ڕۆشنبیرانی جیهان ؛داوا دەکەن هەرکەس بۆعەفرین دەنگی بەرزکاتەوە

لە چوارلای جیهانەوە خەڵکی ڕۆشنبیر لە دژی هێرش و پەلاماری سوپای تورکیا و چەتەکانی ئەردۆغان، دەنگ هەڵدەبڕن.

 زۆرێک لە نووسەر، مێژووناس و زمان ناسانی جیهان دەربارەی هێرشی سەر عەفرین قسەیان بۆ ''یەنی ئوزگور پولیتیکا'' کرد.

PEN یاریدەدەری سەرۆکی پێن-ی نێوەدەوڵەتی کە کە ١٤٤لقی هەیە و لە ١٠٢ وڵات خەڵک تێیدا ئەندامن بە لێدوانێکی هاوبەش ڕایانگەیاند؛ ''بە هەموو شێوەیەک ئێمە لەدژی ئەو هێرشەین و داوا لە هەر کەس دەکەین دەنگی خۆی بەرز کاتەوە".

بەرپرسانی پێن-ی نێودەوڵەتی ڕایدەگەێێنن؛ ''عەفرین شارێکی کوردییە کە کەوتۆتە بەر پەلاماری تورکیا و خاکی تورکیا نییە. عەفرین شارێکه کە هەتا ئێستا لەوێوە لەدژی تورکیا هیچ هێرشیکی ئەنجام نەداوە. هەر بۆیەش ئێمە نازانین کە بۆچی تورکیا سنوورەکانی خۆی دەبەزێنێ دەچێتە ولاتێکی دیکە کە هیچ گفتوگۆیەک لە نێویاندا نییە و داگیری دەکات. تێناگەین کە بۆچی تورکیا پەلاماری شارێک دەدات کە هیچ مەترسییەکی بۆ سەر تورکیا نەبووە. کەواتە کێشە چییە؟ بەو بیانوویانەی کە دەڵێن هێندێک کەس کە لەلایەن تورکیاوە بە تیرۆر تاوانبار دەکرێن، چوونەتە عەفرین. گوایە هەر بۆیەشە کە دەوڵەتی تورکیا هێرشی دەست پێکردووە. بەڵام سوپای تورکیا عەفرین بۆردوومان دەکات کە لەوڵاتێکی دیکەیە و تورکیا لەگەڵ ئەو وڵاتە لە شەڕدا نییە. لەو شارە هەر کەسێکی لێبێت، ئەو لەبواری ئەخلاقی و سەبازییەوە هەڵەیە".

''عەفرین، بە خۆبەڕوەبەری ئیدارە دەکرێت. بۆچی کاتێک کە کورد هەوڵ دەدەن چارەنووسی خۆیان دیاری بکەن، تورکیا ئەوە وەکوو مەترسی لەسەر خۆی دەبینێ؟ کاتێک لە جێیەکی دیکەش وابکەن، لەهەمبەر ئەو داخوازییە خۆی پێ‌ڕاناگیرێت.هەڕێمی خۆبەڕێوەبەری کوردان لە عێراق-یش وەکوو دڕکێک وایە بۆ تورکیا، بەڵام لەلایەن کۆمەڵگای نێودەوڵەتییەوە دەپارێزرێ. هیچ پەیوەندییەکی ئەو بارودۆخە بە داعش یان بە لایەنە نەیارەکانی حکوومەتی سووریا یان لایەنگرەکانیشێوە نییە. نە ئایدیلۆژیکە و نە سیاسەتێکی سەربازییە. تەنیا ئەوەیە کە دەوڵەتی تورکیا هێرش دەکاتە سەر کورد. ئێمە بەهموو شێوازێک لە دژی ئەو هێرشەین و داوا دەکەین هەموو کەسێک لە دژی ئەو هێرشانە هڵوێستی هەبێت".

خرڤاتی سرێچکۆ هۆرڤات، نووسەر و فەلسەفەزان، ڕایگەیاند؛ ''هێرشی و داگیرکاریی تورکیا لەسەر عەفرین، شەرمێکی جیهانییە. ئەوەی لە عەفرین ڕوودەدا، شەرمێکی کارەساتبارە کە هەڵبژێردراوە قین لە دڵەکانی ئەو زەمەنەمان پێشان دەدا. ژیانی مرۆڤ لای ئەوان هیچ گرینگ نییە و ئەوەی بۆ ئەوان گرینگە فرۆشی چەکە. ئەڵمانیا ئەو تانکانە دەفرۆشێتە تورکیا کە لەدژی کورد بەکار دەهێنرێت. ئیدی ئێمە ناتوانین بڵێین ئەوە هیچ پەیوەندییەکی بە ڕاستینەی ئەورووپاوە نییە".

تۆماس کۆنیک، سەرنج دەخاتە سەر شۆشی ڕۆژاوا و دەڵێ: ''تورکیا، ئێران و ڕژێمی ئەسەد، هەموویان لە چرووسکی ئەو شۆڕشە دەترسن کە لە ڕۆژاواوە لە هەرێمەکەدا بڵاو بێتەوە. گرینگی تێکۆشانی شۆڕشگێڕی لە ڕۆژاوا ئەوەیە. ئەوە ڕەوشێکی سیاسییە کە لە داهاتوودا چارەنووسی هەرێمەکە دیاری دەکات. کە ئایا گەلان شۆڕشیان دەوێت یان وەحشیگەریی؟".

بەنەدیکتەر، نووسەر و ئابووریناس لە هەرێمی بۆزەنێ-ی تیرۆل-ی باشووری ئیتالیا، داوا لە ڕای گشتی جیهانیی دەکات؛ ''تیرۆری دەوڵەتی تورکیا لەسەر عەفرین ڕاوەستێنن و هەرێمی خۆبەڕێوەبەری ڕۆژاوا و باکووری سووریا بپارێزن. پیویستە دەوڵەتی تورکیا لەسەر ئەو تاوانانەی کە لە ڕۆژاوا و باکووری سووریا ئەنجامی دەدات، دادگایی بکرێت. ئەو بێدەنگییەی ئەورووپا دەربارەی ئەو هێرش و داگیرکارییەی سەر عەفرین، شەرمێکی گەورەیە و پێویستە ئەورووپا وەخۆ کەوێ". بەندیکتەر، هەروەها داوای پاراستنی عەفرین دەکات و دەڵێ هەرێمی بۆزەنێ، پشتیوانی لە عەفرین دەکات.

دوکتوور تۆڤە سکوتناب-کانگاس، زمانزان و نووسەر فینلاندیش دەڵێ؛ ''من ئەوەی کە تورکیا لە کوردستان و عەفرین دەیکات زۆر بە شتێکی وێرانکەری دەبینم و وادیارە کە بۆ ئەردۆغان گرینگ نییە کە کێ چی دەڵێ یان چی دەنووسێ. پێویستی بە هەوڵدانی زیاترە".

دوکتوور ئەحمەد دژاویت ئان: '' وڵاتی من قوبرس لە ساڵی ١٩٧٤ەوە لەلایەن سوپای تورکیاوە دابەش کرا، داگیرکرا و لەلایەن تورکیاوە ڕووبەڕووی پاکتاوی ئەتنیکی بووەوە. من دەمەوێ هەڵوێستی خۆم لە دژی ئەو هێرشکارییە دەرببڕم و ڕایگەیێنم کە پاڵپشتی خەڵکی عەفرین-م".

پرۆفیسۆر دوکتوور ئەلمار ئالتڤاتەر، سیاسەتوان و نووسەری ئەڵمانی: ''بەڵێ من بەشدار دەبم لە شەرمەزارکردنی ئەو هێرشانەی دەوڵەتی تورکیا بە مەبەستی داگیرکاری دەیکاتە سەر عەفرین و هەرێمەکانی دیکەی وڵاتی سووریا. ئەوە پێشێلکردنی مافە نێودەوڵەتییەکانە. پێشێل کردنی مافی مرۆڤ و مافی گەلانە. دەبێ گوشار بخرێتە سەر حکوومەت و سوپای تورکیا وبە پەلە کۆتایی بەو هێڕشە تیرۆریستیانەیان لەدژی گەلی گورد بێنن".

دوکتوور ئانەلیەس بروەکمەن: ''ئەو بەرخۆدانییەی لە عەفرین دەکرێت، بەلای ئێمەوە زۆر گرینگە. بەرخۆدانیی عەفرین نموونەی جیهانیی پاراستنی ژیانە و بۆ ئەو بزووتنەوانەی بەدوای عەداڵەتی ژینگەیی و کۆمەڵایەتییەوەن سەرچاوەی موڕاڵ و باوەڕ بەخۆبوونە".

دیمیتریروسۆپۆلووس، نووسەریش ڕایدەگەیەنێ: ''هێرشی سوپای تورکیا و گرووپە چەتەکان، نەک تەنیا هەر لەسەر کورد بەلکوو بۆ ئەو هەزاران پەنابەرە سوورییەش کە بەهۆی شەڕەوە کۆچیان بۆ عەفرین کردووە، مەترسیی و هەڕەشەیەکی گەورەیە. بۆیە من داوا لە سیاسەتمەدارانی تورکیا دەکەم کە هەرچی زووتر، خاکی سووریا و ڕۆژاوا بەجێهێڵن".