ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری و تەڤ-دەم بە بۆنەی جەژنی چوارشەممەی سوور پەیامێکیان بڵاو کردەوە

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا و بزووتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکراتیک (تەڤ-دەم) بە بۆنەی جەژنی چوارشەممەی سەری نیسانی ئێزیدییەکان پەیامی پیرۆزباییان بڵاو کردەوە.

جەژنی چوارشەممەی سوور

ئیدارەی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا، بەبۆنەی چوارشەممەی سوور ئێزدیەکانەوە پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە سەرەتای پەیامەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە کۆمەڵگەی ئێزدی یەکێکە لە کۆنترین و ڕەسەنترین گەل و پێکهاتەکانی میزۆپۆتامیا، بە میراتی کولتووری و بەها مرۆییەکانیان، ڕۆڵێکی گەورەیان لە پەرەسەندنی شارستانیەتی مرۆڤایەتیدا گێڕاوە.

تەڤ-دەم لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە گرنگی چوارشەممەی سوور کردووە وبەم بۆنەوە پیرۆزبایی لە هەموو ئێزدییەکان دەکات. هەروەها داوا دەکات هاووڵاتییە ئێزدییەکانی ناو کەمپەکانی باشووری کوردستان بگەڕێنەوە بۆ شەنگال سەر خاکی خۆیان.

دەقی پەیامەکەی تەڤ دەم بەبۆنەی جەژنی چوارشەممەی سوور، بەم شێوەیەی خوارەوەیە:

"بە هاتنی جەژنی چوارشەممەی سوور، پێش هەموو شتێک، گەرمترین پیرۆزبایی و سڵاوی خۆمان ئاراستەی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان دەکەین کە بەڵێنی دا ئێزیدییەکان لە خائین و تیرۆریستان بپارێزرێت و توانی بە هەڵوێستە نەتەوەیی و ئەخلاقیەکانی، ڕۆح، کولتوور و مێژووی ئەم باوەڕە ڕەسەنە زیندوو بکاتەوە و لە کۆمەڵگای کوردستان و هەموو پێکهاتەکانی هەرێمەکەدا شوێنی شایانی دیاری بکات. هەروەها پیرۆزبایی ئاراستەی تەواوی گەلی کورد به تایبەتی کوردانی ئێزدی، سەرجەم بنەماڵەی شەهیدان، شەڕڤانانی بەرخۆدێر دەکەین که لە پاراستن و ڕزگارکردنی ئێزدییەکان له دەستی چەتەکانی داعش، بەشدارییان کردووه.

بەپێی مێژووی ڕۆژهەڵات چوارشەممەی سوور لە سەرەتای مانگی نیساندا بەڕێوەدەچێت. ئەم جەژنە بەپێی باوەڕی ئیزدییەکان سەرەتای دروستبوونی گەردوون، ژیان و سروشتە. هەروەها بەردەوامی ئاوەدان کردنەوەی بناغە و بنەماکانی فەلسەفەی ژیانی سروشتی نوێیە. چوارشەممەی سوور یەکەم هەنگاوە بۆ بنیاتنانی بەرزترین نرخ و ئەخلاقی مرۆڤایەتییە، کە دواتر بوو بە یاسای پێکەوەژیان لە نێوان هەموو کۆمەڵگاکان لە شارستانییەتی مرۆڤایەتیدا.

میراتی چوارشەممەی سوور لە ڕۆحی بنەڕەتی ئەفسانەی ئێزدییەوە سەرچاوە دەگرێت. جەژنێکی باوەڕی و نەتەوەییە کە مانا و بەهای مێژوویی گەورەی هەیە. چوارشەممەی سوور نوێنەرایەتی بنەما یەکسانی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، ڕێزدانان، ئاشتی و ئارامی دەکات. ئەم پرەنسیپە هەمووی بە ڕێگەی پڕۆژەی نەتەوەی دێموکراتیک لە ئەزموونی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا جێگیر کراوە.

لەکاتێکدا کە گەلانی هەرێمەکە جەژنی چوارشەممەی سووری ئەمساڵ دەگێڕن، هێشتا کۆمەڵگەی خۆڕاگری ئێزدی لە شەنگال و دەرەوەی وڵات ڕووبەڕووی سەختی و زەحمەتی گەورە بوونەتەوە. هۆکارەکەی، پیلانی سیاسی و ڕێککەوتنەکانی دەوڵەتی داگیرکەری تورک و پارتی دیموکراتی کوردستان پەدەکە و حکوومەتی عێراقە کە بەپێچەوانەی ئیرادەی کۆمەڵگای ئێزیدیمان بەڕێەوە دەچێت. کە ئامانجیان دوورخستنەوەی ئێزیدییەکانە لە بواری سیاسی عێراق و باشووری کوردستانە.

لە عەفرین و سەرێکانی ڕۆژانە دژی کوردانی ئێزدی تاوان ئەنجام دەدرێت. ئامانج ڕەوایەتیدانە بەو تیرۆر و دڕندەییانە کە لە ژێر چاودێری دەوڵەتی داگیرکەری فاشیستی تورکدا بە مەبەستی لەناو بردنی کولتوور و مێژوویی کۆمەڵگای ئێزدییەکانە.

بەم بۆنەیەوە سڵاو و پیرۆزبایی ئاراستەی هەموو گەلانی هەرێمەکە، هەموو ئایین و بیروباوەڕی و کولتوورەکان بە تایبەتی کوردانی ئێزدی دەکەین و ئەم جەژنە مێژووییە ڕەسەنەیان دیسان لێ پیرۆز دەکەین. هیوادارین ئەم جەژنە ببێتە هۆی ئیرادەی ڕۆحێکی سیاسی ئازاد.

هەروەها داوا له سەرجەم هێزه سیاسی و نەتەوەیی کورد و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ومەدەنی دەکەین کە له پێناو پاراستنی ئیراده و دەستکەوتەکانی ئێزدییەکان هاوکاری ئێزدییەکان دکەن. هەروەها گرنگی بە سەرکەوتنە سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکانی ئێزیدییەکان دەدەن.

هەروەها داوا لە هەموو ئاوارەکانی ناو کەمپەکانی باشووری کوردستان دەکەین بگەڕێنەوە شەنگال سەر خاک و پەیوەندیی، یەکێتی خۆیان بە بەرخۆدانی شەنگال پتەوتر بکەن لە پێناو تێکشکاندنی ئەو پلان و ڕێککەوتنانەی کۆمەڵگەی ئێزیدییەکانی ڕووبەڕووی مەترسی کۆمەڵکوژی نوێ دەکاتەوە.