ڕووسیا: پێویسته‌ حكوومه‌تی سووریا گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كوردان بكات

ڕووسیا كه‌ به‌ر له‌ هێرشی داگیركاریی توركیا بۆ سه‌ر عه‌فرین، ڕه‌زامه‌ندی ده‌ربڕیبوو هێرشی ئاسمانی بكاته‌ سه‌ر عه‌فرین، داوای له‌ حكوومه‌تی سووریا كرد له‌گه‌ڵ كوردان گفتوگۆ بكات.

سێرگی لاڤرۆڤ، وه‌زیری كاروباری ده‌ره‌وه‌ی ڕووسیا له‌ دوای كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ هاوتا سلۆڤینیاكه‌ی ڕایگه‌یاند؛ پێویسته‌ حكوومه‌تی سووریا له‌ سه‌رانسه‌ری خاكه‌كه‌ی به‌پێی ڕه‌گه‌زه‌كانی ده‌سه‌ڵاتداره‌تی مامه‌ڵه‌ بكات. ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد، پێویسته‌ له‌گه‌ڵ هه‌موو چین و توێژه‌كان به‌ گه‌لی كوردیشه‌وه‌ گفتوگۆ بكات. وتیشی ده‌بێ هه‌موو لایه‌ك گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا قبووڵ بكات، چونكه‌ قه‌یرانه‌كان‌ به‌ گفتوگۆ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

لاڤرۆڤ ڕۆژێك پێشتر داوای له‌ توركیا كردبوو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی سووریا بكات و ڕایگه‌یاندبوو؛ «ئاسایشی توركیا به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ شام ده‌پاره‌زرێت.» هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردبوو، ئه‌وان له‌ نیگه‌رانییه‌كانی توركیا و خواسته‌كانی كوردان تێده‌گه‌ن.

 

ش. م