پێنتاگۆن: لە عەفرین خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن

سەردار، ئادریان گالۆوای، وتەبێژی وەزارەتی پاراستنی ئامریکا ئاشکرای کرد کە بەهۆی هێرشەکانی تورکیاوە لە عەفرین، خەڵکی مەدەنی دەکوژرێن.

بەوتەی ڕادیۆی دەنگی ئامریکا، گالۆوای وەڵامی پرسیاری تێلڤیزیۆنی ''ئەلحوڕڕە''ی داوەتەوە. گالۆوای، دەربارەی هەڕەشەکانی تورکیا لەسەر منبج-یش دەڵێ: ''نامەوێ لەسەر ئەگەرەکان قسە بکەم."

منبج، توانایی خۆپاراستنی هەیە

گالۆوای، وتوویەتی: ''ئەمنییەتی منبج، بەدەست هێزەکانی ئەوێوەیە. ئەو هێزەش لە پێکهاتەکانی ئەوێ درووست بوون. عەرەب، کورد و پێکهاتەکانی دیکەی تێدایە و بۆ پاراستنی ناوچەکەشیان، کۆمەڵگەی خۆیان پەروەردە کردووە".

گالۆوای، ئاشکرای دەکات کە پەلاماردانی عەفرین، سەرنجەکانی لەسەر شەڕی داعشی بە لایەکی دیکەدا بردووە و دەڵێ: ''ئەو هێزانەی کە لە عەفریندا شەڕ دەکەن، چ کورد، چ تورکیای هاوپەیمانی ناتۆ، یان هێزەکانی ڕژێم، سەرنجی لەسەر شەڕی دژ بە ڕژێم کە ''شەڕێکی گرنگترە"، بە لایەکی دیکەدا بردووە".

ئادریان گالۆوای، داوای لە هەموو لایەنەکان کرد کە بگەڕێنەوە سەر کێشە بنەڕەتییەکە کە لەناوبردنی داعشە و وتی: '' بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە بە جۆرێک کە گومانە ئەمنییەکانی تورکیا بڕەوێننەوە، دیپڵۆماتکارەکان بە چڕی لە هەوڵ دان.''

گالۆوای، لە درێژەی قسەکانیدا ئاشکرای دەکات کە لە تێکۆشانی دژی داعشدا، ئەوان لەگەڵ هاوکاری خۆیان کە هێزەکانی سووریای دێموکراتیکە بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی فرات، کار دەکەن.

گالۆوای، ڕایدەگەیەنێ کە ئەوان یارمەتی هێزە کوردییەکان لە عەفرین ناکەن و دەڵێ: "بەڵام ئێمە لەو باوەڕەداین ئەو شتانەی کە لە عەفرین دەقەومێ، دەتوانێ سەرنج لەسەر تێکۆشانی دژی هەڕەشەی داعش نەهێڵێ."

لە عەفرین، هاووڵاتی مەدەنی دەکوژرێن

گالۆوای دەشڵێت: ''ئێستا ڕەوشێکی وا هاتۆتە ئاراوە کە خەڵکی سیڤیل دەمرن و مرۆڤ بەهۆی هێرشەکانەوە ناتوانێ بگەڕێتەوە ماڵەکەی خۆی. هەر بۆیە ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە ئاڵۆزییەکان کەم بکرێنەوە. بۆ کەمکردنەوەی ئاڵۆزییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکان بەشێوازێک کە نیگەرانیەکانی تورکیای هاوپەیمانمان بڕەوێنێتەوە، ئێمە هاوکار دەبین لەگەڵ هاوکارانمان لە وەزارەتی دەرەوەی وڵاتەکەمان. لەو ماوەیەشدا ئێمە هەروا بەردەوام دەبین لە شەڕکردن لە دژی داعش کە سەرەکیترین هەڕەشەیە لەسەر هەرێمەکە."

وتەبێژی پێنتاگۆن، دەڵێ: ''ڕاوەستاندنی شەڕ لە دژی داعش ، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئەو ڕێکخراوەیە خۆی کۆ کاتەوە و شەڕڤانی نوێ بهێننە نێو ڕیزەکانیەوە. بۆیە دەبێ بەپەلە ئەو کێشەیە چارەسەر بکەین. دەبێ ئێمە لە توند و تیژییەکانی سەر عەفرین کەم کەینەوە و بەو شێوازە بتوانین سەرنجی خۆمان بخەینەوە سەر شەڕی دژی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەی سووریا.