ئەو ژنە فەرەنسییەی کچێکی ئێزیدی بەکۆیلە کردبوو، بە تاوانی جینۆساید دادگایی دەکرێت

هاوڵاتییەکی فەرەنسی لە سوریا کچێکی ئێزیدی کردبووە کۆیلە، لە فەرەنسا بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و جینۆساید تۆمەتبارکرا.

سۆنیا م. کە هاوژینی ئەمیرێکی پێشووی داعشە و لە سوریاوە گەڕاوەتەوە فەرەنسا، لە ١٤ ی ئادار لە فەرەنسا بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی و قڕکردن تۆمەتبارکرا، گوماندەکرێت ئەم ژنە فەرەنسییە کچێکی ئێزدی کردبێتە کۆیلەی خۆی.

ڕاگەیاندراوە، ئەو کچە ئێزیدییەی ئێستە تەمەنی ٢٥ ساڵە، لە تەمەنی ١٦ ساڵی لەلایەن بەرپرسی ئۆپەراسیۆنەکانی دەرەوەی چەتەکانی داعش عەبدولناسر بەنی یوسف (ئەبو موسەنا)وە کڕدراوە.

ئاژانسی فرانس پرێس لە سەرچاوەیەکی نزیکی لێکۆڵینەوەکەوە زانیویەتی، فەرماندەکەی داعش بڕیاری گرتنی هەیە بە تاوانی هێرشێکی شکستخواردوو لە ساڵی ٢٠١٥ لە گەڕەکی ڤیلێجیوفی پاریس.

بەگوێرەی هەواڵەکان، ئەو کچە ئێزیدییە ڕایگەیاندووە، ڕۆژانە ڕووبەڕووی ستەم و چەوساندنەوە بۆتەوە.

بەگوێرەی هەواڵەکە لە دانیشتنی پێشووی دادگا لە مانگی شوبات، ژنە ئێزیدییەکە گوتویەتی لە بەهاری ٢٠١٥ بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک لە سوریا ڕاگیراوە، بەبێ مۆڵەتی سۆنیا م. نەیدەتوانی بخوات و بخواتەوە و خۆی بشوات.

هەروەها کچە ئێزدییەکە ئاشکرای کردووە، سۆنیا م. دوو جار توندوتیژی بەرامبەر کردووە و دەزانێت هاوژینەکەی دەستدرێژی کردۆتەسەری.

سۆنیا ئێم کە لە 14ی ئازاردا لەلایەن دادوەرێکی لێکۆڵینەوەی دژە تیرۆرەوە لێپرسینەوەی لەگەڵدا کراوە، نکۆڵی کرد لەوەی توندوتیژی بەرامبەر کچەکە نواندبێت، بەڵام پشتڕاستی کردەوە کە هاوژینەکەی پێشووی "تەنها جارێک دەستدرێژی کردۆتەسەری".

ئەو کچە ئێزیدییەی لە مانگی ئابی ٢٠١٤ لە باشووری کوردستان ڕفێندرابوو، فرۆشرابووە بنەماڵەیەکی داعش. لە ساڵی ٢٠١٤ هێرشی قڕکردن کرایە سەر شەنگال و هەزاران کچ ڕفێنران و کرانە کۆیلەی ڕەگەزیی. هێشتا چارەنووسی چەندین ژن و کچ نازانرێت.

پارێزەری کچە ئێزیدییەکە، ڕۆمەین ڕویز ئەگەر دادوەری لێکۆڵینەوە بڕیاربدات بەوەی کە سۆنیا م. لە دادگای باڵای تاوانەکان دادگایی بکرێت، ئەوکات دۆسیەکە دەبێتە یەکەم دۆسیە کە بە تاوانی دژی مرۆڤایەتی دادگایی بکرێت.