چاودێرانى سوید باسیان لە هەڵبژاردنەکانى ٢٤ى حوزەیرانى تورکیا کرد

سیمۆن جۆهانسۆن و بینی گوستافسۆن چاودێرانى هەڵبژاردنەکانى سەرۆکایەتى و پەرلەمانى تورکیا لە ناوچەى سۆدرهامی سوید کۆبوونەوەیەکیان لەبارەی ساختەکاری و خروقاتەکانى ئاکەپە لە هەڵبژاردنەکانى ٢٤ی حوزەیرانى تورکیا بەڕێوەبرد.

کۆبوونەوەکە لە  کتێبخانەى ناوچەکە و بە بەشداریى نزیکەى ٣٠ کەسایەتى و چاودێرى سویدى بەڕێوەچوو. گوستافسۆن رایگەیاند، لەسەر بانگهێشتى هەدەپە وەک چاودێر چوون بۆ تورکیا و لە ناوچەى تاتوان لە پارێزگاى بەدلیس و ئەو گوندانەى کە ئاکەپە تیایدا زۆرینەیە، چاودێریی هەڵبژاردنەکانیان کردووە.

راشیگەیاند، لەو ٥ گوندەدا، کە ئەوان سەردانیان کردووە رێگا بە چاودێرەکانى هەدەپە نەدراوە بەشداری لە ژماردنی دەنگەکاندا بکەن. وتیشی "ئەوە لە گوندەکانى تریش بەرامبەر بە هەدەپە و چاودێرەکانى ئەنجامدرا. سەرۆکى ئەرکداران لەسەر سندوقی فەرمانبەرانى دەوڵەت بوو. ئاکەپە زۆر خێرا و چالاک بوو. ئێمە لە گوندێکدا بینیمان کە نوێنەری ئاکەپە بە ژنانى دەوت، کە دەبێت چۆن دەنگ بە ئاکەپە بدەن. لە گوندێکى تر سەربازان بەسەر سندوقەکانەوە راوەستابوون".

سیمۆن جۆهانسۆن باسی ئەوەیکرد، ئەوە جاری یەکەم بووە، کە وەک چاودێرى هەڵبژاردن چووەتە تورکیا و چاودێریى هەڵبژاردنەکانى کردووە. ئەو گوشارانەى بەرامبەر بە دەنگدەران و لایەنەکان ئەنجامدراوان بووەتە جێگاى سەرسوڕمانى و رایگەیاند، دواى ئەوەى لە گوندێک چوونەتە دەروە، ئۆتۆمبێلەکەیان لە رێگادا لەلایەن پۆلیسەوە راگیراوە و بردونیان بۆ بنکەى سەربازی.

جۆهانسۆن وتی، بۆ ماوەى ٧ کاتژمێر لە بنکە سەربازییەکەدا راگیراون. تیشی "دوای ئەوەى ئێمەیان ئازاد کرد، دەستیان کرد بە چاودێریکردنمان. پۆلیس دەهاتنە ئەو چێشتخانەیەى کە ئێمەی لێبوو. چەکەکانیان پیشان دەداین و لە مێزێکى تەنیشتماندا دانیشتن. بە بەردەوامى هەڕەشەیان لێدەکردین".

گوستافسۆن ئاماژەى بەوەکرد، پێش هەڵبژاردنەکان گوشارێکى زۆر لە سەر هەدەپەییەکان بوو و ژمارەیەکى زۆریان لێ دەستگیرکرا. ئەوەشى وت "هەڵبژاردنەکان لە هەلومەرجێکى نایەکساندا بەڕێوەچوو. ئاکەپە و ئەردۆغان هەموو توانا و ئیمکانیەتەکانى دەوڵەتیان بۆ خۆیان بەکاردەهێنا و رێگرییان لەکاری هەڵبژاردنى هەدەپە دەکرد".

گوستافسۆن و جۆهانسۆن راشیگەیاند، گەلی کورد لە ژێر زۆردارییەکى گەورەدا تێدەکۆشێت و داوایان لە بەشداربووانى کۆبوونەوەکە کرد پشتیوانى لە گەلی کورد بکەن.

ر.م