بەرهەم ئەحمەد: ئامانج لە شانۆی 'نا ڕەوا' پیشاندانی شەڕی داگیرکارییە

دەرهێنەری شانۆی 'نا ڕەوا' بەرهەم ئەحمەد ئەوەی دیاریکرد لەم شانۆیەیدا، شەڕی داگیرکاری لە کوردستاندا پیشان دەدات.

بە پاڵپشتی دەستەی کولتور و هونەری کانتۆنی عەفرین و شەهبا، پێنجەمین فێستیڤاڵی میتان بە دورشمی "گەڕانەوە نزیکە، ئێمە بە هیواین" لە ١٠ی کانوونی دووەم دەستپێکرد. لە ڕۆژی چوارەمدا شانۆگەرییەک بەناوی 'نا ڕەوا' لە دەرهێنانی بەرهەم ئەحمەد، لە لایەن هەردوو شانۆکار بەرهەم ئەحمەد و نوسەر و شانۆکار نالی عەسکەرەوە، کە لە شاری کەرکوکەوە هاتبوون، نمایشکرا.

شانۆکار و دەرهێنەر بەرهەم ئەحمەد، باسی ئامانجی شانۆکە و خەونی هاتنە ڕۆژئاوای کوردستانیکرد.

'بینینی ڕۆژئاوای کوردستان بۆ من وەک خەونێک بوو'

بەرهەم ئەحمەد، ئەوەی دەرخست لەگەڵ شانۆکار نالی عەسکەر شانۆی 'نا ڕەوا' بە شێوەزاری زمانی سۆرانی نمایشکرد و وتی: " سەرەڕایی گەمارۆدانی هەرێمەکە، بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە لە کەرکوکەوە هاتینە هەرێمی شەهبا. لە لایەن شانۆکاران و دەرهێنەرانی هەرێمی شەهبا و عەفرینەو پێشوازییەکی گەرممان لێکرا. یەکەم جارمە دێمە ڕۆژئاوای کوردستان. خەونێک بوو بۆمن کە ڕۆژێک بێمە ڕۆژئاوای کوردستان و بە شانۆیەک خزمەتی کولتور و هونەری  گەلی ڕۆژئاوا بکەم".

'ئامانج پیشاندانی هێرشی داگیرکارییە'

ئەحمەد باسی لەوەکرد بە ئامانجی 'هەموو ژن و پیاوێک لەسەر زەوی ئەکتەرن لەم شانۆیادا' دەستیان بە پیشاندانی شانۆی خۆیان کردوە و وتی: "کاتێک دەڵێم کارەکتەری شانۆی، مەبەستم لە گەلە. کارەکتەری شانۆیی ڕۆڵی بینەر دەبینێت و بینەریش ڕۆڵی کارەکتەری شانۆیی دەگێڕێت. من لە شانۆکەمدا ڕەخنەی کارەکتەری شانۆیم کردوە، هەروەها ژیانی هەرچوار پارچەی کوردستانم ڕەخنە کردوە کە لە ژێر داگیرکاریدایە. هەڵبژاردن و نوسینی ئەم شانۆیە کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر من دروستکرد. چونکە گوزارشت لە ڕاستینەی کوردان دەکات. بە درێژایی مێژوو وڵاتانی دراوسێ هێرشیان کردوەتە سەر کورد و کوردستان، ئامانج لەم شانۆگەرییە، پیشاندانی شەڕی داگیرکارییە لە کوردستان کە دژی مرۆڤایەتی و گەلی کورد".