ڕێکخراوەکانی ئەفریقای باشوور؛ داوای پشتیوانی بۆعەفرین دەکەن

ڕێکخراو و ماف ناسە بەنێوبانگەکانی ئەفریقای باشوور، نامەیەکی سەرئاوەڵەیان بۆ ڕای گشتی بڵاو کردەوە و دەربارەی کۆمەڵکوژکردنی هاوڵاتیانی مەدەنی عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکیاوە،هۆشیارییان دا

یەکێتی پارێزەرانی دێمۆکراتیکی نێونەتەوەیی لە ئەفریقای باشوور، گەورەترین سەندیکای ئەفریقای باشووروگرووپی چالاکی مافی مرۆڤی کورد لە ئەفریقای باشوور،نامێکی سەرئاوەڵەیان بڵاوکردەوە ولە مەڕ تاوانەکانی دەوڵەتی تورکیا لە عەفرین، بانگیان لە ڕای گشتی کرد.

لە نامەکەدا ڕاگەیەنرا کە دەوڵەتی تورکیا زیاتر لە مانگێکە هێرشی کردۆتە سەر عەفرین و بە بیانوو هێنانەوە هەوڵ دەدا ئەو کۆمەڵکوژییانەی کە بەسەر ژن و منداڵانی هێناوە، بشارێتەوە. دەوڵەتی تورکیا هێرشی کردۆتە سەر شوێنی مەدەنی، خوێندنگە، نەخۆشخانە و جێگە پیرۆزه ئایینییەکان، تەنانەت دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیاوی لە ئارادایە. ئەوانەی کە دەوڵەتی تورکیا دەیکات بە ئاشکرا تاوانە.

ڕێکخراوەکانی ئەفریقای باشوور، ئاشکرای دەکەن کە نیزیکە ٣٠٠٠جار بۆردوومانی عەفرین کراوە، بەو هۆیەشەوە خەڵێکی زۆر گیانیان لە دەستداوە، بە هەزاران کەس بوونە پەنابەر و خانووەکانیان ڕووخێنراوە.

مافە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکرێت و تاوان ئەنجام دەدرێت

لە درێژەی ئەو نامە سەر ئاوەڵەیەدا هاتووە؛ ''مافی سەروەری خاک و یەکپارچەیی سووریا پێشێل دەکرێت. هێرشی تورکیا بۆسەر گەلی عەفرین، بە شێوازێکی ئاشکرا پێشێلکردنی مافە نێودەوڵەتییەکان و سەروەری و یەکپارچەیی خاک و ئازادی گەلانی سووریایە".

''هێرشی تورکیا لەسەر هاووڵاتیانی مەدەنی عەفرین نابێ بێ سزا بمێنێتەوە و بێ‌دەنگی نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوە پەیوەندیدارەکان، ناڕاستن و لە جێی خۆیدانییە. گەلی عەفرین، چاوەڕوانی پشتگیری نێودەوڵەتییە و پێویستە وەڵامی ئەوە بدرێتەوە".

هێرش و پەلامارەکانی ئەردۆغان دەکەوێتە چوارچێوەی جاڕنامەی نەتەوە یەکگرتووەکان دەربارەی تاوانی ژینۆساید

لە بەشێکی دیکەی نامەکادا هاتووە؛ ''ئەو تاوانەی ڕژێمی ئەردۆغان لە هێرش بۆسەر عەفرین‌دا دەیکات، دەکەوێتە چوارچێوەی جاڕنامەی ساڵی ١٩٤٨ی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە کۆمەڵکوژی. هەر بۆیە پێویستە لێپرسینەوە لەو هێرش و تاوانکارییە بکرێ".

بۆ پێشگرتن لە هەڵمەتی قڕکردن کە دەوڵەتی تورکیا لەدژی عەفرین دەستی داوەتێ، پێویستە نەتەوەیەکگرتووەکان و دەزگە پەیوەندیدارەکانی سەر بەو ڕێکخراوەیە، بەپەلە وەخۆ کەون. هەروەها داواش لە یەکێتیی پارێزەرانی دێمۆکراتیکی نێونەتەوەیی- ئای‌ئێی‌دی‌ئێڵ و ئەمنیستی ئینتێرناشناڵ-ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤی نێودەوڵەتی، دەکرێت کە لە دژی ئەو تاوانانەی تورکیا ئەنجامی داوە، دۆسیە بکەنەوە.