لەشاری سلێمانی ناساندن بۆ ڕۆمانی هێپتا کرا

لە ڕێکخراوی ئازادبوون لەشاری سلێمانی مەراسیمێک بۆناساندنی ڕۆمانی هێپتا ئەنجامدرا، لەنوسینی محمد صادق بوو، شەهلا فەیزوڵا کاری وەرگێڕانی بۆ کردووە.

لە شاری سلێمانی، لەهۆڵی ڕێکخراوی ئازادبوون، بە ئامادەبوونی کۆمەڵێک نوسەر و وەرگێڕ و هونەرمەند، ناساندن بۆ ڕۆمانی هێپتا کرا کە هونەرمەندی میسری محمد صادق نوسیویەتی و شەهلا فەیزوڵا وەریگێڕاوە بۆ زمانی کوردی.
لەسەرەتای مەراسیمەکەدا ئامادەبووان خولەکێک بۆ گیانی پاکی شەهیدانی نیشتیمان وەستان، پاشان لەلایەن ڕۆماننوس سارای پایز وتەیەک پێشکەشکرا. لە وتەکەیدا سارای پایز باسی لە ڕۆڵی شەهلا فەیزوڵا کرد لە بواری نوسینی چیرۆک و وەرگێڕاندا و بەرز نرخاندی.

پاشان عەلی عەزیز، وەرگێڕ و چیرۆکنووس وتەیەکی پێشکەشکرد، لە وتەکەیدا تیشکی خستەسەر هەوڵەکانی شەهلا فەیزوڵا  لە بواری نوسین و وەرگێڕاندا و دەستخۆشی لێکرد.

دواتر شەهلا فەیزوڵا وتەیەکی پێشکەشکرد، دەستپێکی قسەکانی بەخێرهاتنی میوانەکانی کرد و سوپاسی کردن کە ئامادەبوون لە مەراسیمی ناساندنی کتێبەکەیدا، خۆشحاڵی خۆی دەربڕی بە ئامادە بوونیان.

پاشان باسی لەوە کرد، کە پێش خوێندنەوە و وەرگێڕانی ڕۆمانەکە بە فیلم ڕۆمانەکەی بینیوە، دواتر خوێندویەتیەوە و بیرۆکەی وەرگێڕانی ئەو ڕۆمانەی لا درووست بوو.

شەهلا فەیزوڵا ئەوەشی خستەڕوو: کە یەکەم کاریەتی لە بواری وەرگێڕاندا، بۆیە زۆرترین کاتی پێبەخشیوە و زۆرترین هەوڵی بۆی داوە، تا بەجوانترین شێوە بیخاتە بەر دیدی خوێنەرانی.

لە کۆتایی مەراسیمەکەشدا ئامادەبووان رۆمانی "هێپتا"یان بە واژۆی وەرگێڕەوە وەرگرت.