کەجەدەکە-ئوروپا؛ بانگەوازی چالاکی دەکات بۆ عەفرین

کەجەدەکە-ئە، دەربارەی هێرشی دۆێنێ ئێوارەی دەوڵەتی تورکیا لەسەر هاووڵاتیان، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوا لە کوردستانیانی ئەورووپا لە بەرامبەر ئەو ڕەشەکوژییە بێدەنگ نەمێنن و بڕژێنەسەر شەقامەکان.

دیوانی هاوسەرۆکایەتی کۆنگرەی کۆمەڵگەی دیموکراتی کوردستانیانی ئەورووپا(کەجەدەکە-ئە)، بەیاننامەیەکی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند؛ ''دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر، بە ئاشکرا و دوور لە هەموو پێوانێک خەریکی کۆمەڵکوژییە. بە شێوازێکی نامرۆڤانە بۆردوومانی خەڵکی سیڤیل دەکات. ئێمە هەستینە سەرپێ و بڕژێینە سەر شەقامەکان.

کاروانی خەڵکی مەدەنی کە لە جزیر و فوراتەوە دەیانەویست بچنە عەفرین، لە ئێوارەدا لە نزیک شاری عەفرین بوونە ئامانجی بۆردوومانی هاوکاری ڕووسیا و سوپای  تورکیا و کۆمەڵکوژ کران.

''دەوڵەتی تورکیا کە بە پشتیوانی ڕووسیا دەستی داوەتە ڕەشەکوژ کردنی خەڵکی مەدەنی، بە تانک، تۆپ و فڕۆکە هێرشیان کردە سەر ئەو سیڤیلانەی کە لە هەرێمەکانی جزیر و فراتەوە بەرەو عەفرین کەوتبوونە ڕێ. ئەو کۆمەڵکوژییە لە لایەن سوپای تورکیا و بە هاوکاری ڕووسیا و گرووپە جیهادییەکان پێکهات. کەسانی خاوەن کەرامەت، بە ویژدان، ولاتپارێز، شۆڕشگێڕ و دێموکرات پێویستە لەدژی ئەو کۆمەڵکوژییە بڕژێنە گۆڕەپانەکان و ئاستی تێکۆشانیان بەرز کەنەوە.

لە بەرانبەر بەو ڕەشەکوژییە کە لە پێش چاوی هەموو جیهان بە شێوازێکی زۆر دڕندانە و نامەردانە لە دژی گەلی کوردستان کرا، بێدەنگ مەمێنن، هەستنە سەرپێ و بڕژێنە کۆڵانەکانەوە.

دەبێ ئێمە بزانین کە بەیانی زۆر درەنگە. بۆیە دەبێ هەر ئێستا هەموو شوێنێک بکەینە عەفرین. کرامەتی ئێمە گرێدراوی بەرزکردنەوەی تێکۆشانە. نەڕژانە شەقامەکان بەواتای پەسەند کردنی ئەو هیرشە نامەردانەیەیە".

لە کۆتایی بەیاننامەکەی کەجەدەکە-ئەدا، داوا لە هەموو گەلی وڵاتپارێز، شۆڕشگێڕ و ڕای گشتی دێموکراتی لە ئەورووپا دەکرێت کە لە دژی ئەو وەحشیگەرییە بڕژێنە گۆڕەپانەکان.