ماندێلا و ئۆجالان؛ شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی ئازادی

پرۆفیسۆر محەمەد رەفعەت ئەل-ئیمام لە وتارێکدا بە ناونیشانی "ماندێلا و ئۆجالان: شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی ئازادی" باسی لەوەکردووە کە یەکیان بۆ ئازادی گەلەکەی لە ژێردەستەیی ستەمکاران تێکۆشا و ئەوەی دیکەشیان ژیانێکی ئازادی بونیادنا.

ئەندامی ئەنجومەنی میسر بۆ کاروباری دەرەوە و راگری پێشووی کۆلێژی هونەری زانکۆی دەمنهوری میسر پرۆفیسۆر محەمەد رەفعەت ئەل ئیمام بە ناونیشانی "ماندێلا و ئۆجالان: شەوەزەنگی درێژ تا بەرەبەیانی ئازادی" لەبارەی ژیانی سەرۆکی پێشووی ئەفریقای باشوور و رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان وتارێکی نوسیوە.  پرۆفیسۆر دکتور محەمەد لە وتارەکەیدا ئەم داوایەی ئاراستەی هەموو کەس کردووە، "با وانە لەو هەڵمەتەوە فێربین کە لە ئەفریقای باشوور بۆ ئازادی ماندێلا دەستیپێکرابوو. هەربۆیە پێویستە ئازادی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکەین. بۆ ئەوەش پێویستە لە هەموو شوێنێک تێکۆشان ئەنجام بدرێت".

لە وتارەکەی پرۆفیسۆر محەمەد رەفعەت ئەل ئیمامدا هاتووە، "بێگومان لەمرۆدا دوو تایبەتمەندی لە کەسایەتی دوو قارەماندا بەرجستەبوونەوە، یەکیان بۆ ئازادی گەلەکەی لە ژێردەستی ستەمکاران و ئەوەی دیکەشیان بۆ بونیادنانی ژیانێکی ئازاد تێکۆشا. ئەمانیش هەردوو شەڕڤانی ئازادی ئەفریقای باشوور نێلسۆن ماندێلا و رێبەری رۆشنبیر عەبدوڵا ئۆجالانن".

ئەوەشی خستووەتەڕوو کە "سەرباری ئەوە لە کات و شوێنی جیاواز و دوور لە یەکدا ژیاون، بەڵام لێکچوونیان زۆرە، لە رووی ژیان و قۆناغەکانی تێکۆشانیانەوە و ئەوەی ئەندێشەکانیان بە جیهاندا بڵاوبووەتەوە".

روونیشیکردووەتەوە، "ریشەی هەردوو سەرکردەکە واتە نێلسۆن ماندێلا و رێبەری رۆشنبیر عەبدوڵا ئۆجالان دەگەڕێتەوە بۆ گوند، ماندێلا لە گوندی مڤێزی ترانسکەی لەدایکبووە و لەوێوە دەستی بە چالاکیەکانی کردووە و ئۆجالانیش لە گوندی ئامارای ناوچەی خەلفەتی رحا لەدایکبووە.

ئەو شوینەی ماندێلا تیایدا دەژیا زۆرینەیەکی رەشپێستی ئاوارەی، چەوساوە بوون کە تیایدا کەمینەیەکی سپی پێستی دەسەڵاتدار ستەمیان دەکرد و هیچ مافێکیان بە زۆرینەی رەشپێست رەوا نەدەبینی. ژینگەی مرۆیی ئۆجالان (ئاپۆ) زۆرینەی لە کوردانی باشووری رۆژهەڵاتی تورکیا پێکدەهات، هەروەها پێکهاتەکانی وەک تورکمان، تورکی مسوڵمان، ئاشووری، سوریان و ئەرمەنیش لەو ناوچەیە دەژیان.

ئەو دوو رێبەرە نەوەیەک یان دوو نەوە جیاوازیان هەبوو. بە چوار ساڵ دوای شەڕی جیهانی دووەم لە ٤ی نیسانی ١٩٤٩دا ئۆجالان لەدایکبوو.

ماندێلا و ئۆجالان پەروەردەی سەرەتاییان لە گوند بینی، دواتریش بۆ ئامادەیی چوونە نزیکترین شاری ناوچەکەیان، ماندێلا لە هیلینتاب خوێندی و رێبەر ئۆجالانیش لە نزیبی دیلۆک درێژەی بە خوێندندا".

هەر لە درێژەی وتارەکەیدا پرۆفیسۆر محەمەد رەفعەت ئەل ئیمام چەند لێکچوونێکی دیکە لە نێوان ژیانی نێلسۆن ماندێلا و رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالانی بەم جۆرە خستووەتەڕوو، " هەردوو سەرکردەکە لە تافی لاوێتی و سەرەتای گەنجیاندا شارە بچوکەکانیان جێهێشت کە ئاسۆیەکی سنورداریان هەبوو، بەرەو شارە گەورەکان چوون کە جوڵەی سیاسی و کۆمەڵایەتیان تێدابوو. ماندێلا روویکردە ژوهانسبورگ و ئۆجالانیش بۆ خوێندن رووی کردە ئەنقەرە.

هەردووکیان بە رۆحێکی گەورەوە لەپێناو ناسمانەی گەلانی ژێردەستە و چەوساوە خۆڕاگریان کرد و تێکۆشانێکی بێ وچانیان بەڕێوەبرد.

بناغەی کەسایەتی ماندێلا-ئۆجالان تا سەرەتای گەنجی و تا ئەو کاتەی لە خوێندنگەی ئامادەیی بوو کەسایەتیەکی ئایینی بوو. بەڵام دواتر مەیلیان بەرەو مارکسیزمەوە چوو. کاتێک ماندێلا خۆشەویستی بەرەو تاقیکردنەوە و پیادەکردنی مارکسیزم لە ئەمریکای لاتین لەلای دروست بوو، ئاپۆ لە رێگەی فەیلەسوف لیۆ هوبێرمانەوە سەرنجی بەلای وێژەی مارکسیزم، بەتایبەتی ئەلفوبێی سۆسیالیزم رادەکێشرێت.

ئەو دوو گەنجە بە ناوی ماندێلا و ئۆجالان لە قۆناغی زانکۆدا بەشی خوێندنی یاسایان هەڵبژارد، بەڵام ماندێلا دوای تەواوکردنی خوێندن لە شاری پڕئاڵۆزیی ژوهانسبورگ وەک پارێزەر دەستبەکاربوو، ئۆجالانیش لە زانکۆی ئەستەنبوڵەوە چووە زانکۆی ئەنقەرە و لە بەشی زانستە سیاسیەکان درێژەی بە خوێنددا (پایزی ١٩٧١).

پێشەنگایەتیان بۆ خۆپیشاندانی خوێندکاران کرد

لە قۆناغی زانکۆدا بەردی بناغەی لایەنی تێکۆشانی دەرونی ماندێلا و ئۆجالان داندرا. لە شاری ژوهانسبورگی بە ئاپارتاید تەنراو، شۆڕشگێڕێکی رەشپێست لە دژی ئەنجامەکانی هەڵبژاردنی نایاسایی سەندیکاکانی خوێندکاران ناڕەزایەتی دەربڕی. لە چەقی قڕکردنی کولتوری لە دژی کوردان بە تایبەتی لە زانکۆی ئەنقەرە، گەنجێکی گەنم رەنگ لە دژی کوشتنی تێکۆشەری ئازادی ماهیر چایان و هەڤاڵانی لە ئاداری ١٩٧٢ پێشەنگایەتی خۆپیشاندانی خوێندکارانی کرد.

یەکەم پێکدادان بەرامبەر بە دەسەڵاتداری

لە سەرەتای منداڵیانەوە هەردوو گەنجە شۆڕشگێڕەکە لەبەرامبەر دەسەڵاتی کۆلۆنیالیست تێکۆشانی بێهاوتایان دەستپێکرد. لە ژوهانسبورگ ماندێلا بۆ ماوەی پێنج ساڵ قاچاخ بوو، لەلایەن دەسەڵاتی فاشیستی سپیەکانەوە داواکرابوو.

لە ئەنقەرە کاربەدەستانی تورک لە نیسانی ١٩٧٢دا خوێندکارێکی زانکۆی تەمەن ٢٣ ساڵیان گرت و ٧ مانگ خستیانە زیندانەوە. بابەتێکی سەرنجڕاکێش ئەوەیە، کە ئەگەر نیسانی ١٩٤٩ مانگی لەدایکبوونی ئۆجالانبوو، نیسانی ١٩٧٢ مانگی لەدایکبوونی شۆڕشگێریی ئاپۆیە".

نوسەر لە درێژەی وتارەکەیدا کۆمەڵێک لێکچوونی دیکەی نێوان نێلسۆن ماندێلا و رێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان باس دەکات، بەتایبەتی دوای توندبوونەوەی گوشارەکانی، ئەوان هەردووکیان گوڕیان بە تێکۆشانیاندا و لەو رووەوە نوسیویەتی:

"ئەو مرۆڤانەی دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات

گوشارەکانی ژوهانسبورگ و زیندانکردن لە ئەنقەرە بوونە مایەی بەرزبوونەوەی جوڵەی تێکۆشانی ماندێلا و ئۆجالان.

لە ئەفریقای باشوور ماندێلا پێشەنگایەتی گەنجانی کۆنگرەی نیشتمانیی ئەفریقای کرد کە لە بەرامبەر ستراتیژیەکانی ئاپارتایدی حکومەتی کەمینەی سپی پێستی فاشیست وەستابوونەوە.

لە هەمان کات دەبێت بوترێت رێبەر ئۆجالان بۆ ناساندنی ناسنامەی گەلی کورد رۆڵی پێشەنگایەتی لە ئەستۆ گرت و دەستی بە تێکۆشان کرد. جارێکی دیکە بڕوایان بەو مرۆڤانە بەخشیەوە کە دڵیان بۆ ئازادی لێدەدات.

رێبەری ئەفریقای باشور و رێبەری رۆشنبیری کورد ستراتیژی تێکۆشانی ئاشتیانەیان وەک گروپێکی ئایدۆلۆژیک-سیاسی لە دژی دوژمنە فاشیستەکەیان گرتەبەر. لە باشووری کیشوەری ئەفریقا ماندێلا میکانیزمێکی کۆنکرێتی پەسەند کرد کە سودی لە ئەزمونی گاندی لە هیندستان وەرگرتبوو. بە مەبەستی راکێشانی سەرنجی هەموو لایەنەکانی دەرەوە بۆ سەر مەترسی و کارەساتی سیاسەتی ئاپارتاید. ماندێلا لەناو کۆمەڵانی کرێکاران پرۆپاگەندەی کرد و لەبارەی چۆنێتی و راستی حکومەتەوە وانەی گرنگی پێدان. لە پایتەختی تورکیاش ئۆجالان لەگەڵ حەقی قەرار، کەمال پیر و کەسانی دیکە  لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی بیستەمەوە مانیفیستۆیان نوسی. واتە رێگەی شۆڕشی کوردستانیان کردەوە.

مزگێنی شۆڕش

لەهەمان کاتدا ماندێلا لەپێناو شۆڕشدا چەندین هەنگاوی گرنگی نا و بووە نمونەیەکی زیندوو بۆ گەلی ئەفریقای باشور. هەروەها تێکۆشانی ئاپۆیی گەیشتە قۆناغێکی بەهێز و لەماوەیەکی کەمدا مزگێنی بڵاوکردنەوەی شۆڕشیدا، کە بزوتنەوەکە بزوتنەوەیەکی گەلە. بە تایبەتی لە چەند ناوچەیەک بەم جۆرە شۆڕشیان دەستپێکرد؛ ئامەد، ئاگری، دێرسیم، خارپێت، دیلۆک و رحا.

تێکۆشانی چەکداری                     

لەپای نەبوونی ئەنجامی ئەرێنی بەرچاو لە گۆڕەپانی تێکۆشانی ئاشتیانە، هەردووکیان سود و ئیلهامیان لە ئەزمونی تێکۆشانی چەکداری وەرگرت و رێکخراوی شۆڕشگێری چەکدارییان دامەزراند.

ماندێلا لە باشووری کیشوەری ئەفریقا باسکی چەکداری کۆنگرەی نیشتمانی دامەزراند، بە دروشمی بەهێزی تینگا تێکۆشان لە دژی ئاپارتایدی بەرزکردەوە و لە جەزائیر کە وڵاتی یەک ملیۆن شەهیدە پەروەردەی سەربازی بینی.

ئاپۆ لە ئامەدی سەرچاوەی ژیانی کوردستان پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)ی دامەزراند و ناوەندی سەرەکی تێکۆشانەکەی گواستەوە بۆ بەیروت و لەگەڵ گروپە چەکدارە فەلەستینیەکان پەروەردەی بینی. لە ناوەڕاستی ئابی ١٩٨٤دا پەکەکە لە بەرامبەر ئەنقەرە کە لە مەرەش، مەلەتی، سەمسور و خارپێت کۆمەڵکوژی ئەنجامدابوو و کاربەدەستانی تورک لە زیندانی ئامەد بە شێوەیەکی روون روخساری دڕندەی خۆیان نیشاندابوو، دەستی بە تێکۆشانی چەکداری کرد.

هەردوو رێبەرەکە رێگەی ئازادییان نیشاندا

هەردوو رێبەر ماندێلا و ئۆجالان تووشی زیندابوون. یەکەمیان نزیکەی ٣٠ ساڵ و دووەمیشیان نزیکەی چارەکە سەدەیەکە. دوای ئەوەی ماندێلا ئازادکرا، ئەفریقای باشوری بەرەو وەرچەرخانی دیموکراتیک برد، کولتوری لێبوردەیی بەرامبەر بە کەمینەی سپی پێست گرتەبەر، تۆڵەسەندنەوەی رەتکردەوە و بەم جۆرە ئاشتی و ئارامی چەسپاند.

رێبەر ئاپۆ لە زیندانی ئیمراڵیدا لەپێناو گەلی کورد نەخشەرێگەی ئازادی سازکرد و رێگەی گەلانی رۆشن کردەوە".

لە کۆتایی وتارەکەیدا پرۆفیسۆر محەمەد رەفعەت ئەل ئیمام نوسیویەتی: "من داوا لە شارەزایانی مافەکانی گەلانی ئازاد دەکەم کە وەک رۆژی ماندێلا واتە ١٨ی تەمووز، هەموو ساڵێک ٤ی نیسان وەک رۆژی ئاشتیی ئۆجالان بناسێنن.

هەروەها یەکجار پێویستان ئێمە لەو کەمپین و هەڵمەتەی کە لە ئەفریقای باشور بۆ ئازادی ماندێلا دەستیپێکرابوو وانە فێربین. بۆیەش پێویستە کە ئازادی رێبەر عەبدوڵا ئۆجالان مسۆگەر بکەین. بۆ ئەوەش پێویستە لە هەموو شوێنێک تێکۆشان بکرێت".

هـ . ب