گەل لە دژی بەخاکسپاردنى فرانکۆی دیکتاتۆر لە کڵێسەیەکدا رژانە سەر شەقامەکان

بنەماڵەى ئەو هاووڵاتییە ئیسپانییانەى، کە لە کاتى دیکتاتۆرییەکەى فرانکۆدا کوژراون، لە دژی بەخاکسپاردنى تەرمی فرانکۆ لە کڵێسەیەکدا رژانە سەر شەقامەکان.

فرانسیسکۆ فرانکۆ سەرۆکى رژێمى فاشیستیى ئیسپانیا بوو، کە بەهۆی شەڕی ناوخۆیى ئیسپانیاوە (١٩٣٦-١٩٣٩)دا لە ئیسپانیا دەسەڵاتى گرتە دەست و لە ساڵی ١٩٧٥دا مرد و تاوەکو کاتى مردنەکەى ئیسپانیای دیکتاتۆرانە بەڕێوەبرد.

لە شەڕی ناوخۆیى ئیسپانیادا زیاتر لە ٥٠٠ کەس کوژران. لەکاتى دەسەڵاتى دیکتاتۆریى فرانکۆدا و لە دواى شەڕی ناوخۆیش هەزاران کۆماریخواز و ئۆپۆزسیۆن لەلایەن فرانکیستەکانەوە ئەشکەنجەکران و کوژران.

کاتێک فرانکۆ لە ساڵی ١٩٧٥دا مرد تەرمەکەى لە  مەزارگەیەکى دەوڵەتدا بەخاکسپێردرا، کە تەرمی هەزاران فرانکیستی و کۆماریخوازیشى تیادایە. دواتر بڕیاردرا تەرمەکەى فرانکۆ لەو مەزارگەیە ببرێتە دەرەوە، بەڵام ئێستا دەوترێت بڕیاردراوە تەرمەکەى ئەو دیکتاتۆرە لە کڵێسەى گەورەی کاسیدراڵ لە شاری مادریدی پایتەختى ئیسپانیا بەخاک بسپێردرێت، کە تەرمی کچەکەشی لەو کڵێسەیەدا بەخاکسپێردراوە.

بڕیاری بەخاکسپاردنى تەرمی فرانکۆی دیکتاتۆر لە کڵێسەى گەورەى کاسیدراڵ ناڕەزایەتیى لێکەوتەوە و گەل کۆبوویەوە و خۆپیشاندانێکى ناڕەزایەتییان رێکخست.

لە خۆپیشاندانەکەدا دروشمەکانی "فرانکۆ لە کاسیدراڵ بکرێتە دەرەوە" و "مادرید بە بێ فرانکۆ" و "دادپەروەری" دەوترانەوە.

چالاکوانەکان رایانگەیاند، لە دژی ئەوەن، کە تەرمی فرانکۆی دیکتاتۆر لە کڵێسەى گەورەی کاسیدراڵ بەخاک بسپێردرێت.

تاوەکو ئێستا روون نەبووەتەوە، کە ئاخۆ تەرمەکەى فرانکۆى فاشیست هەر لەو کڵێسەیەدا بەخاک دەسپێردرێت یان لە شوێنێکى تردا بەخاک دەسپێردرێت، بەڵام بەخاکسپاردنى تەرمی ئەو دیکتاتۆرە فاشیستە لە کڵێسەى کاسیدراڵ، کە تەرمی کچەکەى فرانکۆشی تیادا بەخاکسپێردراوە، بابەتێکە، کە گفتوگۆ و مشتومڕی لەبارەوە دەکرێت.

ر.م