شلەی قوڕاو خواردنێکی نەریتی کوردەوارییە

شلەی قوڕاو خواردنێکی نەریتی کوردەوارییە و لە ناوچەکانی باشوری کوردستان ئامادە دەکرێت.

قوڕاو خواردنێکی کوردەوارییانەی باشوری کوردستانە، لە گوندەکانی دەوروبەری شاری ڕانیە و قەلادزێ زیاتر ئامادە دەکرێت و گەرچی بەهۆی پێکهاتەکانی ناوییەوە زیاتر بە خواردنێکی بەهارییانە هەژمار دەکرێت، بەڵام لە ئیستادا هەندی کات لە وەرزەکانی تریشدا لێدەنرێت.

پێکهاتەی سەرەکی قوڕاو پێکهاتوە لە گۆشتی گیسک و ماستی مەڕ و پەلکە پیاز و جاترە، خوێ و ڕۆن و ئاویش بۆ لێنانەکەی بەکاردەهێنرێت.

چۆنییەتی ئامادەکردنی:

سەرەتا گۆشتەکە ورد دەکرێت و لە ناو مەنجەڵێکدا رۆنی بۆ دەقرچێندرێت و پیازەکەی تێدا سوردەکرێتەوە، پاشان گۆشتەکەی  تێدەکرێت ولەناوی سوردەکرێتەوە، دواتر ئاو و خوێی بە پێی پێویست تێدەکرێت و سەری دەندرێتەوە تا گۆشتەکە بە باشی دەکوڵێت.

لەدوای کوڵانی گۆشتەکە ماستەکە تیایدا خاو دەکرێتەوە و لەگەڵ گۆشتاوەکە تێکەڵ دەکرێت، بۆ ماوەی پێنج بۆ حەوت خولەک تا کاتێک ماستەکە دەکوڵێت بەردەوام تێکدەدرێت ( مای دەهێندرێتەوە) و پاشان گیای جاترەی تێدەکرێت و بۆ ماوەی پانزە خولەک لەسەر ئاگرێکی هێواش جێدەهێلدرێت و ئامادە دەبێت.

بە وتەی خەڵکی ناوچەکە لەبەر خۆشی خواردنەکە زیاتر بۆ میوانی و بۆنە و ئاهەنگەکان ئامادە دەکرێت.

هـ . ب