەپە دەکات بە بڕیارەکەیدا بێچێتەوە و سەرڕاستی بکاتەوە.

 

هـ.هـ